د. فرسه‌ت سۆفى ئه‌ندامى لیژنه‌ى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى له هه‌رێمى كوردستان، له دیدارێكى "وشه"دا ئاماژه به هه‌نگاوه‌كانى چاكسازى ده‌كات و جۆرێكی تری گه‌نده‌ڵیی به‌رپرسان ئاشكرا ده‌كات كه به‌وه‌ی "به‌رپرس هه‌یه له حزبى جیاوازن و به‌رژه‌وه‌ندى و گه‌نده‌ڵیى هاوبه‌شیان هه‌یه، بۆیه زۆرجار پێكه‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌ن پرۆسه‌كه بوه‌ستێنن".
سۆفى دووپاتی ده‌كاته‌وه كه ئێسته خه‌ڵك هه‌یه به‌هۆى گه‌نده‌ڵى له گرتووخانه‌دایه و ده‌ڵێت، "ژماره‌یه‌ك مه‌له‌فى سلكى سه‌ربازى له دادگان و هیتریشى به‌دوادا دێت".
ده‌مه‌وێت له‌وه‌وه ده‌ست پێ بكه‌م ئه‌نجامى لیژنه‌ى روبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى، هه‌ر ئه‌و راپۆرته بوو كه سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان بڵاوی كرده‌وه؟
بێگومان ئه‌و پرۆسه چاكسازییه‌ى ده‌ستى پێ كردووه، پرۆسه‌یه‌كى به‌رده‌وام ده‌بێت و ئه‌و راپۆرته‌ى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێم ته‌نیا كاره‌كانى ده‌زگه‌كانى چاودێرى و لێپرسینه‌وه بوو كه له ماوه‌ى رابردوو كاریان كردووه و به‌رهه‌مى كاره‌كانیان بڵاو كرایه‌وه، به‌ڵام پرۆسه‌كه به‌رده‌وامه و چاوه‌ڕوانى كاتێكى گونجاو ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى راپۆرتێكى تر له‌باره‌ى ئه‌نجامه‌كانى گه‌نده‌ڵى بڵاو بكه‌ینه‌وه، بگره ئێسته هه‌وڵه‌كان به‌و ئاراسته‌یه‌ن كه پرۆسه‌كه بكرێت به سه‌رانسه‌رى له هه‌رێمى كوردستان و ببێت به پرۆسه‌یه‌كى نیشتمانى و سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان به‌شدار بن، هه‌مووان تێگه‌یشتن بۆ ئه‌وه دروست بكه‌ن كه هیچ كه‌سێكى گه‌نده‌ڵكار پارێزبه‌ندى نه‌بێت، بۆیه به‌دڵنیایییه‌وه له ئاینده‌یه‌كى نزیكدا ئه‌نجامێكى تر‌ى پرۆسه‌ى چاكسازى و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى بڵاو ده‌كرێته‌وه.
راپۆرتى دووه‌م كه به‌نیازن بڵاوى بكه‌نه‌وه چى تێدایه، جارێكى تر كاره‌كانى ده‌زگه‌كانه یان شتى جیاوازى تێدایه؟
راپۆرتى ئه‌م جاره ئه‌نجامى كاره‌كانى لێكۆڵینه‌وه‌یه له‌و سێكته‌رانه‌ى كه پێشتر دیارى كرابوون له وه‌زیفه‌ى گشتى و نه‌وت و داهاتى گشتى و ده‌رمان و ته‌ندروستى. به‌دڵنیایییه‌وه ئه‌م جاره جیاواز له‌و سێكته‌رانه، ژماره‌یه‌ك شتى تریش هه‌ن له وه‌به‌رهێنان و كاره‌كانى ده‌سته‌ى ده‌سپاكى و چه‌ند سكێته‌رێكى تر ئه‌نجامه‌كه‌ى بڵاو ده‌كرێته‌وه، ئێسته سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌كان هاوئاهه‌نگى یه‌كتر ده‌كه‌ن بۆ به‌رده‌وامى ئه‌و پرۆسه‌یه‌ى بۆ چاكسازى و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى ده‌ستى دراوه‌تێ.
