پێشمەرگە تیرۆریستانی لە باشیك گەمارۆداوە

:: PM:03:45:23/10/2016 ‌

هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە هەڵمەتەكەی ئەمڕۆ یەكشەم توانیویانە پێشڕەوی زۆر بكەن و تیرۆریستان لە زۆر لاوە تێكشكێنراو و ئێستەش تیرۆریستان لە باشك بەتەواوی گەمارۆ دراون.

بەگوێرەی زانیارییەكان،هێزی پێشمەرگە ئێستە لە باكور و باشوور و رۆژهەڵاتەوە بە تەواوی گەمارۆی داعشیان لە باشیك داوە و لە رۆژئاوای باشیكەوە كەمێكیان ماوە بەتەواوی چوار دەوری باشیك كۆنتڕۆڵ بكەن و گەمارۆكان چڕتر بكەنەوە.

بەیانی ئەمڕۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان سەعات 6:30 خولەك لە میحوەری باشیك و ناوەران دەستیان بەپێشڕەوی كرد و تا ئێستەش ژمارەیەكی زۆر لە گوند و رووبەڕێكی فرەوانیان لە تیرۆریستان پاك كردووەتەوە و رێگەی سەرەكی باشیك-مووسڵیشیان كۆنتڕۆڵ كردووە.

بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە" 70 تا 90 تیرۆریست لەمیانەی هێرشی ئەمڕۆی پێشمەرگەی كوردستان كوژراون و لە رووی سەربازییەوەش چەكداران بەتەواوی ورەیان رووخاوە و بەرەو مووسڵ ڕا دەكەن، تا ئێستەش پێشمەرگە توانیویەتی دوو ئۆتۆمبێڵی بۆمبڕێژكراوی تیرۆریستان بتەقێنێتەوە.

شارەدێی باشیك دەكەوێتە 12 كیلۆمەتر باكوری رۆژهەڵاتی مووسڵ و ناوچەیەكی كشتوكاڵی بەپیتە و زیاتر بە چاندنی زەیتوون بەناوبانگە و زۆرینەی دانیشتووانی ئێزدی و مەسیحین و هەریەك لە عەرەب و توركمانیش تێیدا نیشتەجێن، 24 گوندی بەسەرەوەیە و ژمارەی دانیشتووانی 70 هەزار كەس دەبێ و سەر بە شارۆكەی حەمدانییە و یەكێكە لە ناوچە گرنگەكانی دەشتی نەینەوا.

رۆژی 10ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 دوای ڕاكردنی نزیكەی 60 هەزار چەكدار لە چوار فیرقەی سەربازی سوپای عێراق و پۆلیسی ناوخۆیی شارەكە، تەواوی شاری مووسڵ كەوتە دەستی تیرۆریستانی داعش و پاش ئەوەی شارەكە داگیر كرا، ئەبوبەكر بەغدادی سەرۆكی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە مزگەوتێكی مووسڵ پەیامی بڵاو كردەوە و پاشان تیرۆریستان بەرەو ناوەڕاست و باشووری عێراق پێشڕەوییان كرد.

لە سەرەتاكانی مانگی ئاب/ئۆگستسی 2014، تیرۆریستان بەرەو كوردستان گەڕانەوە و پەلاماری ناوچە كوردستانییەكانیان دا بەرەو هەولێر هاتن و شارۆكەی مەخموور و گوێڕیان كۆنتڕۆڵ كرد، بەڵام لە شەوی 10 ئاب/ئۆگستسی 2014، فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا هاتنە وەڵام و یەكەم بۆردمانیان لە مەخموور و گوێڕ بۆ سەر تیرۆریستان ئەنجام دا.

رۆژی دووشەم 17 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر لە درەنگانی شەودا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستپێكی هەڵمەتی رزگاری شاری مووسڵی ڕاگەیاند و بۆ بەیانییەكەی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری خازر دەستیان بە پێشڕەوی كرد و توانیان تا نیوەڕۆ نۆ گوند لە تیرۆریستان پاك بكەنەوە ، هاوكات لە میحوەری گوێڕ-مەخموور و میحوەری گەیارەش هێزەكانی عێراق پێشڕەوییان كرد و هەڵمەتەكان لایەن هێزەكانەوە رۆژ دوای رۆژ بەردەوام دەبن و بازنەی گەمارۆدانی تیرۆریستان لە مووسڵ سات دوای سات بچووكتر دەبێتەوە.

مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراقە و یەكێكە لە شارە مێژوویییە بەناوبانگەكانی ناوچەكە و بەگوێرەی ئاماری 2013 ژمارەی دانیشتووانی، زیاتر لە دوو ملیۆن كەس دەبێت و هەریەك لە پێكهاتەكانی عەرەبی سونە و كورد و توركمان و مەسیحی و كوردانی ئێزیدی و شەبەك تێیدا نیشتەجێن، زێی دیجلە بەنێو شارەكە تێپەڕ دەبێت و كردوویەتی بە دوو بەشەوە و بە بەشی ڕاست و چەپی شارەكە ناوزەد كراوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د