هەڵوێستی ئەمەریكا و رووسیا لەبارەی مانەوەی ئەسەد چییە؟

:: PM:08:16:30/03/2017 ‌
وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا رای گەیاند كە خەڵكی سووریا خۆیان چارەنووسی بەشار ئەسەدی سەرۆكی سووریا دیاری دەكەن، هاوكات وەزارەتی دەرەوەی رووسیا ئاماژە دەكات كە بەستنەوەی یارمەتیدانی سووریاییەكان بە نەمانی ئەسەد قبووڵ نەكراوە و ئەوە مافێكی گەلی سووریایە.

رێكس تێلرسۆن وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە میانی سەردانێكی بۆ توركیا چاوی بە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك و بناڵی یەڵدرم سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە كەوت و لەگەڵ مەولوود چاوەیش ئۆغلوی هاوتا توركیاییەكەی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشیان ساز كرد.

وتوێژی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا زیاتر لەبارەی دۆخی سووریا و جەنگی رەقە و دامەزراندنی ناوچەی ئارام و دژەفڕین لەو وڵاتە چڕ بووەوە و لەو بارەوە وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا رای گەیاند كە توركیا هاوبەشێكی ستراتیجییە لە جەنگ لە دژی داعش و ئەوان هاودیدن لەو بارەوە.

تیلرسۆن لەبارەی چارەنووسی بەشار ئەسەدی سەرۆكی سووریا لەئەگەری هەر چارەسەرێكی ئاشتییانە بۆ ئاڵۆزییەكانی ئەو وڵاتە زیاتر گوتی، خەڵكی سووریا خۆیان چارەنووسی بەشار ئەسەدی سەرۆكی سووریا دیاری دەكەن.

لای خۆیەوە ماریا زاخارۆڤ گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە مۆسكۆ رای گەیاند كە ئەوان هەڵوەستە لەسەر قسەكانی وەزیری دەرەوەی فڕەنسا لەبارەی بەستنەوەی یارمەتیدانی گەلی سووریا و گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەكان بە رۆیشتنی ئەسەد لە دەسەڵات دەكەن كە قسەیەكی ماقووڵ نییە.

زیاتر گوتی، پاریس رەنگە بەها مرۆییەكانی لەیاد كردووە، بێجگە لەوەش گەلی سووریا خۆیان مافی دیاریكردنی چارەنووسی خۆیان هەیە، بۆیە قسەكردن لەبارەی رۆیشتنی ئەسەد لە دەسەڵات لەگەڵ ئەو مافەی گەلی سووریادا ناگونجێت لەوانەش مافی دیاریكردنی سەركردەكانیان كە بەرەو دواڕۆژیان دەبەن. 

ئاڵۆزییەكانی سووریا پێی نایە حەوتەم ساڵ و تا ئێستەش بەردەوامە، ئەو جەنگەی كە بەتەواوەتی ئامانج و ئەنجامەكانی روون نییە بەهۆی زۆری لایەنە شەڕكەرەكان و جیاوازی ئەجیندا و مەبەستەكانیان، بەگشتی گەلی سووریا بووەتە قوربانی گەورە و تا ئێستە ملیۆنانی ئاوارە بوونە و بەدەست برسێتی و ماڵوێرانی دەناڵێنن، بێجگە لە ژمارەی زۆری كوژراو و بێ سەروشوێنەكانی.

سەرچاوە: ئەلعالەم


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل