سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان
كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە هاوكاری كردنی هەرێمی كوردستان كەمترخەم بووە

:: PM:11:30:30/03/2017 ‌
ڕۆژی پێنجشەممە 30ـی 3ـی 2017 مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر پێشوازی لە ئەنتۆنیۆ گۆتێرز سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و شاندێكی یاوەری كرد و پاش بەخێرهێنانی لە شاری هەولێر لەگەڵیدا كۆبۆوە.

ماڵپه‌ڕی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاو كردۆته‌وه‌ له‌ سه‌ر ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات سكرتێری گشتی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان رای گه‌یاندوه‌، هەموو هەوڵێكی دەخاتەگەڕ بۆ كۆكردنەوەی پشتیوانیی جیهانی بۆ هەرێمی كوردستان لە مەسەلەی ئاوارەكاندا. ئاماژەیشی بەوەدا كە ڕێكخراوەكەیان ئامادەیە هەماهەنگی و هاوكاریی تەواوی هەبێت لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان و هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەر كردنی كێشەكان بە تایبەت لە قۆناغی دوای داعش.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم:


لە كۆبوونەوەكەدا سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان سوپاسی سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستانی كرد كە سەرباری بوونی كێشە و تەحەدیات میوانداریی سەدانهەزار ئاوارەیان كردووە و ڕێز و پێزانینی خۆیشی بۆ پێشمەرگە نیشاندا كە بە چەك و ئیمكانیاتی كەم پەلاماری تیرۆریستانیان تێكشكاند و جیهان بە سەرسامی و ڕێزەوە سەیری ڕۆڵی پێشمەرگە و گەلی كوردستان دەكات.

هەروەها ئەوەیشی خستەڕوو كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان لە حەواندنەوەی ئاوارەكان كەمترخەم بووە و ڕایشیگەیاند كە هەموو هەوڵێكی دەخاتەگەڕ بۆ كۆكردنەوەی پشتیوانیی جیهانی بۆ هەرێمی كوردستان لە مەسەلەی ئاوارەكاندا. ئاماژەیشی بەوەدا كە ڕێكخراوەكەیان ئامادەیە هەماهەنگی و هاوكاریی تەواوی هەبێت لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان و هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەر كردنی كێشەكان بە تایبەت لە قۆناغی دوای داعش.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و شاندە یاوەرەكەی كرد و ڕایگەیاند كە هاتنیان بۆ كوردستان جێگەی دڵگەرمیی خەڵكی كوردستانە. یارمەتیدانی ئاوارەكانیشی بە ئەركێكی مرۆیی و نیشتیمانی لە قەڵەمدا و ڕایگەیاند لە ژێر هیچ پاساوێك نەدەكرا ئەو ئەركە جێبەجێ نەكەین. لە درێژەی گوتەكانیدا سەرۆك بارزانی باسی لە ڕووبەڕووبوونەوەی پێشمەرگە و تیرۆریستان كرد و ئاماژەی بەوەدا كە جێگەی شانازییە ئەفسانەی داعش لەسەر دەستی پێشمەرگە تێكشكاوە. هەروەها سوپاسی هێزی هاوپەیمانان و ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانی كرد كە یارمەتیی هەرێمی كوردستانیان داوە و خۆشحاڵیی خۆیشی نیشاندا كە هەماهەنگییەكی باش لەڕووی ئەمنی و سەربازییەوە لەنێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی سوپای عێراقیدا هەیە و سەركەوتنی گەورەی لێكەوتووەتەوە. لەبارەی ئاییندەی هەرێمی كوردستانیش سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە لە ئاییندەیەكی نزیكدا ڕیفراندۆم ئەنجام دەدرێت بۆ ئەوەی جیهان ئاگاداری ویست و بڕیاری خەڵكی كوردستان بێت لەبارەی دواڕۆژی خۆی.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سیاسیی عێراق و قۆناغی دوای داعش و ئەگەر و پێشهاتەكانی قۆناغی دوای ئازادكردنی شاری موسڵ.

هەڕەشەكانی هزری توندڕۆیی و تیرۆر و هەروەها ئاسەوارە خراپەكانی سیاسەتی تاییفەگەری تەوەرێكی دیكەی ئەم دیدارە بوو.


وشە - عه‌لی سدیق