هاوردەكردنی گەنمەشامی قەدەغە كرا

:: PM:02:46:23/10/2016 ‌

هاوردەكردنی گەنمەشامی لە وڵاتانی دەرەوە قەدەغە كرا، ئەمەش بە مەبەستی خەرجكردنی بەرهەمی ناوخۆ.

ئەنوەر عومەر گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بە "وشە"ی گوت:  لەمڕۆوە بە بڕیاری وەزارەت، بۆ ئەوەی هاوردەكردنی گەنمەشامی لە دەرەوە رابگیرێت، ماوەی 15 رۆژ دانراوە بۆ ئەوەی ئەو بازرگانانەی كە رێگەیان پێ دراوە گەنمەشامی هاوردە بكەن، دواتر لە تەواوبوونی ئەو ماوەیە ناتوانن هاوردەی بكەن.

عومەر زیاتر گوتی: راگرتنی گەنمەشامی لە دەرەوە بۆ ئەوەیە كە لەم وەرزەدا بەرهەمی گەنمەشامی ناوخۆ پێ دەگات، بۆیە دەبێت بەرهەمی ناوخۆ بەكار بهێنرێت تا ئەو كاتەی بەرهەمە ناوخۆیییەكە تەواو دەبێت، هاوردەكردنی ئەو بەرهەمە راگیراوە و رێگە بە هاوردەكردنی نادرێت.

گوتەبێژەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ رای گەیاند: بەرهەمی ناوخۆی گەنمەشامی تەنیا بەشی دوو مانگ بۆ سێ مانگ دەكات، بۆیە لە مانگی یەكی ساڵی داهاتوودا بڕیارەكە هەڵدەگیرێت لەسەر هاوردەكردنی گەنمەشامی، چونكە بەرهەمی ناوخۆی گەنمەشامی ساڵانە نزیكەی 20 بۆ 25 هەزار تۆن دەبێت.

روونیی كردەوە: ساڵانە لە وڵاتانی دەرەوە نزیكەی 200 هەزار تۆن گەنمەشامی هاوردەی هەرێم دەكرێت، بۆیە بەو بەرهەمەی كە هاوردە دەكرێت ئەوەش كە لەناوخۆ هەیە، ساڵانە هەرێمی كوردستان پێویستی بە 225 هەزار تۆن بەرهەمی گەنمەشامی هەیە.

وشە/سەلام هانەدنی




وشە - كوردۆ شابان