گوڵستان په‌روه‌ر، خاتوونه هونه‌رمه‌ند و چالاك له بواری مافی ژنان، زیاتر له 40 ساڵه له‌پێناو مافی یه‌كسانی ژنی كورد تێكۆشان ده‌كات و پێی وایه، ئه‌و ژنانه‌ی ئێسته له كوردستان به‌ناوی فیمینیزم خه‌بات ده‌كه‌ن، له ژنانی بنده‌ست و چه‌وساوه‌ی كۆمه‌ڵگه دابڕاون و چینێكیان له كۆمه‌ڵگه‌دا پێك هێناوه. دووپاتی ده‌كاته‌وه، میزۆپۆتامیا یه‌كه‌م ناوچه بووه كه شارستانیه‌ت تیایدا دروست بووه و ئێمه‌ین شارستانییه‌تمان به دنیادا بڵاو كردووه‌ته‌وه، كه‌چی ئێسته له دواكه‌وتووترین نه‌ته‌وه‌كانی سه‌ر زه‌وین.
* زیاتر له 40 ساڵه وه‌ك ژنه كوردێك خه‌بات له‌پێناو نیشتمان و یه‌كسانی ره‌گه‌زی ده‌كه‌ن، ئه‌و خه‌باته‌ی نه‌وه‌ی ئێوه ده‌ستی پێ كرد ده‌شێ وه‌ك قوربانیدانێكی گه‌وره ناو ببرێت، هه‌ست ده‌كه‌ی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی ئێوه بۆ ئێسته به‌رهه‌مێكی هه‌بووه و ژنی كورد به‌تایبه‌تی له بواری هونه‌ردا گه‌یشتووه‌ته ئه‌و ئاسته‌ی خه‌ونتان پێوه ده‌بینی؟
دۆخی ژنانی كورد ئێسته باشه، به‌ڵام له‌و ئاسته نییه كه خه‌ونم پێوه ده‌بینی، زیاتر له 40 ساڵه له‌ناو خه‌باتی كوردستان و شۆڕشدام، له یه‌كه‌م هه‌نگاوه‌وه كه له‌و پێناوه‌دا هه‌ڵم هێنا، تا ئێسته كه سه‌یری ئه‌و رابردووه ده‌كه‌م، به‌داخه‌وه رۆڵی ژن له بواره جۆراوجۆره‌كاندا لاوازه، بۆ نموونه رۆڵی ژنانی كورد له هونه‌ردا، ئه‌گه‌ر سه‌یری فارس و تورك و عه‌ره‌ب بكه‌ین، ژنانی كورد له‌چاو هه‌موو ئه‌و نه‌ته‌وانه دواكه‌وتوون، هۆكاره‌كانیش زۆرن، یه‌ك له‌وانه كورد خاوه‌نی قه‌واره‌ی خۆی نه‌بووه و نه‌ته‌وه‌یه‌كه تا ئێسته‌یش له‌ناو شه‌ڕدایه، تایبه‌تمه‌ندی شه‌ڕ به‌شێوه‌یه‌كه رێگری له به‌ره‌وپێشچوونی هونه‌ر ده‌كات، ئێسته ئه‌گه‌ر سه‌یری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بكه‌ین، لێوانڕێژه له شه‌ڕ و ململانێی سه‌ربازی، ئه‌وه وای كردووه له هه‌موو ره‌هه‌نده‌كاندا لاوازییه‌ك به‌دی بكرێت، به‌تایبه‌تی هونه‌ر كه هه‌میشه حه‌ز له ئاشتی ده‌كات، ئه‌وه حاشا هه‌ڵنه‌گره كه له ئاشتی و ئارامیدا هونه‌ر گه‌شه ده‌كات، هه‌ر له موزیكه‌وه بگره تا سینه‌ما و شانۆ و شێوه‌كاری و ...
پێویسته به‌گشتی باس له هونه‌ری كوردی بكه‌ین ئینجا خوێندنه‌وه بۆ ئه‌و لایه‌نه‌ی بكه‌ین كه ئاخۆ ژنی كورد تا چه‌ند له‌و بواره‌دا رۆڵی پێ دراوه، ئێسته له باشووری كوردستان كه نیوچه ده‌وڵه‌تێكه و ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی هه‌یه، له بواری هونه‌ردا ره‌خنه‌ی زۆری له‌سه‌ره كه نه‌یتوانیوه به رێكخستنی بكات، بۆ نموونه هه‌موومان ئاواتمان بوو وه‌زاره‌تی رۆشنبیری زۆر له‌وه‌ی هه‌یه به‌هێزتر و سیستماتیكتر كار له‌سه‌ر گه‌شه‌كردنی هونه‌ر بكات، كه‌چی زۆر لاوازه.
