لاسایی مریشك دەكاتەوە و كڕ دەكەوێت

:: PM:06:03:30/03/2017 ‌
دوای ئەوەی ماوەی دوو هەفتە لەناو قاڵبی ورچێكی وشككراوە و هەفتەیەك لەناو بەردێكی گەورە خۆی حەشار دا، ئەو جارەیان ئیبراهام بوانیشڤال هونەرمەندی فڕەنسایی دەستی بە نوێترین سەركێشییەكانی كرد و بە هاوشێوەی مریشك لەسەر هێلكە كڕ كەوت.

ئەو هونەرمەندە تەمەن 44 ساڵییە ئەوجارە هەوڵ دەدات لاسایی مریشك بكاتەوە و لەسەر 10 هێلكە لەناو ئەستیلكێكی شووشەیی كڕ بكەوێت و بە گەرمی لەشی وا بكات هێلكەكان بترووكێنێت و چاوەڕوان دەكرێت هەوڵەكەی لە نێوان 21 تا 26 رۆژ بخایەنێت.

ئەو هونەرمەندە كە مانگی رابردوو رای گەیاند كە بە گشتی دەبم بە مریشك، دەڵێ كە لەو رێگەیە هەوڵ دەدات مانای كات بۆ جۆرە جیاجیاكانی بوونەوەرەكان ئاشكرا بكات و باشترین رێگەش بۆ ئەوە چوونە ناو شتەكانە.

وەك لە وێنەكە دیارە بوانشیفال لەسەر كورسییەك دانیشتووە و هێلكەكانیش لەوناو ستیلكێكی شوشەیی جێگیركراو لەژێر كورسییەكەوە دانراوە و بە بەتانییەك خۆی داپۆشیوە بۆ بەرزركردنەوەی پلەی گەرمی لەشی بۆ پلەی داواكراو و لەو كاتانەشدا خۆراكی دیاریكراو وەك زەنجەفیل دەخوات بۆ بەرزركردنەوەی پلەی گەرمی لەشی.  

لەو كاتەدا ئەو رۆژانە تەنیا دەتوانێت ماوەی 30 خولەك شوێنی خۆی جێ بێڵێت بۆ خواردن و بۆ پاشەڕۆش سندووقێك بەكار دێنێت و ئەوەش یەكەم تاقیكردنەوەی ئەو هونەرمەندەیە لەناو دنیای زیندەوەراندا.

سەرچاوە: سپۆتنیك


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل