به درێژایی نزیكه‌ی 30 كیلۆمه‌تری بازنه‌یی شه‌قامی 100 مه‌تریی هه‌ولێر، هیچ توالێتێكی گشتی نییه، واته ئه‌گه‌ر كه‌سێك بۆ پیاسه، یان وه‌رزش و هه‌ر مه‌به‌ستێكی تر به پیاده به ده‌وری ئه‌م شه‌قامه‌دا بڕوات كه ره‌نگه نزیكه‌ی شه‌ش سه‌عات كاتی تێدا به‌سه‌ر ببات، ناچاره بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستییه جه‌سته‌ییه‌كانی یان بچێته مزگه‌وته‌كان، یانیش هه‌ر له‌سه‌ر شه‌قام و پهناوپێچهكاندا خۆی به‌تاڵ بكاته‌وه، به‌ڵام ئه‌مه به‌ده‌ر نییه له كێشه، چونكه هه‌موو هاووڵاتییان مسوڵمان نین تا بچنه مزگه‌وت و هاوكات ژنانیش ناتوانن بچنه مزگه‌وت، چونكه توالێتی مزگه‌وته‌كان تایبه‌تن به پیاوان، دۆخه‌كه له شه‌قامه سه‌ره‌كییه‌كانی تری وه‌ك 40 مه‌تری، 60 مه‌تری و 30 مه‌تری و شوێنه گشتییه‌كانی تریش به هه‌مان شێوه‌یه.
نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید، قایمقامی قه‌زای ناوه‌ندی هه‌ولێر به "وشه"ی راگه‌یاند، بازاڕه تایبه‌ته‌كان، مۆڵه‌كان و پاركه‌كان توالێتی خۆیان هه‌یه و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی شاره‌وانیش له‌ناو بازاڕی هه‌ولێر چه‌ند توالێتێكی گشتی داناوه، هاوكات ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار له هاوینه‌هه‌وار و شوێنه گه‌شتیارییه‌كان ژماره‌یه‌ك كابینه‌ی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته جێگیر كردووه، هه‌م بۆ پیاوان و هه‌میش بۆ ژنان، به‌ڵام له شوێنانی تری ناو هه‌ولێر، مزگه‌وته‌كان ئه‌و پێداویستییه پڕ ده‌كه‌نه‌وه.
ئه‌وه‌شی گوت، له هه‌موو ئه‌و ماوه‌یه‌ی ئه‌و له پۆستی قایمقامی هه‌ولێر بووه، هیچ هاووڵاتییه‌ك پێشنیازی له‌و شێوه‌یه‌ی بۆ نه‌كردووه كه توالێت و كابینه‌ی تایبه‌ت به خۆبه‌تاڵكردنه‌وه له شوێنه گشتییه‌كان و شه‌قامه سه‌ره‌كییه‌كان دابین بكه‌ن، چونكه له هه‌رێمی كوردستان مزگه‌وتی زۆر هه‌ن كه توالێتیان هه‌یه و هاووڵاتییان له‌و رووه‌وه پشتیان پێ ده‌به‌ستن، بۆ نموونه ته‌نیا له‌ناو بازاڕی هه‌ولێر حه‌وت مزگه‌وت هه‌ن.
"به‌گوێره‌ی یاسا له هه‌رێمی كوردستانیش میزكردن و خۆبه‌تاڵكردنه‌وه له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان قه‌ده‌غه‌یه و سزای له‌سه‌ره، به‌ڵام به هۆی نه‌بوونی توالێتی گشتی و ناچارییه‌وه، زۆرجار چاوپۆشی له جێبه‌جێكردنی ئه‌و یاسایه و سه‌پاندنی سزا ده‌كرێت، به‌ڵام پێویسته هه‌موو كه‌سێك ره‌چاوی نه‌ریته گشتییه‌كان و هه‌ستی خه‌ڵك بكات"، عه‌بدولحه‌مید وای گوت.
قایمقامی هه‌ولێر ره‌تی ده‌كاته‌وه، له ئێسته‌دا هیچ پڕۆژه و پلانێك بۆ دابینكردنی توالێتی گشتی له ئارادا بێت، ئه‌مه‌ش چونكه ئێسته به هۆی ته‌نگژه‌ی دارایییه‌وه، سه‌رنجه‌كان زیاتر له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ئه‌و پڕۆژانه‌یه كه زۆرتر پێویست و هه‌نووكه‌یین.
ئامینه مه‌حموود، ژنێكی دانیشتووی هه‌ولێره و پیشه‌ی پارێزه‌ره، به "وشه"ی راگه‌یاند، له ژیان و گه‌شتكردنم بۆ وڵاتانی توركیا، ئه‌مه‌ریكا، ئه‌ڵمانیا، سوید، فڕه‌نسا و یۆنان، به ته‌واوی ئه‌و جیاوازییه‌ی ئه‌وانم له‌گه‌ڵ كوردستان بینیوه، له زۆربه‌ی شاره‌كانی دنیا، له نێوان رێگه‌ی دوو سه‌عات رۆیشتن به پێ، لانی كه‌م سێ توالێت ده‌كه‌وێته به‌رچاوی پیاده، كه هه‌مووشیان به شێوه‌یه‌كی گونجاو رێكخراون و پاكوخاوێنییان پارێزراوه، له كوردستان توالێته گشتییه‌كان سه‌رباری كه‌میی ژماره‌یان و نه‌بوونیان له زۆر شوێن، پاكوخاوێنیش نین.