راپۆرتى یه‌كه‌م له‌باره‌ى چاكسازى هاووڵاتییانی رازى نه‌كرد، ئێوه‌ش وای ده‌بینن؟
پێمان وایه چاوه‌ڕوانى خه‌ڵكى كوردستان بۆ چاكسازى زۆر زیاتره له‌و راپۆرته‌ى بڵاو كرایه‌وه، ئه‌وه‌ش به‌هۆى زۆرى گه‌نده‌ڵى له كوردستان، به‌ڵام بێگومان رێگه‌ى هه‌زار میل له هه‌نگاوێكه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات، له‌به‌رئه‌وه‌ى ئیراده هه‌یه و پرۆسه‌كه به‌رده‌وامه، دڵنیاین له‌وه‌ى له ئه‌نجامدانى چاكسازى به‌ره‌وپێشه‌وه ده‌ڕۆین و له داهاتوو زیاتر ئه‌وه به‌ده‌ر ده‌كه‌وێت به‌تایبه‌ت كاتێك دێینه سه‌ر سزادانى ئه‌وانه‌ى له‌سه‌ر حیسابى ئه‌و میله‌ته ده‌وڵه‌مه‌ند بوون و ده‌ستیان چووه‌ته ناوماڵى خه‌ڵك، بۆیه ئه‌وه‌ى له پێشتر بڵاو كرایه‌وه، خواستنه‌كانى خه‌ڵكى تێر نه‌كردووه، به‌ڵام ئومێدى بۆ خه‌ڵك گه‌ڕانده‌وه و گرنگه خه‌ڵك بۆ به‌رده‌وامى پرۆسه‌كه پشتیوانى بكات و هیواكانیان له‌وباره‌یه‌وه زیاتر ببن.
هه‌نگاوه‌كانى لێكۆڵینه‌وه له كه‌یسه‌كانى گه‌نده‌ڵى چۆن ده‌چێته پێشه‌وه؟ باس له به‌ربه‌ستى سیاسى و حزبى ده‌كرێت؟
له هیچ شوێنێكى دنیا پرۆسه‌ى چاكسازى به‌بێ به‌ربه‌ست نه‌بووه و نابێ و ئه‌وانه‌یشى گه‌نده‌ڵییان كردووه، ژماره‌یان زۆره و خاوه‌نى ده‌سه‌ڵات و به‌رژه‌وه‌ندین، بۆیه هه‌ر هه‌نگاوێك بۆ سنووردانان و لێپرسینه‌وه كه ئیتر نابێ كارى وا بكه‌ن و قۆناغیان ته‌واو بووه، بێگومان به‌ربه‌ست دروست ده‌كه‌ن و تا دواسات به‌رگرى ده‌كه‌ن، به‌ڵام پرۆسه‌كه مه‌حاڵ نییه و ئاسانیش نییه، بێگومان به‌ربه‌رست هه‌یه، به‌ڵام ده‌توانین به‌ره‌وپێش بڕۆین ئه‌گه‌ر پرۆسه‌كه به حزبى نه‌كرێت.
ئێسته كێشه‌یه‌كمان هه‌یه له ده‌ڤه‌رى سلێمانى زۆرترین قسه له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵى ده‌كرێت، به‌ڵام كه‌مترین كردار بۆ دژایه‌تى و لێپرسینه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى هه‌یه، ده‌مانه‌وێت پرۆسه‌كه كاردانه‌وه نه‌بێت و به‌هێمنى بڕوات و ئه‌نجامى هه‌بێت، چونكه پرۆسه‌ى چاكسازى به‌قسه ناكرێت و پرۆسه‌یه‌كه پڕ له دڕكه، ئه‌مڕۆ بیبڕین باشتره له سبه‌ى، بۆیه له‌ژێر چاودێرى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پرۆسه‌كه به‌ڕێوه ده‌چێت و هه‌ست ده‌كه‌ین ئه‌م جاره جیاوازه له جاره‌كانى تر، ئیراده بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كه هه‌یه و ده‌مانه‌وێت پێوه‌ندى زیاتر له‌گه‌ڵ راى گشتى ببه‌ستین بۆ سه‌ركه‌وتنى پرۆسه‌كه.