* سه‌رباری ئه‌و هه‌موو ئاسته‌نگه كۆمه‌ڵایه‌تییه و روانینی ئه‌وكات بۆ پرسی ژن، ئێوه له‌و پێناوه‌دا ده‌ستتان به خه‌بات كرد تا رێگه بۆ ئه‌مڕۆی ژنانی كوردستان هه‌موار ببێت، به‌ڵام وه‌ك ئاماژه‌ی پێ ده‌ده‌ی رۆڵی ژنان له ئاست ئه‌و خه‌ونانه‌دا نییه كه ئێوه هه‌نگاوتان بۆ هه‌ڵێنا، ئه‌و به‌ربه‌ستانه چین كه ناهێڵن ژن بگاته ئه‌و ئاسته‌ی رۆڵی راسته‌قینه‌ی خۆی بگێڕێت؟
ناكرێ ئه‌و به‌ربه‌ستانه بگه‌ڕێنینه‌وه بۆ نه‌ریتی كورد، له‌به‌رئه‌وه‌ی كاتی سه‌یری میدیا و ساسانییه‌كان و ئاینی زه‌رده‌شت ده‌كه‌ین، له‌وكاته‌دا یه‌كسانی و مافی ژن زۆر دادپه‌روه‌رانه‌تر بووه، له‌ناو كولتووری ئێمه‌ی كورددا ئازادی ژنان و یه‌كسانی هه‌یه، به‌ڵام داخه‌كه‌م عه‌ره‌ب هاتنه ناوچه‌ی ئێمه و كولتووره‌كه‌یشیان له‌گه‌ڵ خۆیان بۆ ئێمه هێنا، ئێمه به‌و كولتووره عه‌ره‌بییه په‌روه‌رده بووین و له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان ره‌نگی دایه‌وه، له‌ناو كولتووری عه‌ره‌بیدا ژن هیچ نییه، "ژن یه‌كسانه به هیچ" له‌به‌رئه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كی ژێرده‌سته‌ی ئه‌و كولتووره بووه، بۆ نموونه رێگه نادات ژنان له كۆمه‌ڵگه‌دا رۆڵی خۆیان ببینن، كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كه پێك هاتووه له ژن و پیاو و هه‌ركامه‌یان رۆڵی جیاوازیان هه‌یه بۆ به‌ره‌وپێشبردنی، كه‌چی هه‌موو بابه‌ته‌كانی وه‌ك شه‌ره‌ف و نامووسیان خستووه‌ته ئه‌ستۆی ژن و ژن ده‌بێ له‌ناو چوارچێوه‌ی ماڵدا ئه‌وانه بپارێزێت، ئه‌وه پێویستی به شۆڕشێكی تر هه‌یه، شۆڕش ته‌نیا بۆ ئه‌وه نییه به‌گژ داگیركه‌راندا بچینه‌وه، به‌ڵكو پێی ده‌وێ له‌ناو خۆیشماندا شۆڕشێكی كولتووری ده‌ست پێ بكه‌ین، ئێسته سه‌رده‌می به‌جیهانیبوونه و دنیا گۆڕانی زۆری به‌سه‌ردا هاتووه، هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانی دنیا ده‌خوازن له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیشدا گۆڕانكاری دروست ببێت، به‌ڵام من پێم وایه كورد نه به ویستی رۆژئاوا و نه به‌و خواسته‌ی كه وڵاتانی وه‌ك رووسیا گه‌ره‌كیانه به‌ره‌و ئه‌و گۆڕانه بچێت، به‌ڵكو به بۆچوونی من ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ پره‌نسیپه‌كانی سه‌رده‌می میدیا، زۆر پێشكه‌وتووتر ده‌بین له‌وه‌ی ئێسته هه‌ین. میزۆپۆتامیا یه‌كه‌م ناوچه بووه شارستانیه‌ت تیایدا دروست بووه، ئێمه‌ین شارستانیه‌تمان بڵاو كردووه‌ته‌وه، كه‌چی ئێسته خۆمان له دواكه‌وتووترین نه‌ته‌وه‌كانی سه‌رزه‌وین و ده‌وڵه‌تێكمان نییه.
* زیاتر له ده‌یه‌یه‌كه له باشووری كوردستان كۆمه‌ڵێك ژن و رێكخراوی ژنان خه‌باتێكی فیمینیستی و یه‌كسانیخوازیان ده‌ست پێ كردووه، به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و بزاوه سه‌رتاسه‌رییه‌ی له هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌دا هه‌یه كه بانگه‌شه بۆ دیموكراسی ده‌كه‌ن، ئه‌و بزاوه له كوردستان چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنی؟
له باشوور ژنانی پێشه‌نگ و رۆشنبیر چینێكیان دروست كردووه، ژنانی رۆشنبیر له ئۆرگانه مه‌ده‌نییه‌كاندا كار ده‌كه‌ن و بوون به گرووپێك و چینێكیان دروست كردووه و ئاگایان له ژنانی په‌رێشان و ره‌به‌ن و هه‌ژار نییه، ئه‌و ره‌خنه‌یه خۆیشم ده‌گرێته‌وه، پێویسته ئه‌وان پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌و ژنانه‌دا دروست بكه‌ن كه له ماڵه‌وه پێویستیان به هه‌ناسه‌یه‌كی ئازاد هه‌یه، بۆ نموونه من مافی خۆمم وه‌رگرتووه و خه‌باتی سیاسیم كردووه و كارم هه‌بووه، له هه‌ردوو بواری سیاسی و ژیاندا ناسنامه‌ی خۆم وه‌ك ژنێك وه‌رگرتووه، به‌ڵام ئه‌و ژنانه‌ی ناتوانن له ماڵه‌وه بچنه ده‌ر، پێویسته ئێمه ژیانی ئه‌وان بگۆڕین.
