له‌كاتى كاركردن له پڕۆژه‌یه‌كى بیناسازى له ناو بازاڕى شارى هه‌ولێر، شوێنه‌وارێك ده‌رده‌كه‌وێت كه هاوسه‌رده‌م و هاوشێوه‌ى دوو مهزارگهكهى تره كه پێشتر له لایه‌ن شوێنه‌وارناسانه‌وه له شاره‌كه‌دا دۆزراونه‌ته‌وه.
له پاش ئاگاداركردنه‌وه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى شوێنه‌وارى هه‌ولێر له لایه‌ن پۆلیسى هه‌ولێره‌وه له‌باره‌ى دۆزینه‌وه‌ى شوێنێكى شوێنه‌وارى له‌ناو جه‌رگه‌ى شارى هه‌ولێر، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى شوێنه‌وار بڕیار له پێكهێنانى لیژنه‌یه‌ك له شوێنه‌وارناسه به ئه‌زموونه‌كان ده‌دات بۆ لێكۆڵینه‌وه و هه‌ڵكۆڵین له شوێنه‌كه. له ئه‌نجامى هه‌ڵكۆڵین، بۆ تیمه‌كه ده‌ركه‌وت ئه‌و شوێنه‌واره شوێنى مه‌زارگه‌یه‌كى كۆنه و مێژووه‌كه‌ى بۆ سێ هه‌زار تا سێ هه‌زار و 500 ساڵ پێش ئێسته ده‌گه‌ڕێته‌وه.
به‌پێى به‌دواداچوونى "وشه"، سێ تابووتى گڵینه كه به‌مه‌به‌ستى ناشتنى ته‌رمى كه‌سانى پله و پایه‌به‌رز به‌كار هاتووه، له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك ئێسك و پرووسك و مت و مۆرى و زیاتر له 70 پارچه گۆزه له شوێنه‌كه‌دا دۆزراونه‌ته‌وه و به‌مه‌به‌ستى لێكۆڵینه‌وه بۆ به‌شى تاقیگه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى شوێنه‌وارى هه‌ولێر گواستراونه‌ته‌وه.
نادر بابه‌كر به‌ڕێوه‌به‌رى شوێنه‌وارى هه‌ولێر به "وشه"ى راگه‌یاند، "به‌ڵێننامه‌مان له خاوه‌نى پڕۆژه بیناسازییه‌كه وه‌رگرتووه تا به‌مه‌به‌ستى پاراستنى شوێنهوارهكه، كاره بیناسازییهكانى له‌و شوێنه‌دا رابگرێت".
ئه‌وه یه‌كه‌م مه‌زارگه‌ى له‌و شێوه‌یه نییه له كوردستان ده‌دۆزرێته‌وه، به‌ڵكو پێشتریش له گردى كلكه مشك و گه‌ڕه‌كى عه‌ره‌بانى شارى هه‌ولێر، مه‌زارگه‌ى هاوشێوه دۆزراوه‌ته‌وه كه هه‌ر سێیان له رووى بیناسازى و دیزاین و جۆرى كه‌رپووچ و ته‌نانه‌ت كه‌وانه‌ى ده‌رگه‌كانیان له‌یه‌ك ده‌چن.
دكتۆر دڵشاد زاموا مامۆستا له به‌شى شوێنه‌وارناسى زانكۆى سه‌ڵاحه‌دین له‌باره‌ى مێژووى ئه‌و گۆڕانه‌وه بۆ "وشه"ى روون كرده‌وه، "گۆڕی گۆمهزدار له ساڵانى 1800 پێش زایین له وڵاتى بابل ده‌ركه‌وتووه، هه‌ر ئه‌وكات گه‌لانى كۆنى كوردستان ئه‌م جۆره گۆڕه‌یان له‌وانه‌وه وه‌رگرتووه و كۆنترین گۆڕى گۆمهزدارى له‌و جۆره كه له كوردستاندا دۆزرابێته‌وه، له گردى به‌كرئاوا له شارى هه‌ڵه‌بجه دۆزراوه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌م گۆڕانه‌ى له هه‌ولێر دۆزراونه‌ته‌وه، هه‌زار ساڵ دواى ئه‌و گۆڕه بنیات نراون و بۆ سه‌رده‌مى ئاشوورى نوێ ده‌گه‌ڕێنه‌وه".
زاموا دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه، "ئه‌م جۆره گۆڕانه‌ى هه‌ولێر له ژێر كاریگه‌رى ئاشورییهكاندا دروست كراون، ئه‌وكات هه‌ولێر پایته‌ختێكى ئاینى ئاشوورییه‌كان بووه و په‌رستگه‌ى خواوه‌ندى جه‌نگى ئاشوورى (عه‌شتار)ى لێ بووه".
له ناو گۆڕه كۆنه‌كه‌ى ناو بازاڕى هه‌ولێر، كۆمه‌ڵێك قاپ و گۆزه‌ى گڵینه دۆزراونه‌ته‌وه كه به گوته‌ى شوێنه‌وارناسان، بۆ بڕواى پێشینان له‌سه‌ر زیندووبوونه‌وه‌ى مردووه‌كان و دووباره ژیانه‌وه‌یان له جیهانێكى تر ده‌گه‌ڕێته‌وه.
له ناو گۆڕه دۆزراوه‌كه‌ى نزیك بازاڕى شێخى چۆلى، چوار تاق هه‌یه كه هه‌ندێك له شوێنه‌وارناسان پێیان وایه به مه‌به‌ستى رووناكى وه‌رگرتن به‌كار هاتووه، به‌ڵام دڵشاد زاموا ده‌ڵێ، "له ناو گۆڕه‌كه‌دا چه‌ند تاقێك هه‌ن، له‌وانه‌یه یه‌كێكیان بۆ دانانى چرا بووبێت، به‌ڵام هه‌ر له یه‌كێك له‌و تاقانه‌دا ده‌بێت نووسینێك هه‌بووبێت كه باس له خاوه‌نى گۆڕه‌كه و ئه‌و نزا و نه‌فره‌تانه بكات كه هه‌ر كه‌سێك ئه‌م گۆڕه بكاته‌وه و ده‌ستكارى شته‌كان بكات، خواوه‌نده‌كان تۆڵه‌ى لێ بكه‌نه‌وه، به به‌ڵگه‌ى ئه‌وه‌ى یه‌كێك له تابووته گڵێنهیییهكان شكاوه و ئێسكى مردووه‌كه‌ى ناوى ده‌ستكارى كراوه، له‌وانه‌یه ئه‌م گۆڕه له كۆندا دزى لێ كرابێت، چونكه له‌گه‌ڵ مردووه‌كاندا هه‌ندێك خشڵ و زێڕ و زیو داده‌ندران".
له زانستى شوێنه‌وارى، لێكۆڵینه‌وه له مه‌زارگه‌كان و شێوازى ناشتنى مردوو، بابه‌تێكى هه‌ره گرنگه كه ده‌كرێت زۆرتر گرنگى پێ بدرێت و ببێته سه‌رچاوه‌یه‌ك له بوارى گه‌شتوگوزارى شوێنه‌وارى له كوردستاندا.
هه‌ولێر- سارا سه‌ردار