سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق ئەیاد عەلاوی لە دیدارێكدا لەگەڵ كەناڵی سۆمەریە ئاشكرای كرد، كە هەڵمەتی رزگاركردنی مووسڵ ڕووبەڕووی كێشە دەبێتەوە بەهۆی دەستوەردانی دەرەكی، ئاماژەی بەوەش دا، ئێران تا قووڵایی عێراق كاریگەری تەواوی هەیە، ئێمەش نامانەوێ نە توركیا و نە ئێران و نە سعوودیە دەستوەردانیان لە نێو عێراق هەبێت.
عەلاوی لە دیدارەكەدا دەڵێ، مووسڵ بەشێكی گرنگە لە عێراق و رزگاركردنیشی تووشی سێ كێشە دەبێتەوە، كە بریتین لە ململانێی نێودەوڵەتی، دەستوەردانی دەرەكی و وڵاتانی ناوچەكە، ناكۆكییە ناوەخۆیییەكان.
لەبارەی دەستوەردانی وڵاتان عەلاوی دەڵێ، ئێران دەستوەردانی تەواو و پێگەی گەورەی لە عێراق هەیە و تا قووڵایی عێراق كاریگەری لەسەر هەموو پرسەكان هەیە، لە ساڵی 2010 و رێگریكردنی ئێران لەوەی لیستی عێراقییە كە براوەی هەڵبژاردن بوو حكوومەت پێك بهێنێت، باشترین بەڵگەیە لە كاریگەریی ئێران لەسەر دۆخی عێراق.
هەروەها گوتی، نامانەوێ دەستوەردان لە كاروباری عێراقدا هەبێت، نە لەلایەن ئێران نە لە توركیا و سعوودیەش، بۆ ئەو گرژییانەی لە نێو ئەنكەرە و بەغداش دروست بووە، عەلاوی دەڵێ، پێویستە دیالۆگی هەردوولا دوور لە چاوی میدیاكان ئەنجام بدرێت.
لەبارەی دۆخی ناوخۆی عێراقیش ئەیاد عەلاوی نەیشاردەوە و دەڵێ، پێویستە دان بەوە بنێین كە تەنگژەی سیاسیی گەورە لە عێراقدا بوونی هەیە، گرنگترینیان سیاسەتی مەزەوی و پەراوێزخستن و دوورخستنەوە.
سەرچاوە/سۆمەریەنیوز.