حەوت حزبی توركمانی بەیاننامەیەكیان بڵاو كردەوە و رایان گەیاند، توركمان بەشێك بووە لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان و عێراق و رێزی لە پیرۆزییەكانی ئەم نیشتمانە گرتووە، بۆیە ئاڵای كوردستان بەئاڵای خاك و گەلی خۆی دەزانێت.
پێنجشەم 30ی ئاداری 2017 حەوت حزبی توركمانی لە بەیاننامەیەكدا رایان گەیاندووە، ئێمە وەك توركمانەكانی كوردستان رای دەگەیەنین پێكهاتەی توركمان بەشێك بووە لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان و عێراق و رێزی لە پیرۆزییەكانی ئەم نیشتمانە گرتووە، تا ئێستەش لەسەر ئەو ڕێبازە بەردەوامە، بۆیە ئاڵای كوردستان بەئاڵای خاك و گەلی خۆی دەزانێت.
ئەو حزبە توركمانانە دەڵێن، لەرووی یاسایی لە دەستووری عێراق و یاساكانی هەرێمی كوردستان ئەو ئاڵایە ناسراوە و لە دنیا و پێوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، بۆیە داواكارین لایەنەكانی تر واقیعییانە بیر بكەنەوە.
هەر لەو بەیاننامەیەدا حزبە توركمانییەكان ئاماژەیان داوە، بەرژەوەندی توركمان لە پێكەوەژیان و پاراستنی یەكڕیزی و نیشتمانیدایە و پێویستە هەوڵەكانمان چڕ بكەینەوە بۆ یەكخستنی هەڵوێست و ریزكانی برایەتی نێوان پێكهاتە ئاینییەكان و نەتەوەیییەكان.
ئەو حزبانەی بەیاننامەكەیان بڵاو كردووەتەوە بریتین لە پارتی گەپێدانی توركمانی و پارتی دیموكراتی توركمانی و كۆمەڵەی لیباڵی توركمانی و پارتی رزگاری توركمانی و پارتی رۆشنبیری توركمانی و بزووتنەوەی دیموكراتی توركمانی و پارتی گەلی توركمانی.
ڕۆژی 28ی ئاداری 2017 ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بەكۆی دەنگ بڕیاری هەڵكردنی ئاڵای كوردستانی لەسەر دامودەزگە فەرمییەكانی شاری كەركووك دەركرد و بڕیارەكەش كاردانەوەی توركمانەكانی بەدوادا هات و ئەمڕۆ توركمانەكان خۆپیشاندانیان ئەنجام دا.
ژمارەی كورسییەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ٤١ كورسین كە ٢٦ كورسییان لیستی برایەتییە، نۆ كورسی هی توركمانەكان و شەش كورسی تریش هی عەرەبەكانە.
بەگوێرەی بەڵگەنامە مێژوویییەكان، كەركووك شارێكی كوردستانییە و دڕندەترین رژێمی عێراقیش لە رێككەوتننامەی 11ی ئاداری 1970 ددانی بەوەدا نا، دواتر لە 1974 پاشگەز بووەوە و كورد شۆڕشی ئەیلوولی كرد بە قوربانی لە پێناو كەركووك. لە 2003 و كەوتنی سەدام، كورد و ئەمەریكا كەركووكیان ئازاد كرد و ئاڵای كوردستان لە دیوار و سەر باڵەخانەكانی ئەو شارە هەڵدرا. دواتر لە 2005 وەك ناوچەی كێشە لەسەری نێوان كوردستان و عێراق مادەی 140ی بۆ دانرا، بەڵام جێبەجێ نەكراوە. ئاڵای كوردستان جگە لە فەرمانگەكانی حكوومەتی، لەسەر هەموو بارەگاكانی حزب و دەزگەكانی سەربە كوردستان دەشەكایەوە لە 2003ـەوە، هێزی پێشمەرگە لە 2014 و هاتنی داعشەوە ئاڵاكەی بردە باشووری كەركووك و خۆی كرد بە خاوەنی پاراستنی شارەكە. رۆژی 28ی ئادار/مارسی 2017یش ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەنگی دا لەسەر هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەسەر فەرمانگەكانی حكوومەت، بەڵام عەرەب و توركمان لە كۆبوونەوەكەدا بەشدار نەبوون.