کورتەی فیلمی "هەژدە و نۆزدە" بەرهەم هێنرا

:: PM:11:01:01/07/2022 ‌
کورتە فیلمی "هەژدە و نۆزدە" لە دەرهێنانی ڕۆژە حەسەن بەرهەم هات و بەم نزیکانە نمایش دەکرێت، کورتە فیلمەکە لە بەرهەمەکانی "ڕیکخراوی خەڵکە بۆ گەشەپێدان".

لەبارەی ناوەڕۆکی کورتە فیلمەکەوە دەرهێنەر "ڕۆژە حەسەن" بە "وشە"ی گوت، مەبەست لە گوزارشتی "هەژدە و نۆزدە" کۆد و دەلالەتی تایبەتی خۆی هەیە و هەژدە بەمانای ئەو کچە دێت کە لە خانەی بێ سەرپەرستانە و نۆزدەش بە واتای کۆدی کێلی دایکی کچەکە دێت کە لە گۆڕستانی بێ ناوان نێژراوە.

زیاتر گوتی، چیرۆکی ئەم کورتە فیلمە لە واقیعی ئەم کۆمەڵگایە وەرگیراوە و ئێمە دەمانەوێت بەم کارانە زیاتر هۆشیاری بدرێتە کۆمەڵگه‌ دەربارەی ئەو حاڵەتانە و ئاشنا کردنیان بە خەڵکانی بێ لانە و بێ سەرپەرشت، هه‌روه‌ها ڕێز لە بوون و هەستیان بگیرێت.

ڕوونى كرده‌وه‌، ئەم چیرۆکە بێ سنوور هەستی منی جوڵاند و بە تەواوی کاریگەری لەسەر دانام و چەندان جار گریاندوومی، بۆیە ئەمە وای کرد بە جوانترین و تۆکمەترین شێوە بینووسمەوە و هەموو هەوڵی خۆم بدەم بۆ تەواو کردنی.

ئاماژه‌ى كرد، کورتە فیلمەکە لە بەرهەمەکانی ڕێکخراوی خەڵکە بۆ گەشەپێدان و لە ئێسته‌دا تەواو بووە و بەمزووانە نمایش دەکرێت.

ڕۆژە حەسەن دەرهێنەرە و لەشاری سلێمانی دادەنیشێت و چەندان کار و بەرهەمی ترى ناوازەی هەیە.

سلێمانى/ ئاسان محەمەد


وشە - محەمەد میران