سەرۆکی حکوومەت بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی سەرجەم چەکە بێ مۆلەتەکانی دا

:: PM:12:57:30/06/2022 ‌
مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری داخستنی سەرجەم شوێنەکانی فرۆشتنی چەک دا و هاوکات فەرمانی داوە دەست بەسەر هەموو ئەو چەکانەدا بگیرێت مۆڵەتیان نییە.

مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بڕیارێکی فەرمیدا دەڵێت ''ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆم ڕاسپارد هەرچی شوێنی چەک فرۆشتن هەیە دابخرێن و هەرچی چەکی بێ مۆڵەتە دەستی بە سەردا بگرن، بۆ ئەوەی چیتر نەبنە ھەڕەشە بۆ سەر ژیانی خەڵک. ''

ئاسایشی خەڵک و وڵات ناکەنە قوربانی خراپکاران و قاچاخچییان و هەلپەرستان


ئەو پێداگری لەوە کردووە کە ئاسایشی خەڵک و وڵات ناکەنە قوربانی خراپکاران و قاچاخچییان و هەلپەرستان. هاوکات داواشی لە خەلکی کوردستان کرد، چەکی بێ مۆڵەت ڕادەستی حکوومەت بکەن و خۆیان بەشدار بن لە پرۆسەی پاککردنەوەی کوردستان لە چەکی بێ مۆڵەت، دواتر بە پێی یاسا، بابەتی مامەڵەکردن بە چەک ڕێک دەخرێتەوە.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە دادگاکانیش کرد، چاوپۆشی و کەمتەرخەمی لە جێبەجێکردنی یاسا نەکەن و دڵنیاشی کردنەوە کە بە هەموو شێوەیەک، پاڵپشت و هاوکاریان دەبێت.

پێویستە بگوترێ بەهۆی هەبوونی چەکی بێ مۆڵەت دیاردەی کوشتن لە هەرێمی کوردستان زیادی کردووە و هەر لە چەند رۆژی رابردوودا دوو مامۆستای زانکۆ کوژران و ئەمڕۆکەش لە هەولێر دوو کەسی تر بەهۆی دەستڕێژی فیشەک گیانیان لەدەست دا.


وشە - سلێمان تاشان