ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م ئاشتن كارته‌ر وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا گه‌یشته هه‌ولێر و له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێم و شاندێكی باڵای هه‌رێمی كوردستان كۆبووه‌وه، كارته‌ر جه‌ختی له پشتیوانی به‌رده‌وامی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان كرده‌وه و پیرۆزبایی سه‌ركه‌وتنی له هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان كرد و سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانیش بۆ دڵنیایی پێكهاته‌كانی ناوچه‌كه جه‌ختی له‌سه‌ر رێككه‌وتنی سیاسی بۆ پرۆسه‌ی دوای نه‌مانی داعش كرده‌وه.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌نراوێكی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا پیرۆزبایی سه‌ركه‌وتنه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی له بارزانی كردووه و پێزانینی بۆ هاوبه‌شی و هه‌ماهه‌نگی نێوان پێشمه‌رگه و سوپا ده‌ربڕیوه له پرۆسه‌ی رزگاركردنه‌وه‌ی مووسڵ، هاوكات سه‌ره‌خۆشی له كه‌سوكاری شه‌هیدانی پێشمه‌رگه كرد و گوتی، سوپاسگوزارین بۆ به‌جێگه‌یاندنی به‌ڵێنه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان له ئه‌نجامدا ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه ئه‌مانه سه‌ركه‌وتنن بۆ كوردستان و ئه‌مه‌ریكا و هه‌موو جیهان.
كارته‌ر له به‌شێكی تری قسه‌كانی به‌رده‌وامی هاوكاری و پشتیوانییه‌كانی ئه‌مه‌ریكای بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان دووپات كرده‌وه و رۆڵێ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانیشی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان و به‌دیهاتنی ئاشتی له قۆناغی دوای كۆتایی داعش به گرنگ له قه‌ڵه‌مدا.
دواتر سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان تیشكی خسته سه‌ر گرنگی سیاسی و سه‌ربازی تێكشكاندنی داعش له مووسڵ و ناوچه‌كه و جیهان، خۆشحاڵی به هه‌ماهه‌نگی نێوان پێشمه‌رگه و سوپای عێراق پێشاندا، ئاماژه‌ی به پێویستی پلان و رێككه‌وتنی سیاسی كرد بۆ به‌ڕێوه‌چوونی داهاتووی مووسڵ، تا ببێته هۆكار و گه‌ره‌نتی بۆ رێگری له سه‌رهه‌ڵدانی كێشه‌كان، دڵنیایی بۆ پاراستنی پێكهاته‌كانی مه‌سیحی و ئێزدی و پێكهاته‌كانی شاره‌كه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دۆخی مه‌یدانی به‌ره‌كانی شه‌ڕ و پێویستییه سه‌ربازییه‌كان و سه‌ركه‌وتنه‌كانی پێشمه‌رگه له به‌ره‌ی باكور و باكوری رۆژهه‌ڵاتی مووسڵ خرانه به‌ر باس و سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌وباره‌وه باسی له قوربانی و خۆڕاگرییه‌كانی پێشمه‌رگه و گه‌لی كوردستان كرد كه بووه‌ته هه‌وێنی سه‌ركه‌وتن دژ به تیرۆریستان و قۆربانییه‌كانیشی به جێگای شانازی له قه‌ڵه‌مدا.
له‌وباره‌وه وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا گوتی، هه‌قی خۆتانه شانازی به خۆڕاگری و قاره‌مانییه‌تی هێزی پێشمه‌رگه و گه‌لی خۆتان بكه‌ن، ئێمه‌ش شانازی به دۆستایه‌تیی گه‌لی كوردستان و پێشمه‌رگه ده‌كه‌ین. دواتر دۆخی سیاسی ناوچه‌كه و دوا پێشهاته‌كانی سووریا و ورده‌كاری قۆناغی دوای كۆتاییهاتنی داعش تاوتوێ كرا.
جێی باسه شاندی كوردستان جگه‌له سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، مه‌سروور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ریم شنگالی وه‌زیری ناوخۆ و وه‌زیری پێشمه‌رگه به وه‌كاله‌ت، دكتۆر فوئاد حوسێن سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان، فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی حكوومه‌ت و سه‌فین دزه‌یی گوته‌بێژی حكوومه‌ت و هه‌ر یه‌ك له شێخ جه‌عفه‌ر مسته‌فا، فه‌ریق شێروان و فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر ئه‌ندامانی فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی پاراستنی هه‌رێمی كوردستان پێكهاتبوون.
هاوكات شاندی ئه‌مه‌ریكا له ئاشتن كارته‌ر وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا و برێت مه‌كگۆرك نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆك ئۆباما بۆ هاوپه‌یمانیی جیهانی دژ به داعش، دۆگلاس سلیمان باڵیۆزی ئه‌مریكا له عێراق، ستیڤان داونسێند فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له عێراق و كین گرووس كۆنسووڵی گشتیی ئه‌مریكا له هه‌ولێر و ژماره‌یه‌ك ڕاوێژكار و ئه‌فسه‌ری سوپای ئه‌مه‌ریكا.