بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەم كە حەوتەم رۆژی دەست پێكردنی جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵە، هێرشی فرەوانی پێشمەرگە و هێزەكانی دژەتیرۆری عێراق لە قۆڵەكانی باكور و رۆژهەڵاتی مووسڵ بەردەوامە و لە قۆڵی باشووریش پێشڕەوییەكانی سوپای عێراق دوای شۆڕە و شارەدێی حەمام عەلیل دەكەنە ئامانج.
بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵ ئێستە جەنگی سەخت لە سێ قۆڵەوە بەرەو مووسڵ هەیە، یەكەمیان لە دەوری باشیك /32 كیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی مووسڵ/ كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە پێشڕەوی باشی كردووە و پێنج گوندی ئازاد كردووەتەوە.
دوێنێ هێزی پێشمەرگەی كوردستان توانی هەردوو گوندی فازلیە و تریزاوی كریستیانشین ئازاد بكاتەوە.
لە قۆڵی باكوری رۆژهەڵاتیش جەنگێكی سەخت لە دەورەی هەردوو گوندی عومەر و تەلخەراب هەیە، بێجگە لەوەش تا ئێستە هێزەكانی عێراق خەریكی كۆنترۆڵكردنەوەی شارۆكەی حەمدانیەن و جەنگ لە دەوروبەری هەیە و هاوپەیمانان بۆردمانێكی چڕی ئاسمانی ناوچەكە دەكەن.
لەو ناوەدا فڕۆكە سەربازییەكانی هاوپەیمانان چەندان ئامانجی داعشیان لە ناوچە جیاجیاكان كردە ئامانج لەوانە لە گوندی كۆكجەلی سەر بە بەرتلە و گوندی مونیرە سەر بە حەمام عەلیل و هەردوو گوندی یرغەنتی و عەلی رەش سەر بە بەرتلە و 13 چەكداری داعشیان كوشتووە.
پێشمەرگە لە قۆڵی باشیك پێشڕەوی باشی كردووە رێگەی سەرەكیی نێوان باشیك و مووسڵی كۆنترۆڵ كردووە، بێجگە لە گوندەكانی فازلیە و بریزا و عومەر قامچی و توانیویانە سێ ئۆتۆمبێلی بۆمڕێژكراوی داعش لە باشیك بتەقێننەوە و سەركردەیەكی داعش بەناوی "ئەبوكەڕار" لە گوندی فازلییە بكوژن و ئێستە پێشمەرگە لە دووری تەنیا 11 كیلۆمەترە لە سەنتەری مووسڵ.
لەلایەكی تر حوسامەدین سەفار ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگەی نەینەوا ئەمڕۆ یەكشەم رای گەیاند كە هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵ و سوپای عێراق دوا گوندی شارەدێی شۆڕەیان بەناوی تۆبییە، لە نزیك حەمام عەلیل كۆنترۆڵ كردووەتەوە.
زیاتر گوتی، بەو شێوە هێزەكانی عێراق توانیویانە 800 كیلۆمەتر سێجا َ بكەنەوە و ئێستە ئەوان بەرەو شارەدێی حەمام عەلیل لە باشووری مووسڵ بەرێگەوەن بۆ ئازادكردنەوەی.
ئەمڕۆ حەوتەم رۆژی جەنگی مووسڵە كە دووشەمی رابردوو لە چەند قۆڵێكەوە دەستی پێ كرد كە زیاتر لە 40 یەكەی سەربازی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی بەشداری تیادا دەكەن و تا ئێستە پێشڕەوی گەورە كراوە و دەیان چەكداری داعشیش كوژراون.
سەرچاوە: كیتابات، مەدار نیوز