پێشمه‌رگه‌ به‌ قورسی تیرۆریستانی تێكشكاند

:: AM:09:37:23/10/2016 ‌

چه‌كدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش له‌ حه‌ویجه‌ هێرشێكیان بۆ سه‌ر پێشمه‌رگه‌ی كوردستان كرد، به‌ڵام ده‌ستبه‌جێ وه‌ڵام درانه‌وه‌ و هێرشه‌كه‌ تێكشێنرا.

به‌پێی زانیارییه‌كانی ده‌ست "وشه‌" كه‌وتووه‌، به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م، چه‌كدارانی داعش له‌ میحوه‌ری پێنجی كه‌ركووك (چوارڕیانی حه‌ویجه‌)، هێرشیان بۆ سه‌ر هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان كردووه‌، به‌ڵام هه‌ر زوو به‌رپه‌رچ دراونه‌ته‌وه‌ و تێك شكێنراون.

ئه‌و هێرشه‌ی داعش له‌ سه‌عات شه‌شی به‌یانی ئه‌نجام دراوه‌، مه‌به‌ستیان له‌وه‌ بووه‌ له‌ ساتێكدا بێت كه‌ پێشمه‌گه‌ ئاگه‌دار نه‌بێت، به‌ڵام پیلانه‌كه‌یان سه‌ری نه‌گرتووه‌ و به‌بێ هیچ زیانێك به‌ پێشمه‌رگه‌، پوچه‌ڵ كراوه‌ته‌وه‌ و هێرشبه‌رانیش كوژراون.

داعش به‌ دوو هه‌مه‌ڕی زرێپۆشكراو هێرشیان كردووه‌، به‌ڵام هه‌ردووكیان به‌ سووتاوی ئێسته‌ لای پێشمه‌رگه‌ی كوردستانن.

هه‌ر به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ له‌ دوو قۆڵه‌وه‌ پێشمه‌رگه‌ هێرشی كردووه‌ته‌ سه‌ر داعش و فه‌رمانده‌یه‌كی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كە ئەو هەڵمەتەی پێشمەرگە دوای هێرشەكانی تری دێ كە بە سەركەوتووی هێزەكانی پێشمەرگە لە باكور و رۆژهەڵاتی مووسڵ ئەنجامیاندا لە چوارچێوەی هەڵمەتی پاككردنەوەی تیرۆریستان لە پارێزگای نەینەوا.

بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە" لە هێرشەكەی ئەمڕۆدا پێشمەرگە بە پلانی وردەوە پێشڕەوی بەرچاویان كردووە و تیرۆریستانیش توانای بەرگریان نییە بەرامبەر پێشمەرگە و لەوپەڕی ترس و هەرەسدان.

رۆژی 10ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 دوای ڕاكردنی نزیكەی 60 هەزار چەكدار لە چوار فیرقەی سەربازی سوپای عێراق و پۆلیسی ناوخۆیی شارەكە، تەواوی شاری مووسڵ كەوتە دەستی تیرۆریستانی داعش و پاش ئەوەی شارەكە داگیر كرا، ئەبوبەكر بەغدادی سەرۆكی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە مزگەوتێكی مووسڵ پەیامی بڵاو كردەوە و پاشان تیرۆریستان بەرەو ناوەڕاست و باشووری عێراق پێشڕەوییان كرد.

لە سەرەتاكانی مانگی ئاب/ئۆگستسی 2014، تیرۆریستان بەرەو كوردستان گەڕانەوە و پەلاماری ناوچە كوردستانییەكانیان دا بەرەو هەولێر هاتن و شارۆكەی مەخموور و گوێڕیان كۆنتڕۆڵ كرد، بەڵام لە شەوی 10 ئاب/ئۆگستسی 2014، فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا هاتنە وەڵام و یەكەم بۆردمانیان لە مەخموور و گوێڕ بۆ سەر تیرۆریستان ئەنجام دا.

رۆژی دووشەم 17 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر لە درەنگانی شەودا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستپێكی هەڵمەتی رزگاری شاری مووسڵی ڕاگەیاند و بۆ بەیانییەكەی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری خازر دەستیان بە پێشڕەوی كرد و توانیان تا نیوەڕۆ نۆ گوند لە تیرۆریستان پاك بكەنەوە ، هاوكات لە میحوەری گوێڕ-مەخموور و میحوەری گەیارەش هێزەكانی عێراق پێشڕەوییان كرد و هەڵمەتەكان لایەن هێزەكانەوە رۆژ دوای رۆژ بەردەوام دەبن و بازنەی گەمارۆدانی تیرۆریستان لە مووسڵ سات دوای سات بچووكتر دەبێتەوە.

مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراقە و یەكێكە لە شارە مێژوویییە بەناوبانگەكانی ناوچەكە و بەگوێرەی ئاماری 2013 ژمارەی دانیشتووانی، زیاتر لە دوو ملیۆن كەس دەبێت و هەریەك لە پێكهاتەكانی عەرەبی سونە و كورد و توركمان و مەسیحی و كوردانی ئێزیدی و شەبەك تێیدا نیشتەجێن، زێی دیجلە بەنێو شارەكە تێپەڕ دەبێت و كردوویەتی بە دوو بەشەوە و بە بەشی ڕاست و چەپی شارەكە ناوزەد كراوە.


وشە - كوردۆ شابان