وه‌ك گوتت له هه‌ر كوێ چاكسازی بكرێ به‌ربه‌ست دروست ده‌بێ، به‌ڵام له هه‌رێمى كوردستان به‌ربه‌سته‌كان ته‌نیا حزبین؟
ئه‌وانه‌ى به‌رژه‌وه‌ندییان له به‌رده‌وامى ئه‌و دۆخه‌دایه، به‌ربه‌رستى گه‌وره‌ن له به‌رده‌م چاكسازى و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى، زۆرجار چه‌ند كه‌سێك له دامه‌زراوه‌یه‌ك یان له هه‌ر شوێنێك كار ده‌كه‌ن له حزبى جیاوازن، به‌ڵام به‌رژه‌وه‌ندى و گه‌نده‌ڵى هاوبه‌شى كردوون، ده‌مه‌وێت بڵێم له كوردستان به‌رپرس هه‌یه له حزبى جیاوازن و به‌رژه‌وه‌ندى و گه‌نده‌ڵیى هاوبه‌شیان هه‌یه، بۆیه زۆرجار پێكه‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌ن پرۆسه‌كه بوه‌ستێت، سه‌ربارى ئه‌وه‌ى لاوازى هه‌ندێك له ده‌زگه‌كان رۆڵى هه‌یه وه‌ك به‌ربه‌ست كه په‌رله‌مانى كوردستان یه‌كێكه له‌وانه.
كه خۆتان ده‌زانن به‌ربه‌سته‌كان چین، بۆچى رووبه‌ڕوویان نابنه‌وه و له‌سه‌ر رێگه لایان ناده‌ن؟
رووبه‌ڕووى زۆر به‌ربه‌ست بووینه‌ته‌وه و ئه‌و پرۆسه‌یه به‌بێ به‌ربه‌ست ناڕوات، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان توانیویه‌تى له ڕێگه‌ى ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ى هه‌یه‌تى زۆر هه‌نگاو بنێت بۆ پێشه‌وه به‌جۆرێك كه بووه‌ته هۆى لێپرسینه‌وه و گیران و لادان و گۆڕانكارى كارگێڕى و له داهاتوو ئه‌نجامى نوێ له‌وباره‌یه‌وه ده‌بینین، به‌ڵام هێشتا پرۆسه‌كه قورسه و به‌ربه‌ست هه‌یه، به‌ڵام ده‌بێت بیكه‌ین، ئه‌گه‌ر نه‌یكه‌ین كارێك ده‌بێت له داعش مه‌ترسیدارتر.
به‌رده‌وام حزبه‌كانى به‌ده‌ر له پارتى و یه‌كێتى باسى ئه‌وه ده‌كه‌ن كه گه‌نده‌ڵكاران ته‌نیا له‌ناو ئه‌و دوو حزبه‌دان، ئه‌وه به‌فه‌رمى سه‌لمێنراوه؟
هه‌موو ئه‌وانه‌ى به‌شدار بوون له حكومڕانى هه‌رێمى كوردستان ئه‌گه‌ر به ڕۆژێك بێت یان به ساڵێك و 10 ساڵ، به‌شێكى به‌هه‌ده‌ردانى سامانى گشتیى كوردستان ده‌كه‌وێته سه‌رشانیان، به‌ڵام پارتى و یه‌كێتى زیاتریان به‌رده‌كه‌وێت و كه‌س له به‌رامبه‌ر گه‌نده‌ڵى فریشته نییه، هه‌ریه‌كه به‌جۆرێك كه‌مته‌رخه‌مى و به‌هه‌ده‌ردانى سامانى گشتى به‌ركه‌وتووه، بۆیه قسه‌كردن له‌باره‌ى گه‌نده‌ڵى ئاسانه، به‌ڵام له ناوه‌ڕۆكى بابه‌ته‌كه به‌و شێوه‌یه نییه.
بابه‌تى گه‌نده‌ڵى له پرۆسه‌ى نه‌وتدا فۆكسى زۆرى له‌سه‌ره له‌لایه‌ن راى گشتى، ئه‌ی بۆ ئێوه وه‌ك لیژنه‌كه چۆنه؟
به‌ڵێ، له‌و راپۆرته‌ى بڵاویشمان كرده‌وه له‌باره‌ى چاكسازى، یه‌كه‌م سێكته‌ر باسى نه‌وت كراوه و كارى له‌سه‌ر كراوه و ئێسته چاوه‌ڕوانى ئه‌و كۆمپانیایانه‌ین كه بۆ وردبینى له داهاتى نه‌وت هێنراونه‌ته كوردستان بۆ ئه‌وه‌ى له ڕێگه‌ى ئه‌و رێوشوێنانه‌وه گۆڕانكارى بكرێت، به‌ڵام پرۆسه‌ى نه‌وت و شه‌فافى پێویستى به په‌رله‌مانه، چونكه سندووقى داهاته‌كانى نه‌وت پێك نه‌هێنراوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌كرێت به‌شێك له‌و پرسه بچێته پێشه‌وه و نه‌وت به دامه‌زراوه‌یى بكرێت.
