پێشمەرگە لە دوو قۆڵەوە هێرشی كردە سەر داعش

:: AM:08:50:23/10/2016 ‌
بەیانی ئەمڕۆ یەكشەم هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە دوو قۆڵەوە دەستیان بە هێرش كردن بۆ سەر تیرۆریستانی داعش كردەوە و تا ئێستەش هێرشەكە بەردەوامە و پێشڕەوی تەواو لەلایەن پێشمەرگەوە كراوە و تیرۆریستانیان ورەیان ڕووخاوە و بەردەوامن لە شكست.

فەرماندەیی گشتیی هێزە چەكدارەكانی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی داوە كە لە سەعات 6:30ی ئەمڕۆ یەكشەم هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان دەستیان بە هێرشێك كردووە لە دوو قۆڵەوە لە نزیك باشیك و باكوری رۆژهەڵاتی مووسڵ.

هێمای بۆ ئەوەش كردووە، كە ئەو هەڵمەتەی پێشمەرگە دوای هێرشەكانی تری دێ كە بە سەركەوتووی هێزەكانی پێشمەرگە لە باكور و رۆژهەڵاتی مووسڵ ئەنجامیاندا لە چوارچێوەی هەڵمەتی پاككردنەوەی تیرۆریستان لە پارێزگای نەینەوا.

هێرشی پێشمەرگە بۆ ناوچەكانی باشیك لە كاتێكدایە پێشمەرگە چەند رۆژێكە شارەدێی باشیكی گەمارۆداوە و بەردەوامە لە پێشڕەوی كردن بۆ لەناوبردنی تیرۆریستان.

بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە" لە هێرشەكەی ئەمڕۆدا پێشمەرگە بە پلانی وردەوە پێشڕەوی بەرچاویان كردووە و تیرۆریستانیش توانای بەرگریان نییە بەرامبەر پێشمەرگە و لەوپەڕی ترس و هەرەسدان.

شارەدێی باشیك دەكەوێتە 12 كیلۆمەتر باكوری رۆژهەڵاتی مووسڵ و ناوچەیەكی كشتوكاڵی بەپیتە و زیاتر بە چاندنی زەیتوون بەناوبانگە و زۆرینەی دانیشتووانی ئێزدی و مەسیحین و هەریەك لە عەرەب و توركمانیش تێیدا نیشتەجێن، 24 گوندی بەسەرەوەیە و ژمارەی دانیشتووانی 70 هەزار كەس دەبێ و سەر بە شارۆكەی حەمدانییە و یەكێكە لە ناوچە گرنگەكانی دەشتی نەینەوا.

رۆژی 10ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 دوای ڕاكردنی نزیكەی 60 هەزار چەكدار لە چوار فیرقەی سەربازی سوپای عێراق و پۆلیسی ناوخۆیی شارەكە، تەواوی شاری مووسڵ كەوتە دەستی تیرۆریستانی داعش و پاش ئەوەی شارەكە داگیر كرا، ئەبوبەكر بەغدادی سەرۆكی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە مزگەوتێكی مووسڵ پەیامی بڵاو كردەوە و پاشان تیرۆریستان بەرەو ناوەڕاست و باشووری عێراق پێشڕەوییان كرد.

لە سەرەتاكانی مانگی ئاب/ئۆگستسی 2014، تیرۆریستان بەرەو كوردستان گەڕانەوە و پەلاماری ناوچە كوردستانییەكانیان دا بەرەو هەولێر هاتن و شارۆكەی مەخموور و گوێڕیان كۆنتڕۆڵ كرد، بەڵام لە شەوی 10 ئاب/ئۆگستسی 2014، فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا هاتنە وەڵام و یەكەم بۆردمانیان لە مەخموور و گوێڕ بۆ سەر تیرۆریستان ئەنجام دا.

رۆژی دووشەم 17 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر لە درەنگانی شەودا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستپێكی هەڵمەتی رزگاری شاری مووسڵی ڕاگەیاند و بۆ بەیانییەكەی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری خازر دەستیان بە پێشڕەوی كرد و توانیان تا نیوەڕۆ نۆ گوند لە تیرۆریستان پاك بكەنەوە ، هاوكات لە میحوەری گوێڕ-مەخموور و میحوەری گەیارەش هێزەكانی عێراق پێشڕەوییان كرد و هەڵمەتەكان لایەن هێزەكانەوە رۆژ دوای رۆژ بەردەوام دەبن و بازنەی گەمارۆدانی تیرۆریستان لە مووسڵ سات دوای سات بچووكتر دەبێتەوە.

مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراقە و یەكێكە لە شارە مێژوویییە بەناوبانگەكانی ناوچەكە و بەگوێرەی ئاماری 2013 ژمارەی دانیشتووانی، زیاتر لە دوو ملیۆن كەس دەبێت و هەریەك لە پێكهاتەكانی عەرەبی سونە و كورد و توركمان و مەسیحی و كوردانی ئێزیدی و شەبەك تێیدا نیشتەجێن، زێی دیجلە بەنێو شارەكە تێپەڕ دەبێت و كردوویەتی بە دوو بەشەوە و بە بەشی ڕاست و چەپی شارەكە ناوزەد كراوە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د