دامه‌زرێنه‌ری كۆمپانیا گه‌وره‌كان چ كتێبێك ده‌خوێننه‌وه‌؟

:: PM:01:36:04/04/2017 ‌
زۆرێك له‌ لایه‌نه‌ جیاجیاكانی ژیانی كه‌سایه‌تییه‌ ناسراوه‌كانی دنیا به‌لای خه‌ڵكه‌وه‌ سه‌رنجڕاكێش و گرنگن، له‌و نێوانه‌شدا ژیانی كه‌سایه‌تییه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانی بواری وه‌به‌رهێنان و سه‌رمایه‌گوزاری لای زۆر كه‌س جێی قسه‌وباسه‌.

خوێندنه‌وه‌ی كتێب و ئه‌و كتێبانه‌ی به‌ لای كه‌سه‌كانه‌وه‌ گرنگن، یه‌كێك له‌ لایه‌نه‌ گرنگه‌كانی ژیانی مرۆڤه‌، ئه‌مه‌ش چونكه‌ كتێب كاریگه‌ریی گه‌وره‌ له‌سه‌ر جۆر و بڕ و ئاستی مه‌عریفه‌ی كه‌سه‌كان دروست ده‌كات، پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنیی "بزنس ئینسایده‌ر" هه‌ستاوه‌ به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی لیستێك له‌ باره‌ی ئه‌و كتێبانه‌ی، كه‌ به‌ لای دامه‌زرێنه‌ری گه‌وره‌ترین كۆمپانیاكانی دنیاوه‌ گرنگ و خوێنراوه‌ن:

یه‌كه‌م- ستیڤ جۆبز، دامه‌زرێنه‌ری كۆمپانیای ئه‌پڵ:
كتێبی "چۆن ژیانت پێوانه‌ ده‌كه‌یت؟" كتێبێكی گرنگی بواری پیشه‌ و پرسیاره‌ گشتییه‌كانی ژیانه‌، له‌ ماوه‌ی ژیانیدا كاریگه‌ریی گه‌وره‌ی به‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌ و كه‌سایه‌تیی ستیڤ جۆبز هه‌بووه‌.

دووه‌م- جێف بیزۆس، دامه‌زرێنه‌ر و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی كارگێڕیی كۆمپانیای ئه‌مه‌زۆن:
پێگه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌، بیزۆس زۆرتر ئاره‌زووی خوێندنه‌وه‌ی كتێبی ئه‌ده‌بیی هه‌یه‌، به‌راورد به‌ كتێبی بواره‌كانی تر، رۆمانی "پاشماوه‌كانی رۆژ"ی نووسه‌ری ژاپۆنی كازوو ئیچیگیرۆ، به‌لایه‌وه‌ خوازراوترین كتێبه‌، كه‌ ئه‌و رۆمانه‌ باس له‌ خزمه‌تكارێك ده‌كات له‌ ئینگڵته‌ڕای ماوه‌ی دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانی.

سێیه‌م- بیل گه‌یتس، دامه‌زرێنه‌ری كۆمپانیای مایكرۆسۆفت:
گه‌یتس رۆمانی "پاسه‌وانی كێڵگه‌ی شۆفان"ی نووسه‌ری ئه‌مه‌ریكی جه‌ی. دی. سالنجه‌ری له‌ ته‌مه‌نی 13 ساڵیدا خوێندووه‌ته‌وه‌، ئه‌و رۆمانه‌ی به‌ باشترین كتێب وه‌سف كردووه‌.

چواره‌م- تیم كۆك، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی كارگێڕیی ئه‌پڵ:
كۆك به‌رده‌وام كتێبی "پێشبڕكێ دژ به‌ كات" بۆ هاوكار و كارمه‌ندانی نوێی كۆمپانیای ئه‌پڵ پێشنیاز ده‌كات، به‌رده‌وام به‌ شێوه‌یه‌ك باسی ئه‌و كتێبه‌ ده‌كات، كه‌ ده‌توانێت رێنوێنیی كه‌سه‌كان بكات بۆ هه‌ستانیان به‌ كاره‌كانیان به‌ شێوازێكی سه‌ركه‌وتوو و خۆپێشخستنیان له‌ بواری پیشه‌ییدا.

پێنجه‌م- مارك زوكه‌ربێرگ، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی كارگێڕیی فه‌یسبووك:
كتێبی "دۆسیه‌ی هه‌ژاران: هه‌ژارانی دنیا چۆن له‌ رۆژێكدا به‌ دوو دۆلار ده‌ژین؟" كه‌ له‌لایه‌ن چوار نووسه‌ره‌وه‌ دانراوه‌، یه‌كێكه‌ له‌و كتێبانه‌ی زوكه‌ربێرگ له‌ لیستی خوێندنه‌وه‌ی ساڵانه‌ی خۆی ئاماژه‌ی پێ داوه‌.

شه‌شه‌م- ئیلیۆن موسك، دامه‌زرێنه‌ری سپێس ئێكس:
كتێبی "بنجامین فڕانكلین، ژیانی ئه‌مه‌ریكی" كه‌ له‌ باره‌ی ژیانی فڕانكلین و ئه‌و رۆڵه‌ جیاوازانه‌ی له‌ ژیانیدا گێڕاویه‌تی، وه‌ك كه‌سێكی سیاسی، نووسه‌ر، داهێنه‌ر و بواره‌كانی تر نووسراوه‌، به‌ لای موسكه‌وه‌ په‌سندترینه‌.

حه‌وته‌م- ریچارد برانسۆن، دامه‌زرێنه‌ری كۆمپانیای ڤێرگین بۆ فڕۆكه‌وانی:
له‌ پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنیی كۆمپانیاكه‌یدا پێشنیازی 65 كتێبی بۆ خوێندنه‌وه‌ كردووه‌، له‌ نێوانیاندا ژماره‌یه‌ك رۆمان هه‌ن و یه‌كێكیان بریتییه‌ له‌ "ده‌زانم باڵنده‌ی به‌ندكراو له‌ قه‌فه‌سه‌كه‌یدا بۆچی گۆرانی ده‌ڵێت"ی نووسه‌ری ئه‌مه‌ریكیی به‌ ره‌سه‌ن ئه‌فریقایی مایا ئه‌نجێلۆ.

سه‌رچاوه‌/ ئه‌لحوڕه‌


وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی