ئاشتۆن کارتەر گەیشتە هەولێر

:: AM:10:31:23/10/2016 ‌

ئاشتۆن کارتەر وەزیری بەرگری ئەمەریکا لە رێگەی فڕۆکەخانەی نیودەوڵەتی هەولێر گەیشتە کوردستان و لەلایەن سەرۆکوەزیرانی کوردستانەوە  پێشوازی لێ کرا.

هەر ئێستە ئاشتۆن کارتەر لە رێگەی فڕۆکەخانەی هەولێرەوە گەیشتە پایتەختی هەرێمی کوردستان و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێ کرا. بڕیارە هەر ئەمڕۆ لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆ ببێتەوە.

سەردانەكەی ئاشتۆن كارتەر وەزیری بەرگریی ئەمەریكا بۆ لای مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، دوای سێیەم سەردانی فەرمییە لە ماوەی سێ ڕۆژدا ئەنجامی بدات، یەكەم جار چووە لای سەرۆكی توركیا، پاشان سەرۆك وەزیرانی عێراق و ئەمڕۆ یەكشەمیش سەردانەكەی بۆ هەولێرە كە یەكێكە لە سێ پایتەختە گرنگەكە بەلای ئەمەریكاوە لە یەكلاكردنەوە و پلانەكانی شەڕی دژ بە داعش.

بڕیارە لەم سەردانەدا، جگە لە گفتوگۆ لەسەر دوا پلان و رێوشوێنەكان بۆ هەنگاوی دووەمی كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی مووسڵ، باسی ئەو پێشڤەچوونەش بكرێ كە ئەمەریكا دەیخوازێ لە پێوەندییەكانی توركیا و عێراقدا بكرێ، چونكە ئەمەریكا دەزانێ، ئەگەر هەردوو وڵات ڕێك بكەون لەسەر ئەوەی سوپای ئەنكەرە بەشداری لە شەڕی داعشدا بكات، دەبێ ڕەزامەندی هەرێمی كوردستانیشی لەسەر بێت لەبەر ئەوەی سوپاكەی ئەوان بەسەر خاكی كوردستاندا تێدەپەڕێ.


وشە - هیدایه‌ت جان