پێتان وایه به گۆڕانكاریى كارگێڕى و لابردنى وه‌زیره‌كان چاره‌سه‌رى كێشه‌ى گه‌نده‌ڵى بكرێت؟
ئه‌و بابه‌ته دوو سه‌ره‌یه، له سه‌ره‌تادا ده‌بێت سیسته‌م دروست بكرێت و خه‌ڵكى لێهاتوو بخرێته شوێنه‌كان، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سیسته‌م نه‌بێت، ئه‌وه خه‌ڵكى لێهاتوو هه‌بێت هیچ جیاوازییه‌كى له‌گه‌ڵ دۆخى ئێسته‌دا نییه، بۆیه ده‌بێت خه‌ڵكى لێهاتوو له سیسته‌مێكى باش‌دا هه‌بێت، چونكه ئه‌گه‌ر وانه‌بێت ناچینه پێشه‌وه، بۆیه ده‌بێت سیسته‌م و به‌رپرسه‌كان بگۆڕین، ده‌بێت له كوردستان سیسته‌مى پاداشت و سزادان به كرده‌یى جێبه‌جێ بكرێت و خه‌ڵكى لێهاتوو هان بدرێن بۆ كارى باشتر و سوودیان لێ وه‌ربگیرێت.
گرێبه‌سته‌كانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه و گه‌نده‌ڵى له سلكى سه‌ربازى زۆر باسى لێ ده‌كرێت، بۆ ئه‌وه‌یان هه‌نگاوى رژد چی بووه؟
خۆشبه‌ختانه له‌و به‌شه‌دا كارى باش كراوه و لیژنه‌كان رۆڵى خۆیان بینیوه، له ئاینده‌یه‌كى نزیكدا كۆمه‌ڵێك هه‌نگاوى گرنگ ده‌نرێت له‌سه‌ر مه‌له‌فه‌كانى پێوه‌ست به وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه و سلكى سه‌ربازى، ژماره‌یه‌ك مه‌له‌فى سلكى سه‌ربازى له دادگان و هیتریشى به‌دوادا دێت، چونكه لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌و سێكته‌ره به گرنگییه‌وه به‌رده‌وامى هه‌یه.
زانیارى هه‌یه ژماره‌یه‌ك فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه ئێسته گیراون؟
پرۆسه‌ى چاكسازى له سلكى سه‌ربازى به‌رده‌وامه، به‌ڵێ خه‌ڵك هه‌یه ده‌گیرێن و به ده‌سته‌به‌ری "كه‌فاله‌ت" ئازاد ده‌كرێن و دادگایى ده‌كرێن، به‌ڵام ناتوانین ورده‌كارییه‌كه‌ى باس بكه‌ین.
مه‌له‌فى گه‌نده‌ڵى له ته‌ندروستى و ده‌رمان كه پێوه‌ندى به ژیانى خه‌ڵك هه‌یه، بۆ ئه‌وه چى كراوه؟
به‌هاوئاهه‌نگى له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، هه‌نگاوى گرنگ نراوه و كۆمه‌ڵێك رێوشوێن دانراوه بۆ كۆنترۆڵكردن و كوالیتى ده‌رمان و كۆنترۆڵكردنى ده‌رمانى قاچاخ و كۆمه‌ڵێك پرسى گرنگ كه سه‌رجه‌م ئه‌نجامه‌كانى ئه‌و سێكته‌ره له ئاینده‌یه‌كى نزیك بڵاو ده‌كه‌ینه‌وه.