ئه‌و ژنه چالاكانه‌ی باشوور هه‌ر گرووپه و كۆمه‌ڵه‌یه‌ك بۆ خۆیان پێك دێنن و سه‌ردانی یه‌كتر ده‌كه‌ن و له‌و بازنه‌یه‌دا ده‌سووڕێنه‌وه، ژنانی خه‌باتكار له باشوور پێویسته له‌پێناو ئه‌و خانمانه‌دا خه‌بات بكه‌ن كه مافه‌كانیان زه‌وت كراوه و به‌هه‌ر بیانوویه‌ك رێگه له ده‌ركه‌وتنیان ده‌گیرێت، ئه‌گه‌رنا ژنێكی ئه‌كادیمی كه له زانكۆ وانه ده‌ڵێته‌وه ناسنامه‌ی خۆی وه‌رگرتووه و پێویستی به پاڵپشتی ئێمه نییه، ئه‌وه‌ی پێویسته له پێناویدا هه‌وڵ بدرێت، ئه‌و كچانه‌ن كه له گونده‌كان و له ناوچه دووره‌ده‌سته‌كانی كوردستاندا له خوێندن بێ به‌ش ده‌بن و به‌منداڵی به‌شوویان ده‌ده‌ن.
* سه‌رباری ئه‌و كه‌موكوڕییانه‌ی ئاماژه‌ت پێ دا، هیچ هیوایه‌ك ده‌بینی بۆ ئه‌وه‌ی له كوردستان كولتوورێك جێگیر ببێت به یه‌كسانی مامه‌ڵه به مافی ره‌گه‌زییه‌وه بكات؟
شۆڕشی كولتووری كارێكی یه‌كجار سه‌خت و ئه‌سته‌مه، ئه‌گه‌ر سه‌یری توركیا بكه‌ی وه‌ك نموونه، دوای زیاتر له 90 ساڵ ده‌وڵه‌تداری، تا ئێسته‌یش ژنان نه‌یانتوانیوه به‌و ئاسته بگه‌ن له كۆمه‌ڵگه‌ی توركدا شایسته‌ی ژنانه. شه‌ڕی كولتووری وه‌ك شه‌ڕی چه‌كداری نییه به ساڵێك یان چه‌ند مانگیك یه‌كیان به‌سه‌ر ئه‌ویتردا سه‌ربكه‌وێت و پرسه‌كه یه‌كلا ببێته‌وه، به‌ڵكو كولتوور به هه‌زاران ساڵ له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا دروست ده‌بێت، هه‌ندێك جار بۆ گۆڕینی ره‌نگه پێویستیت به زیاتر له سه‌ده‌یه‌ك خه‌بات هه‌بێت، ئه‌وروپا نموونه‌یه‌كی به‌رچاوه بۆ ئه‌مه.
له ئه‌وروپا تا سێ سه‌ده له‌مه‌وبه‌ر كه‌نیسه‌كان ده‌ستێكی یه‌كجار باڵایان هه‌بوو له‌گه‌ڵ چینی فیوداڵ و ده‌وڵه‌مه‌ندی كۆمه‌ڵگه ده‌سه‌ڵاتیان گرتبووه ده‌سته‌وه، بۆ گۆڕینی سیسته‌می كه‌نیسه، نزیكه‌ی پێنج سه‌ده شۆڕش له ئه‌وروپادا كرا، وڵاتی ئێمه‌یش زیاتر له هه‌زار ساڵه له‌ژێر ته‌وژمی كولتووری عه‌ره‌بیدایه، بۆیه ناكرێ بڵێین كولتوورێكی هه‌زار ساڵی به چه‌ند ساڵ و چه‌ند ده‌یه‌یه‌ك لا ده‌برێت و بۆ ئه‌وه كاتێكی زۆر و پڕۆگرام و سیسته‌می خۆی گه‌ره‌كه، ئێمه‌ومانانیش تا كۆتای ته‌مه‌ن له خه‌باتدا به‌رده‌وامین و له دوای ئێمه‌یش به‌ستراوه‌ته‌وه به‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ چۆن و به چ شێوه‌یه‌ك له‌و خه‌باته به‌رده‌وام ده‌بن.