عوسمان سێدەری: دابەشكردنی مووچە بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا گرنگ بوو

:: PM:08:26:29/06/2022 ‌

پەرلەمانتارێكی كوردستان رای دەگەیەنێت كە دابەشكردنی مووچە بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا كارێكی زۆر باش و گرنگە، دووپاتی كردەوە كە بەو هیوایەوەن چیتر هەرێم لە چاوەڕوانی دەستی دراوسێكانی نەبێت كە پارە و مووچە بنێرێت بۆ فەرمانبەران و خۆی مووچە دابەش بكات.

ئەمڕۆ چوارشەم عوسمان سێدەری، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و هەموو چین و توێژەكان چاوەڕێی ئەوەیان لە حكوومەت دەكرد كە پێش جەژن مووچە دابەش بكات، بۆیە دابەشكردنی مووچە پێش جەژن جێگەی دڵخۆشییە، هەرچەندە پێویستە هەموو مانگێك لە كاتی خۆیدا مووچە بدرێت و فەرمانبەران لە دڵەراوكێدا نەبن.

زیاتر گوتی، هەوڵێكی باشە مووچە پێش بكەوێت بۆ وادەی خۆی، ئێستە نرخی نەوت بەرز بووەتەوە و حكوومەت داهاتێكی باشتری لەبەردەستدایە، روونی كردەوە، دابەشكردنی مووچە بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا گرنگی خۆی هەیە كاتێك داهاتی هەرێم بەشی مووچە بكات، ئەوە زۆر باشترە لە چاوەڕوانی ئەوەی كە حكوومەتی بەغدا پارە بنێرێت یان نەینێرێت و هەردەم لە چاوەڕاونی بین، كە پێدانی مووچە مافێكی رەوای فەرمانبەرە.
سێدەری: ئەوەی لە چاوەڕوانی شێوی دراوسێكانی بێت بەبێ شێو سەر دەنێتەوە
ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی یەكێتی دووپاتی كردەوە، دەڵێن "ئەوەی لە چاوەڕوانی شێوی دراوسێكانی بێت بەبێ شێو سەر دەنێتەوە"، بۆیە بەو ئومێدەین كە لە داهاتوودا لە چاوەڕوانی دەستی درواسێكانمان نەبین و بەهیوای پارە و داهاتی ئەوان نەبین، بەڵكو لە داهاتی خۆمان مووچەی فەرمانبەران بدەین، بەوەیش جارێكی تر متمانە بۆ هاووڵاتی دەگەڕێنینەوە. 

شایەنی باسە ماوەی دوو مانگە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەبێ بەغدا مووچە دابەش دەكات، لەو دوو مانگەیش وادەی دابەشكردنی مووچە پێشكەوتووە، ئەم مانگەیش مووچەی فەرمانبەران پێش جەژن دابەش دەكرێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل