سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێمی كوردستان، زانیاری نوێی له‌سه‌ر 20 هه‌زار یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون بۆ كرێنشینان راگه‌یاند كه به بڕیاری مه‌سروور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان، بڕیاره له پارێزگا و ئیداره سه‌ربه‌خۆكان دروست بكرێ.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 30ی حوزه‌یران، د. محه‌مه‌د شوكری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان رای گه‌یاند، له ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ی ڕابردوودا پڕكردنه‌وه‌ی فۆرمی دابه‌شكردنی 20 هه‌زار یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون ده‌ستی پێ كردووه، تا ئێسته 90 هه‌زار كه‌س له پارێزگا و ئیداره سه‌ربه‌خۆكان فۆرمیان پێشكه‌ش كردووه و پرۆسه‌كه تا دووی تهمووز به‌رده‌وام ده‌بێت.
یه‌كه‌كان سێ جۆر شوقه‌ی جیاوازن
ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه، جگه له‌و خێزانانه‌ی ژیانی هاوسه‌رگیرییان پێكهێناوه، ئه‌و كوڕ و كچانه‌ی كه ته‌مه‌نیان له 30 ساڵ زیاتره و ژیانی هاوسه‌رگیرییان پێك نه‌هێناوه، مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه فۆرمه‌كه پڕ بكه‌نه‌وه و شوقه‌كان به‌پێی ژماره‌ی دانیشتووان به‌سه‌ر پارێزگا و ئیداره سه‌ربه‌خۆكاندا دابه‌ش ده‌كرێت.
سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێمی كوردستان گوتی، یه‌كه‌كان سێ جۆر شوقه‌ی جیاوازن، به‌شێكیان 80 مه‌تری و به‌شێكیان100 مه‌تری و به‌شێكی تریان 120 مه‌تری ده‌بێت.
له‌باره‌ی شێوازی وه‌رگرتنی پاره‌كه كه پرسیاری زۆری لای هاووڵاتییان دروست كردووه كه پێشه‌كیی شوقه‌كه چه‌ند ده‌بێت؟ د. محه‌مه‌د شوكری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان، ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه ڕێژه‌ی 30% نرخی شوقه‌كه له كه‌سانی سوودمه‌ند وه‌رده‌گیرێت وه‌ك پێشه‌كی، بڕی پاره‌ی قه‌رزه‌كه له ماوه‌ی 12 بۆ 15 ساڵ به قیستی مانگانه ته‌واو ده‌كرێت.
ئه‌و قسانه‌ی سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێمی كوردستان، له میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ئه‌مڕۆی له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان هاتووه.