خولی نایابی پێشمەرگەی كوردستان.. ئەمڕۆ دوو یاریی گرینگ بەڕێوە دەچێت

:: AM:11:21:30/03/2017 ‌

لە چوارچێوەی یارییەكانی گەڕی سێیەمی قۆناغی چوارگۆشەی زێڕینی خولی نایابی پێشمەرگەی كوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەم 2 یاریی گرینگ بەڕێوە دەچێت.

یارییەكان لە سەعات 3:30ی دوای نیوەڕۆ بەڕێوە دەچن، لە یاریی یەكەمدا یانەی شێروانە لەنێو یاریگە و هاندەرانی خۆی لە شاری كەلار رووبەڕووی یانەی پێشمەرگەی هەولێر دەبێتەوە.

یانەی پێشمەرگەی هەولێر كە بە یەكێك لە بەهێزترین یانە پاڵێوراوەكان دادەنرێت بۆ بەدەستهێنانی ناسناوی ئەمساڵی خولی نایابی پێشمەرگەی كوردستان، دەیەوێ لەو یارییەدا 3 خاڵی گرینگ بەدەست بێنی َو بەسەربەرزی بگەڕێتەوە هەولێر و خانەیەكی تر لە بەدەستهێنانی ناسناوەكە نزیك بێتەوە.

یانەی شێروانەش هەوڵ دەدات بە پشتبەستن بە یاریگە و جەماوەر یارییەكە بباتەوە و لە ریزبەندییەكانی یەكەمی قۆناغەكە نزیكتر بێتەوە.

لە یاریی رابردوودا یانەی پێشمەرگەی هەولێر بەشێویەكی چاوەڕواننەكراو لەنێو یاریگەی و هاندەرانیدا بە ئەنجامی 1-2 گۆڵ بەرامبەر یانەی نەورۆز دۆڕا بوو.

لە یارییەكی تریشدا ئەمڕۆ پێنجشەمە لە شاری سلێمانی یانەی نەورۆز لەنێو یاریگەی سلێمانی مێونداریی یانەی كەركووك دەكات، یانەی نەورۆز كە ئێستا بە كۆكردنەوەی 4 خاڵ و بەجیاوازی گۆڵ لەگەڵ یانەی شێروانە لە ریزی یەكەمی یانەكانی قۆناغی چوارگۆشەی زێڕینی خولی نایابی پێشمەرگەی كوردستان دێت، هەوڵ دەدات 3 خاڵی تەواوی یارییەكە بەدەست بێنێ بۆ ئەوەی ریزبەندی یەكەمی قۆناغەكە بەرنەدات.

لەبەرامبەریشدا یانەی كەركووك دەیەوێ یەكەم سەركەوتن بەدەست بێنێ بۆ ئەوەی لەنێو هاوكێشەی ركابەرییەكان دوور نەخرێتەوە.

یانەی كەركووك لە گەڕی رابردووی خولەكەدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە گۆڵێكی بێ وەڵام بەرامبەر یانەی شێروانە دۆڕا بوو.

دوای ئەنجامدانی 2 یاریی رابردوو، رێزبەندی ئێستای یانەكانی قۆناغی چوارگۆشەی زێڕینی خولی نایابی پێشمەرگەی كوردستان بەمشێوەیە:-

1-    یانەی نەورۆز 4 خاڵ

2-    یانەی شێروانە 4 خاڵ

3-    یانەی پێشمەرگەی هەولێر 3 خاڵ

4-    یانەی كەركووك 0 خاڵ.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م