میتك دارێكی كورته‌باڵایه له پارێزگای دهۆك و سنووری شارۆكه‌ی ئاكرێ به تایبه‌تی به‌رچاو ده‌كه‌وێت، ساڵانه گوندنشینانی دینارته و دۆڵی نه‌هله له رێگه‌ی فرۆشتنی به‌ری ئه‌و داره‌وه داهاتێك بۆ خۆیان په‌یدا ده‌كه‌ن.
سیپان عه‌بدولخالق هاووڵاتیی ناوچه‌ی نه‌هله‌ی سه‌ر به شارۆكه‌ی ئاكرێ له لێدوانێكدا بۆ "وشه" ده‌ڵێ، داری میتك یه‌كێكه له داره كورته باڵاكانی كوردستان و سنووری شارۆكه‌ی ئاكرێ كه به درێژایی ساڵ سه‌وز و جوانه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی دارێكی جوانه، سه‌رسه‌وزه به‌روبوومێكی به‌تام و چێژی هه‌یه، ئێمه ساڵانه له كۆتای وه‌رزی به‌هاردا ده‌چینه شاخ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ری ئه‌و داره لێوه بكه‌ین بۆ خواردن و فرۆشتنی له بازاڕدا.
زیاتر روونی ده‌كاته‌وه، ئه‌گه‌ر داری میتك په‌روه‌رده بكرێت به‌رهه‌مێكی زۆرتر ده‌دات، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دارێكی خۆڕسكه و له زه‌وی كشتوكاڵیدا په‌روه‌رده ناكرێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ساڵانه به‌شێك له هاووڵاتییان له‌و رێگه‌یه‌وه داهاتێك به‌ده‌ست ده‌هێنن و ئێسته له سنووری شاره‌دێی دینارته ئه‌و داره زیاتر به‌رچاو ده‌كه‌وێت.
عه‌بدوڵا عه‌لی هلوری، دانیشتووی سنوووری شاره‌دیێ دینارته‌یه و وه‌ك بۆ "وشه" ئاماژه‌ی پێ ده‌دات، له سنووری شارۆكه‌ی ئاكرێ سێ جۆر میتك "میتكی ره‌ش، میتكی زه‌رد و میتكی سپی"، به‌ڵام جۆره ره‌شه‌كه له هه‌مووان به‌تامتر و به نرختره. كیلۆیه‌ك میتك له نێوان 10 هه‌زار بۆ 15 هه‌زار دینار ده‌فرۆشرێت و كڕیاری تایبه‌ت به خۆی هه‌یه، به‌شی هه‌ره زۆری به‌رهه‌می میتك هه‌ر له ناوخۆ ده‌فرۆشرێت و به‌شی ئه‌وه ناكات ره‌وانه‌ی شار و ناوچه‌كانی تر بكرێت.
دووپاتی ده‌كاته‌وه، بێجگه له به‌ری میتك، دار و گه‌ڵاكانی بۆ دروستكردنی گسك بۆ پاككردنه‌وه‌ی نێوماڵان و سه‌رپۆشكردنی خانووی قوڕ له جیاتی حه‌سیر به‌كار ده‌هێنرێت، میتك بو رازاندنه‌وه‌ی به‌خچه‌ی نێو ماڵان ده‌چێنرێت و گه‌ڵایه‌كی زۆر جوانی هه‌یه، ته‌نانه‌ت له‌كاتی مردنی كه‌سێك گه‌ڵاكانی میتك ده‌خرێته ناو گۆڕه‌كه‌ی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بۆ ساڵانیكی زۆر ته‌رمه‌كه ده‌پارێزێت و نایه‌ڵێ خۆڵ بگاته لاشه‌كه.
"داری میتك دارێكی سه‌رسوڕهێنه‌ره و بۆ زۆر مه‌به‌ست به‌كار دهێنرێت، چه‌ندان كه‌س هه‌ن به‌رهه‌می ئه‌و داره بۆ مه‌به‌ستی ته‌ندروستی به‌كار ده‌هێنن و له لایه‌ن چه‌ندان كه‌س به‌ری ئه‌و داره تاقی كراوه‌ته‌وه، له‌ڕووی پزیشكییه‌وه سوودی یه‌كجار زۆره". عه‌بدوڵا هلوری وای گوت.
عه‌بدولقه‌هار نووری كه ساڵانێكه له سنووری شاره‌دیێ دینارته ده‌رمانی كوردهواری دروست ده‌كات، باس له سووده ته‌ندروستییه‌كانی میتك ده‌كات و ده‌ڵێ، زۆربه‌ی به‌روبوومه شاخاوییه‌كان بۆ مه‌به‌ستی ته‌ندروستی به‌كار ده‌هێنرێن، داری میتك بو زۆر مه‌به‌ستی ته‌ندروستی به‌كار دێت، له‌وانه به‌هێزبوونی بڕبڕه‌ی پشت و جوانكاری و به‌هێزبوونی پێست و چاره‌سه‌ری لاوازی و كزی چاو ده‌كات، بۆ تووشبووان به نه‌خۆشیی شه‌كره سوودێكی یه‌كجار زۆری هه‌یه، چونكه ده‌نكۆڵه‌كانی میتك تاڵه و بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ش باشه كه كێشه‌ی لێدانی دڵیان هه‌یه و سووری خوێن له‌ناو خوێنبه‌ره‌كانی له‌شدا به‌هێز ده‌كات. به‌روبوومی میتك بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ش باشه كه له‌شولارێكی لاواز و ناڕێكیان هه‌یه، چونكه هه‌لگری ڤیتامینه‌كانی E، D، A یه و له كۆمه‌ڵێك ماده‌ی وه‌ك پۆتاسیۆم و مه‌گنیسیۆم و فلورید و ئاسن پێك دێت.
ئاشكرای ده‌كات، داری میتك له كۆمه‌ڵه‌ی میوه‌كان هه‌ژمار ده‌كرێت و له ناوچه به‌رز و شاخاوییه‌كاندا ده‌ڕوێت و له رواڵه‌تدا دارێكی به‌رئاوه و به‌شی هه‌ره زۆری له لێواری كانیاو و رووباره‌كان ده‌ڕوێن، به‌ڵام زۆر جار له‌و ناوچانه‌شدا ده‌ڕوێت كه به‌رئاون نین، به‌ڵام به‌رهه‌می میتكی به‌رئاوه باشتر و بهتاموچێژتره له‌و میتكه‌ی به‌رئاو نییه.
له هه‌موو گونده‌كانی ده‌ڤه‌ری نه‌هله و دینارته میتك هه‌یه، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌س چاودێری ناكات و كوزاخهی ناكرێت، به‌رهه‌مێكی كه‌متر له‌چاو ساڵانی رابردوو هه‌یه، ئه‌گه‌ر كوخازه و هه‌ره‌س بكرێت، ئه‌وا هه‌ر دارێكی میتك نێزیكه‌ی 10 كیلۆگرام به‌رهه‌می ده‌بێت.
ده‌ڤه‌ری نه‌هله و شاره‌دێی دینارته نێزیكه‌ی 100 گوندی ئاوه‌دان له‌خۆ ده‌گرێت و 70%ی ناوچه‌كه شاخاوییه و وه‌ك ناوچه‌یه‌كی له‌بار بۆ به‌روبوومه سروشتییه‌كان هه‌ژمار ده‌كرێت.
ئاكرێ/ نه‌وزاد هلۆری