ئەمڕۆ بارزانی و كارتەر كۆ دەبنەوە

:: AM:09:59:23/10/2016 ‌

بڕیار ئەمڕۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان و وەزیری بەرگریی ئەمەریكا كۆ ببنەوە و باس لە دوا پلانەكانی كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی مووسڵ بكەن.

سەردانەكەی ئاشتۆن كارتەر وەزیری بەرگریی ئەمەریكا بۆ لای مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، دوای سێیەم سەردانی فەرمییە لە ماوەی سێ ڕۆژدا ئەنجامی بدات، یەكەم جار چووە لای سەرۆكی توركیا، پاشان سەرۆك وەزیرانی عێراق و ئەمڕۆ یەكشەمیش سەردانەكەی بۆ هەولێرە كە یەكێكە لە سێ پایتەختە گرنگەكە بەلای ئەمەریكاوە لە یەكلاكردنەوە و پلانەكانی شەڕی دژ بە داعش.

بڕیارە لەم سەردانەدا، جگە لە گفتوگۆ لەسەر دوا پلان و رێوشوێنەكان بۆ هەنگاوی دووەمی كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی مووسڵ باس دەكەن، باسی ئەو پێشڤەچوونەش بكرێ كە ئەمەریكا دەیخوازێ لە پێوەندییەكانی توركیا و عێراقدا بكرێ، چونكە ئەمەریكا دەزانێ، ئەگەر هەردوو وڵات ڕێك بكەون لەسەر ئەوەی سوپای ئەنكەرە بەشداری لە شەڕی داعشدا بكات، دەبێ ڕەزامەندی هەرێمی كوردستانیشی لەسەر بێت لەبەر ئەوەی سوپاكەی ئەوان بەسەر خاكی كوردستاندا تێدەپەڕێ.

دوێنێ ئاشتون كارتەر، دوای سەردانەكەی بۆ لای ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا، گەیشتە بەغدا و لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆ بووەوە و گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتانە كرا كە بڕیارە ئەمڕۆ لەگەڵ بارزانی باسی بكات.

لە سەردانەكەی ڕۆژی هەینیی كارتەر بۆ توركیا لەگەڵ فكری ئیشیك وەزیری بەرگریی توركیا كۆ بووەوە و ئاماژە بەوە كراوە، بایەخی ئەنكەرە بە شەڕی داعش شتێكی لۆژیكییە و پشتیوانی ئەو بڕیارەی دەكەین كە دەیەوێ سنوورەكانی خۆی بپارێزێ، هەروەك چۆن پێشوازی لە بەشداریكردنی دەكەن لە شەڕی دژ بە داعشی تیرۆریست، ڕەنگە جۆرەكانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر جیاواز بن، بەڵام دەبێ ناكۆكییەكانی نێوانمان وەلا بنێین لەبەر ئەو ئامانجەی كە هەیە.

لە 10ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 دوای ڕاكردنی 60 هەزار چەكداری سوپا و پۆلیسی عێراق، شارەكە كەوتە دەست تیرۆریستان، رۆژی دووشەمیش 17 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر دوای دوو ساڵ و زیاتر لە چوار مانگ هێرش بۆ رزگاركردنەوەی شارەكە و وەدەرنانی تیرۆریستان دەستی پێ كرد.

مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراقە و یەكێكە لە شارە مێژوویییە بەناوبانگەكانی ناوچەكە و بەگوێرەی ئاماری 2013 ژمارەی دانیشتووانی، زیاتر لە دوو ملیۆن كەس دەبێت و هەریەك لە پێكهاتەكانی عەرەبی سونە و كورد و توركمان و مەسیحی و كوردانی ئێزیدی و شەبەك تێیدا نیشتەجێن، زێی دیجلە بەنێو شارەكە تێپەڕ دەبێت و كردوویەتی بە دوو بەشەوە و بە بەشی ڕاست و چەپی شارەكە ناوزەد كراوە.


وشە - كوردۆ شابان