"پێویسته كاربه‌ده‌ستان و دامه‌زراوه‌ی پێوه‌ندیدار گرنگی به‌م لایه‌نه‌ی شارسازی بده‌ن و له هه‌موو شوێنه پێویسته‌كان توالێتی گشتی دابین بكه‌ن، چونكه له ئێسته‌دا خه‌ڵك به گشتی و ژنان به تایبه‌ت ناچارن له حاڵه‌تی پێویستییان به توالێت، به ئۆتۆمبێل خۆیان بگه‌یه‌ننه‌وه ماڵه‌كانیان و ئه‌و پێداویستییه بۆ خه‌ڵك پڕ نه‌كراوه‌ته‌وه". ئامینه وای گوت.
یوونس راوی، نووسه‌ر و پارێزه‌ر بۆ "وشه" گوتی، هه‌بوونی توالێت له شوێنه گشتییه‌كان و شه‌قامه‌كان پێداویستییه‌كی سه‌ره‌تایییه و ئه‌م دۆخه‌ی ئێسته له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه به ته‌واوی ناته‌ندروسته، چونكه له زۆرێك له وڵاتانی دنیا یان شاره‌وانییه‌كان دابینی ده‌كه‌ن، یانیش حكوومه‌ت دابینكردن و به‌ڕێوه‌بردنی توالێته‌كان به ته‌نده‌ر ده‌سپێرێته كۆمپانیاكان، به‌مه‌ش تاكه‌كان ده‌بێ به پاره بچنه توالێتهكانهوه، كه ئه‌مه‌ش هه‌ر گونجاوتره به‌راورد به‌وه‌ی كه ئێسته له كوردستان توالێتی گشتی هه‌ر بوونی نییه.
راوی، به‌شێكی هۆكاری ئه‌وه‌ی كه تا ئێسته دروستكردنی توالێت له شوێنه گشتییه‌كان نه‌بووه‌ته بابه‌تێكی جێی باس و هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی نه‌دراوه، ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان، به ئاستێكی به‌رچاو له‌ژێر كاریگه‌ریی كولتووری ئیسلامی و عه‌ره‌بیدایه، ئه‌وه‌ش چونكه عه‌ره‌به‌كان له مێژوودا توالێتیان نه‌بینیبوو و چۆڵه‌وانییه‌كان (خۆیان ده‌سته‌واژه‌ی "خلاْ "ی بۆ به‌كار ده‌هێنن)یان بۆ مه‌به‌ستی خۆبه‌تاڵكردنه‌وه به‌كار ده‌هێنا، ته‌نانه‌ت له كاتی داگیركردنی ناوچه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی فارس له میانه‌ی فتووحاتدا كه بۆ یه‌كه‌م جار توالێتیان لای ئه‌وان بینی، به‌لایانه‌وه دیارده‌یه‌كی نامۆ بوو و ڕووخاندیانن.
"به‌شێكی تر له هۆكاره‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ عه‌قڵیه‌تی فه‌نده‌مێنتاڵ و ئوسووڵی، كه هه‌ندێك كه‌س ده‌خوازن باپیرانیان چۆن ژیاون، ئه‌وانیش به هه‌مان شێوه بژین، به شێوه‌یه‌ك تا ئێسته له كۆلێژی شه‌ریعه‌ی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین بابه‌تی "الاحكام الاستنجاْ " ده‌خوێنرێت، تێیدا باس له‌وه ده‌كرێت كه چوویته گه‌شت، ده‌بێ سێ به‌رد له‌گه‌ڵ خۆت ببه‌یت بۆ پاككردنه‌وه‌ی جه‌سته دوای خۆبه‌تاڵكردنه‌وه له چۆڵه‌وانیدا، ئه‌مه‌ش نیشانه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی كه عه‌قڵیه‌تێك هه‌یه تا ئێسته نایه‌وێت له‌گه‌ڵ كولتووری توالێت و پاكوخاوێنیی سه‌رده‌م خۆی بگونجێنێت". راوی وای گوت.
ئه‌و نووسه‌ره ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، ناكرێ به هۆی هه‌بوونی توالێتی مزگه‌وته‌كان، بگوترێ كه بوونی توالێتی گشتی پێویست نییه، چونكه توالێتی مزگه‌وته‌كان بۆ ژنان نییه و هاوكات پیاوانیش هه‌موویان مسوڵمان نین، ره‌نگه پیاوێك ئه‌گه‌ر پێویستیشی به توالێت هه‌بێت نه‌چێته مزگه‌وت، چونكه ده‌ترسێت به هۆی ئیحڕاجییهوه دوای ئه‌وه تووشی نوێژكردن ببێت.