چەكدارانی داعش رێگەی ئاوارەكانەوە دزە دەكەن ناو كوردستان

:: PM:03:48:06/10/2016 ‌
حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە گرتنەبەری رێوشوێنی تەناهیی توند، پێشوازی لە ئاوارەكانی مووسڵ دەكات. هۆیەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هەندێ "زانیاری نهێنی" باس لە تێكەڵبوونی تیرۆرستانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لەگەڵ ئاوارەكان و هاتنیان بۆ كوردستان دەكەن.

دەست پێكردنی شەڕی رزگاركردنی مووسڵ نزیك بووەتەوە و هەر بەو هۆیەشەوە هەرێمی كوردستان پلانی وردی بۆ وەرگرتن و نیشتەجێكردنی ئەو ئاوارانە داناوە. 

نازم كەبیر جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێییەكان لە پەرلەمانی كوردستان، پیلانێكی (داعش) ئاشكرا دەكات. ئەو، بە "وشە" دەڵێ، "داعش بەرەو نەمانە و چەكدارانی توانای بەرگریكردنیان نەماوە. بەپێی زانیارییەكانی ئێمە، بەشێك لە چەكدارەكان بەرەو هەندێ شوێنی دەرەوەی مووسڵ ڕا دەكەن و بەشێكیان رێگەیەكی تریان دۆزیوەتەوە، ئەویش هاتنە بۆ ناو كوردستان".

كەبیر زیاتر دەڵێ، "زانیاریمان پێ گەیشتووە كە بەشێكی زۆری چەكدارانی داعش دەیانەوێ تێكەڵاوی شاڵاوی ئاوارەكان بن و بێنە ناو خاكی كوردستان. ئەوانە بۆ كاری تیرۆریستی نایەن و دەیانەوێ لە دەست داعش رزگاریان بێت".

هەر ئەو زانیاری و ئەگەرانە بوونەتە هۆی ئەوەی دەستگە تەناهییەكانی كوردستان رێوشوێنی توند بگرنە بەر. 

جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێییەكان لە پەرلەمانی كوردستان، بە پێویستی دەزانێ ئەو ئاوارانە لە نزیك هێڵی پێشەوەی بەرەكانی شەڕ و دوور لە شار و شارۆچكەكانی كوردستان كەمپیان بۆ بكرێتەوە و لەوێ نیشتەجێ بكرێن.

بە پێی زانیارییەكانی نازم كەبیر، تا ئێستە چەندان حاڵەت رووی داوە كە چەكدارانی سەربە داعش لە نێو ئاوارەكانی نیشتەجێ لە سنووری خاكی كوردستان، لەلایەن دەستگە تەناهییەكانەوە گیراون. 

ئەو دەڵێ، "بێگومان دەستگە تەناهییەكانی كوردستان بەردەوام ئاوارەكانیان لەژێر چاودێریدایە. كەسانی متمانەپێكراوی ئەو دەستگەیانە تەنانەت لەناو سنووری دەسەڵاتی داعشدا هەن، بۆیە كۆنترۆڵكردنی دۆخەكە، تا رادەیەك ئاسانە".

سەدان هەزار ئاوارەی نوێ
بە هۆی شەڕی ناوخۆیی سووریا و عێراق، ئێستە ملیۆن و نیوێك ئاوارە لە كوردستان نیشتەجێن و ئەمەش بووەتە "بارگرانی" بە سەر حكوومەتی ئەو هەرێمەوە. 

سەدیق مستەفا حەسەن بەڕێوەبەری بەشی كارگێڕی لە بەڕێوەبەرایەتی كۆچ و كۆچبەران /سەربە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان/، پێی وایە، بەهۆی شەڕی مووسڵەوە، 500 بۆ 700 هەزار كەس ئاوارەی كوردستان دەبن و زیاتر روو لە دهۆك، شێخان، بەعشیقە و مەخموور دەكەن. 

سەدیق مستەفا، دووپاتی دەكاتەوە كە رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان، رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، هاوپەیمانان و حكوومەتی عێراق هاوكاری تەواوی كوردستان دەكەن بۆ وەرگرتنی ئاوارەكانی شەڕی مووسڵ. 

ئەو، بە "وشە" دەڵێ، "لە نزیك هێڵی پێشەوەی شەڕ، سێ كۆمپی نوێمان بۆ ئاوارەكان كردووەتەوە و شوێنیان ئارام و سەقامگیرە و بە هیچ شێوەیەك رێگە نادرێ بێنە ناو شار و شارۆچكەكانی كوردستانەوە".

جموجۆڵە ناوچەیی و ناوخۆییەكان بۆ دەست پێكردنی شەڕی مووسڵ جووڵەی تێكەوتووە، بەڵام ئێستە دمەقاڵەیەكی زۆر لەسەر بەشداری و هاوكاری هێزە دەرەكییەكان لەو ئۆپەراسیۆنانەدا هەیە. 

دوێنێ (چوارشەم – 5ی تشرینی یەكەم)، مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جۆو بایدن جێگری سەرۆكی ئەمەریكا لە رێگەی پێوەندی تەلەفۆنییەوە، باسیان لە دوا گفتوگۆ و ئامادەكارییەكان بۆ شەڕی رزگاركردنی مووسڵ كردووە.

لەو پێوەندییە تەلەفۆنییەدا، جێگری سەرۆكی ئەمەریكا پاڵپشتیی وڵاتەكەی بۆ رێككەوتن و پلانی سەربازیی ئازادكردنەوەی مووسڵ دووپات كردووەتەوە. 

هەروەها هەر دوولا باسیان لە چۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ كێشەی ئاوارەكان كردووە و جێگری سەرۆكی ئەمەریكا وردەكاری پلانی وڵاتەكەی بۆ گرفتی ئاوارەكان و هاوكاری دارایی بۆ ئایندەی مزوسڵ، بۆ بارزانی خستووەتە ڕوو. 

وشە/هەولێر-كاوە جەم 


وشە - وشه‌