كەمێك لەمەوبەر سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان لەڕێگەی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر گەیشتە پایتەختی هەرێمی كوردستان لەلایەن مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و کەریم شنگالی، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لێکرا.
ئەمڕۆ پێنجشەم 30ی ئاداری 2017 ئەنتۆنیۆ گۆتەرێس، سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، گەیشتە بەغدا پایتەختی عێراق دوای مانەوەی بۆ چەند سەعاتێك لە شارەكە گەیشتە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان.
لەسەردانەكەیدا بۆ هەرێمی كوردستان سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە چەند پرسێكی سیاسی و پەیوەست بە ئاوارەكان و دۆخی ژیانیان و شەڕی چەكدارانی داعش تاوتوێ دەكات.
بەپێی پێشبینییەكان، چاوەڕوان دەكرێ سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكوومەت كۆ ببێتەوە و سەردانی كەمپی ئاوارەكان بكات.
ئەوە لەكاتێكدایە ڕۆژی 28ی ئاداری 2017 ئەنتۆنیۆ گۆتەرێس سەردانی ئوردنی كرد و بەشداری لە كۆبوونەوەی كۆمكاری عەرەبی كرد.