به‌ڵام خه‌ڵك گرتنى گه‌نده‌ڵكارانى ده‌وێت و سزادان و ناوهێنانى به‌رپرسانى لا گرنگه، تا ئێسته ناوى كه‌س بڵاو نه‌كراوه‌ته‌وه، بۆ؟
ته‌نیا له كوردستان خه‌ڵك ئه‌و خواسته‌ى هه‌یه و له هیچ شوێنێكى دنیا نییه ئه‌مڕۆ كه‌سێك له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵى بگیرێت و دواتر ناوى بڵاو بكرێته‌وه، ئێمه چاكسازى بۆ راگرتنى به‌هه‌ده‌ردانى سامانى گشتى ده‌كه‌ین نه‌ك قسه و هه‌ڵا، به‌ڵام له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵى خه‌ڵك گیراوه و سزا دراون و خه‌ڵكى باڵاى تێدایه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه لێپرسینه‌وه له‌گه‌ڵ وه‌زیرێك جیاوازه له‌گه‌ڵ لێپرسینه‌وه له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رێكى گشتى، بۆ وه‌زیر ده‌بێت په‌رله‌مان هه‌بێت و بابه‌تێكى وردى یاسایییه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا لێپرسینه‌وه و سكاڵا له دادگا به‌رده‌وامى هه‌یه كه له داهاتوو ته‌واوى ورده‌كارى تێدایه و مه‌رج نییه ناوى به‌رپرس بڵاو بكه‌ینه‌وه، ئه‌گه‌ر دادگا كه‌سێكى گه‌نده‌ڵكار سزا بدات خه‌ڵك ده‌زانێت.
له ماوه‌ى رابردوودا پارێزبه‌ندى هه‌بوو بۆ هیچ كه‌سێك كه له گه‌نده‌ڵى تێوه‌گلا بێت؟
پارێزبه‌ندى به یاسا دیارى كراوه و پرۆسه‌ى لێپرسینه‌وه پارێزبه‌ندى بۆ هیچ كه‌سێك دانه‌ناوه و ئه‌وه‌ش به بڕیارى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بووه، ئینجا كه‌سه‌كه سه‌ربازى یان حكوومى یان له هه‌ر پله و پۆستێكدا بووبێت.
بۆچى له سلێمانى ئه‌و پرۆسه‌یه خاوه و هه‌نگاو نه‌نراوه؟
هه‌وڵمان داوه ئه‌و پرۆسه‌یه سه‌رتاسه‌رى بێت و له‌لایه‌ن جێگرى سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هاوئاهه‌نگى هه‌یه، هه‌رچه‌نده له ماوه‌ى رابردوودا پێشوازى باش له پرۆسه‌ى چاكسازى نه‌كرا له سنوورى سلێمانى كه ئه‌وه‌ش پێوه‌ندى به‌و دۆخه سیاسییه ناته‌ندروسته هه‌یه كه دروست بووه و پێوه‌ندى حزبه‌كانیش رۆڵى نه‌رێنی هه‌بووه له‌سه‌ر پرۆسه‌كه.
هیچ ژماره‌یه‌كت لایه كه چه‌ند كه‌س له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵى ئێسته له گرتووخانه‌دان؟
راگه‌یاندنى گرتن و به‌ردانى ئه‌و كه‌سانه كه‌متر پێوه‌ندى به‌و لیژنه‌یه‌وه هه‌یه، به‌ڵام به‌ڵى ئێسته به‌هۆى گه‌نده‌ڵییه‌وه خه‌ڵك هه‌یه له گرتووخانه‌دایه و كه‌سى تریشى به‌دوادا دێت به‌پێى به‌رده‌وامى پرۆسه‌كه.
له راپۆرتى رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا باسى ئه‌وه كراوه كه له كوردستان و عێراق گه‌نده‌ڵیى زۆر هه‌یه، بۆچى هه‌وڵ نه‌دراوه له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى ئه‌و چاكسازییانه بگه‌یه‌نرێت؟
ئێمه خۆمان گوتوومانه به‌ڵێ گه‌نده‌ڵى زۆره و ده‌بێت سنوورێكى بۆ دابنرێت، به‌ڵام كاتێك سنوورێك دانرا بۆ گه‌نده‌ڵى و لێپرسینه‌وه كرا و هه‌نگاوى شه‌فافیه‌ت پێڕه‌و كرا، كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى خۆیان كاره‌كان ده‌بینن و له داهاتوو راپۆرته‌كان به زمانى ئینگلیزیش بڵاو ده‌كه‌ینه‌وه، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر پرۆسه‌كه به‌رده‌وام بوو، ئه‌وه كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى پشتیوانمان ده‌بێت و ده‌بنه خاڵێكى به‌هێز بۆ پشتیوانى كوردستان.