سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگه‌دار ئاشكرای ده‌كات كه هێزه ته‌ناهییه‌كانی عێراق له كرده‌وه‌گه‌لی ئازادكردنه‌وه‌ی مووسڵدا، تا ئێسته هه‌زار و 500 ئه‌ندامی داعشیان گرتووه و دووپاتی كرده‌وه كه دادگاكانی تایبه‌ت به تیرۆر له به‌ری چه‌پی مووسڵ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ده‌ستیان به‌كاركردن كردووه.
سه‌رچاوه‌كه له‌وباره‌وه رای گه‌یاند كه هێزه ته‌ناهییه‌كان توانیویانه هه‌زار و 500 ئه‌ندامی داعش بگرن له‌وه‌ته‌ی كرده‌وه‌گه‌لی ئازادكردنه‌وه‌ی شاره‌كه ده‌ستی پێ كردووه. روونی كرده‌وه كه دادگا تایبه‌ته‌كان له به‌ری چه‌پی شاره‌كه ده‌ستبه‌كار بوونه بۆ كۆكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه و گوته‌ی شایه‌تحاڵه‌كان و سزادانی ئه‌وانه‌ی تۆمه‌ته‌كانیان له‌سه‌ر ساغ ده‌بێته‌وه.
زیاتر گوتی، گرتنی ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی داعش له‌سه‌ر بنه‌مای شایه‌تی خه‌ڵكی ناوچه‌كه بووه كه ئه‌وان هاوكاری داعشیان كردووه یان چوونه‌ته ریزی ئه‌وانه‌وه. ئه‌وان یان له جه‌نگ و پاككردنه‌وه‌ی گه‌ڕه‌كه‌كان گیراون یا له جه‌نگ خۆیان به‌ده‌سته‌وه داوه.
سه‌رچاوه‌كه روونی كرده‌وه كه به‌ری راستی مووسڵ، خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی ده‌یان چه‌كداری داعشی بۆ هێزه‌كانی كاردانه‌وه‌ی خێرا و ده‌زگه‌ی نه‌هێشتنی تیرۆر به‌خۆیه‌وه بینی. دووپاتی كرده‌وه كه ئه‌و گیراوانه له‌ناو مووسڵ دادگایی ده‌كرێن به‌پێی ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی ده‌خرێته پاڵیانه‌وه.
له 17ی تشرینی یه‌كه‌می 2016 جه‌نگی ئازادكردنه‌وه‌ی مووسڵ ده‌ستی پێ كرد و تا 24ی كانوونی دووه‌می ئه‌مساڵ، توانرا نیوه‌ی چه‌پی شاره‌كه له داعش پاك بكرێته‌وه، له 19ی شوباتیش جه‌نگی ئازادكردنه‌وه‌ی به‌ری راستی شاره‌كه ده‌ستی پێ كرده‌وه و تا ئێسته جه‌نگه‌كه به سه‌ختی به‌رده‌وامه.
به‌ری راستی شاری مووسڵ له رووی رووبه‌ره‌وه له به‌ری چه‌پ بچووكتره و 40%ی رووبه‌ری شاره‌كه پێك دێنێت، به‌ڵام له رووی چڕی و ژماره‌ی دانیشتوانه‌وه قه‌له‌باڵغتره و به‌پێی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان نزیكه‌ی 800 هه‌زار كه‌س له‌و به‌ره‌ی شاره‌كه نیشته‌جێن، له‌و كاته‌ی سه‌رچاوه عێراقییه‌كان باس له 650 هه‌زار كه‌س ده‌كه‌ن.