بۆ كارەبای زیرەك پارە لە هاووڵاتییان وەرناگیرێت

:: PM:06:09:30/03/2017 ‌
وەزیری گواستنەوە و گەیاندن فریكوێنسێكی تایبەت بۆ پڕۆژەی پێوەری زیرەكی كارەبا دابین دەكات و فریكوێنسییەكەش بەبێ بەرامبەر دەبێت و هیچ تێچوویەكی لەسەر هاووڵاتییان نابێت كە لەلایەن وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنەوە دابین دەكرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم لە كۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان مەولوود مراد، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن، هۆگر شاڵی، بریكاری وەزارەتی كارەبا بۆ گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەی پێوەری زیرەك كە تیایدا‌ لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە دابینكردن و چاودێری زیادەڕۆیییە‌‌كانی سەر كارەبای نیشتمانی دەكرێت.

بریكاری وەزارەتی كارەبا ‌ پڕۆژەی دانانی پێوەری زیرەك (پێوەری نوێ) بۆ تۆڕەكانی كارەبا و بۆ هەموو هاوبەشەكانی كارەبا لە ماڵان و كۆمپانیا و دام ودەزگە حكوومییەكانی خستە ڕوو و داوای كرد وەزارەتی گواستنەوە فریكوێنسێكی تایبەت بە وەزارەتی كارەبا بدات.

لای خۆیەوە وەزیری گواستنەوە و گەیاندن هاوكاریكردنی وەزارەتەكەی بۆ پڕۆژەی پێوەری زیرەك لەپێناو سەرخستنی پڕۆژەكە و ئومێدی گەڕاندنەوەی زۆرترین بڕی كارەبا بەشێوەیەكی یەكسان بەسەر هاووڵاتییان راگەیاند و وەك ئەركێك هاوكارییەكەی خستە سەر  وەزارەتی گواستنەوە.

وەزیری گواستنەوە و گەیاندن بڕیاری دا بەوەی فریكوێنسێكی تایبەت پێشكەش بكرێت بۆ پڕۆژەكە كە فریكوێنسییەكە بەبێ بەرامبەر دەبێت و‌ هیچ تێچوویەكی ناكەوێتە سەر هاووڵاتییان كە لەلایەن وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن دابین دەكرێت.


وشە - رامیار جەواد