پرۆژه‌یه‌ك مەترسی تەناهی دەخاتە سەر باڵەخانەی پارێزگای سلێمانی

:: PM:06:22:30/03/2017 ‌
ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەبارەی دەروازەی پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوون لەشارەكە رای گەیاند، دەروازەی ئەو پڕۆژە نیشتەجێبوونە لەرووی تەناهیەوە بۆ هەردوو باڵەخانەی پارێزگا و ئەنجوومەنی پارێزگا شیاو نیە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 30ی ئاداری 2017 غالب محەمەد سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لەئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەڕێگەی نوسراوێكەوە داوای لەلایەنە پێوەندیدارەكانی شارەكە كردووە كە بەدواداچوون لەسەر دەروازەی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی دەروازە سیتی بكەن.

لەنوسراوەكەدا ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رای گەیاند، شار بە سیمای باڵاخانەكەی پارێزگار و ئەنجوومەن جوانە ، بەڵام ماوەی دوو ساڵە دەروازەی ( دەروازە سیتی ) لە بەردەم باڵه‌خانه‌ی ئەنجوومەن و پارێزگای سلێمانی بەرز كراوەتەوە و سیمایەكی ناشارستانی داوەتە باڵه‌خانه‌ی ئەنجوومەن و پارێزگای سلێمانی.

لەنوسراوەكەدا هاتووە، لە رووی تەناهیەوە دەروازەكە بۆ هەر دوو باڵەخانەی ئەنجوومەن و پارێزگا نەشیاوە، بۆیە داواكارین لەڕێگەی نوسراوێكەوە پارێزگاری سلێمانی و  شارەوانی سلێمانی و بەرێوبەرایەتی وەبەرهێنانی سلێمانی ئاگەدار بكرێنەوە و  دەست بەجێی ئەم دەروازەیە لابدرێت و لە شوێنێكی گونجاو دابنرێت.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی باسی لەوەش كردوە، ئەو زەویە موڵكی گشتیە نەك موڵكی كۆمپانیای دەروازە سیتی.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم