بەهێزترین چارەسەر بۆ ڕزگاربوون لە ئازاری دڕكەپەتك

:: PM:04:11:08/04/2017 ‌

دڕكە پەتك واتەشادەمار بە گەورەترین دەماری لەش دادەنرێت كە دەكەوێتە بۆشایی  نێوان ئێسكی بڕبڕەكانی پشت، لە مێشكەوە درێژ دەبێتەوە تا كۆتا دەمار كە دەكەوێتە ماسوولكەكانی بەشی كۆتایی پێیەكانی مرۆڤ، زۆرجار بەهۆی تەنكبوونەوەی كڕكڕاگەی نێوان بڕبڕەكانی پشت و پەستان دروستبوون لەسەر دڕكە پەتك، ئازاری بەهێزی دڕكەپەتك تووشی مرۆڤ دەبێت، بۆ ڕزگاربوون لەم ئازارە و دوو چارەسەری فیزیایی زۆر كاریگەر هەن، پێویستە بیزانن و لەكاتی تووشبوون بەم كێشەیە ئەنجامی بدەن.

ئازاری دڕكەپەتك هۆكارێكە بۆ دروست بوونی ئازاری قاچ ، بێهێزی، سڕ بوون ، دروستبوونی هەستی پیاچوونی ئازارێكی تیژ بە پێست، ئەم ئازارە لە پشت و سمتەوە درێژ دەبێتەوە تا دەگات بە ماسوولكەكانی بەشی كۆتایی پێی مرۆڤ، زۆر جار دروست بوونی ئەم ئازارە لەیەك قاچدا دروست دەبێت.

بەپێی تێپەربوونی كات ئازارەكە بەهێزتر  دەبێت و لە كاتی شەوان لەدوای دانیشتن یان وەستان ، كۆكین و پژمین ژانەكەی زۆرتر دەبێ، لێرەدا باشترین چارەسەری فیزیای دەخەینە ڕوو كەلە لایەن چەندان پزیشكی پسپۆرەوە پشتڕاست كراوەتەوە بۆ ئەوەی كۆتایی بە ئازاری دڕكەپەتك بهێنن و لەو كێشەیە دوور بكەونەوە. ئەو چارەسەرە بریتییە لە گرتنەبەری دوو ڕێگەی سروشتی كە دەتوانن لە هەموو كات و هەموو شوێنێك ئەنجامی بدەن، بە ئەنجامدانیشی ماسوولكەكان ڕادەكشێن و ئازارەكان كەم دەبنەوە.

بە ئەنجامدانی ئەو دوو جۆرە وەرزشە ماسوولكەكان ڕادەكشێن و هەوكردن كەم دەبێتەوە و پشت دەحەسێتەوە، بەڵام پێویستە لە ئەنجامدانی ئەو دوو جۆرە وەرزشە وریا بن، بۆ ئەوەی بە تەواوی ماسوولكەكانی پشت و قاچ بكشێن و خاو ببنەوە، ئەو دوو جۆرە وەرزەشەش بریتین لەمانەی خوارەوە:

یەكەم: پێش هەموو شتێك پێویستە لەسەر زەوی رابكشێیت پاشان نوشتانەوەی قاچەكان و خستنەسەری قاچی راست لەسەر قاچی چەپ، دواتر هەردوو ڕابكێشن، بەبێ‌ جوڵاندنی پشت بەم شێوەیە نزیكەی چەند دەقەیەك بمێنەوە ، بەهەمان شێوە دووبارە هەمان ڕێگە بۆ لای چەپ  ئەنجام بدەن و ئنجا هەر دوو قاچتان درێژ بكەنەوە و دوای چەند چركەیەك هەمان ڕێگە دووبارە بكەنەوە.

دووەم: بەهەمان شێوە لەسەر زەوی لەسەر پشت درێژ ببن، پاشان ئەژنۆی لای ڕاستت بۆ سەر سنگ بنووشتێنەوە و ڕایبكێشن، بەڵام پێویستە ڕاكێشانە بە ئاسایی و ئارامی ئەنجام بدرێت و ناشبێ سمتتان لەسەر زەوی بەرز ببێتەوە، چەند خولەكێك بەمشێوەیە بمێننەوە و دواتر هەمان كار بۆ قاچی لای چەپیشتان ئەنجام بدەن.

ئەنجامدانی ئەم وەرزشە، سووڕی خوێن چالاك دەكاتەوە و ڕێگە لە گرژبوونی ماسوولكەكان دەگرێت، هاوكات ئازاری بەشی  سەرەوەی پشت كەم دەبێتەوە و یارمەتی ڕێك بوونەوەی بڕبڕەكانی پشت دەدات.

سەرچاوە/ dailyhealthkeeper






وشە - ئاوات ئازاد