عێراق چۆن بە نەوت و سامانە سروشتییەكانەوە دەوڵەمەندە، ئاوهایش بە گەندەڵی و گەندەڵكاران، بۆیە دەوڵەمەندییەكەی لەسەر دۆخ و بژێوی خەڵكەكەی رەنگ ناداتەوە و خەڵكەكەی لە دۆخێكی بژێوی و دەروونی زۆر خراپدان، لە فڕۆكەخانەی نەجەف لەسەر گەندەڵی لە دۆسیەی كڕینی گسكی كارەبایی دەبێتە دەمەقاڵی.
سەرچاوەیەك لە فڕۆكەخانەی نەجەف رای گەیاند كە دەمەقاڵییەكی توند و هەڕەشەكاری لە نێوان عەقیل فەتلاوی، پەرلەمانتاری عێراق و بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی نەجەف رووی داوە، دۆخەكە بە دەركردنی پەرلەمانتارەكە كۆتایی هاتووە.
نرخی هەر گسكێك گەیشتووەتە پێنج هەزار دۆلاری ئەمەریكی
بەپێی سەرچاوەكە ئەو پەرلەمانتارە سەردانی فڕۆكەخانەكەی كردووە بۆ ئاگەداربوون و سەیركردنی چەند گرێبەستێكی فڕۆكەخانەكە، كە گومانی هەبوونی گەندەڵی گەورەیان لێ دەكرێت، لەوانەیش دۆسییەی كڕینی گسكی كارەبایی، كە نرخی هەر گسكێك گەیشتووەتە پێنج هەزار دۆلاری ئەمەریكی.
فڕۆكەخانەی نەجەف یەكێكە لە فڕۆكەخانە گرنگەكانی عێراق، بەهۆی پێگە و گرنگیی شارەكە لە رووی مەزەوییەوە، ساڵانە سەتان هەزار موسڵمانی شیعە سەردانی مەزار و شوێنە پیرۆزەكانی نەجەف و كەربەلا و سامڕا و بەغدا دەكەن.
گومانی بوونی گەندەڵی لە فڕۆكەخانەی نەجەف نوێ نییە، كە تا ئێستە نازانرێت داهاتی ئەو فڕۆكەخانە بەتەواوەتی بۆ كوێ دەچێت، بەتایبەتی كە ئیدارەكەی بەسەر هەموو هێزە سیاسییە شیعە باڵادەستەكانەوە دابەش بووە، واتە پشكیان هەیە.