به‌یانی رۆژی هه‌ینی 21 تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ر تیرۆریستانی داعش دزه‌یان كرده ناو شاری كه‌ركووك و له چه‌ندان گه‌ڕه‌كی باشووری شاره‌كه بڵاوبوونه‌وه و هێرشیان كرده سه‌ر وێستگه‌ی كاره‌بای شاره‌دێی دوبسی رۆژئاوای كه‌ركووكیش، دوێنێ شه‌موو ره‌وشی كه‌ركووك ئارام بووه‌وه و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و هێزه ته‌ناهییه‌كانی تری كه‌ركووك توانیان تیرۆریستان له‌ناوببه‌ن، ئه‌مڕۆش قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ هه‌ڵگیرا و ده‌وام به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی ده‌ستی پێ كرده‌وه، ئه‌وه‌ی جێی پرسیاره ئەوەیە كه ئه‌و چه‌كدارانه‌ی رێكخراوی تیرۆریستی داعش چۆن هاتوونه‌ته كه‌ركووك و زۆربه‌ی به‌رپرسانی ته‌ناهی و میدیاكانی جیهان بڵاویان كردووه‌ته‌وه كه داعش له ڕێی گوندی به‌شیر و ساری ته‌په له باشووری رۆژهه‌ڵاتی كه‌ركووك كه میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی تێیدان، دزه‌یان كردووه و هاتوونه‌ته كه‌ركووك، ئه‌مه‌ش گومانی ئه‌وه‌ی زیاد كردووه، كه ئێران ده‌ستی له پشتی ئه‌م كاره‌وه هه‌بێت.
نزیكه‌ی 100 چه‌كداری داعش و چه‌ندان ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو و جۆره‌ها چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی لای ئه‌و تیرۆریستانه بووه كه هاتوونه‌ته ناو شاری كه‌ركووك، هاتنی ئه‌و ژماره زۆره‌ی چه‌كداران و به‌و چه‌ك و كه‌لوپه‌له سه‌ربازییه قورسانه، گومانی زۆری هێناوه‌ته ئاراوه كه ئه‌مانه به پلان و به پشتیوانی و به‌رچاوڕوونی كه‌سانی تره‌وه گه‌یه‌نراونه‌ته كه‌ركووك.
گوندی به‌شیر یه‌كێكه له گونده‌كانی باشووری رۆژهه‌ڵاتی كه‌ركووك، زۆرینه‌ی هه‌ره زۆری دانیشتووانی توركمانی شیعه‌ن، له كۆتاییه‌كانی 2014 میلیشیاكانی شیعه له تیرۆریستانیان پاك كردنه‌وه و له‌و كاته‌وه‌ش ئه‌وان له‌و ناوچه‌یه‌ن و پێشمه‌رگه‌ی لێ نییه، كه‌ناڵه‌كان به‌وێنه و ڤیدیۆوه پاشماوه‌ی هاتنی ئه‌و تیرۆریستانه‌یان له‌و رێگه‌یه‌وه بۆ ناو كه‌ركووك بڵاوكرده‌وه، به‌ڵام هاتنی تیرۆریستان به‌و رێگه‌یه‌وه بێ به‌رچاو ڕوونی و چاوساغ ئه‌سته‌م و ته‌واو قورسه.
شاخه‌وان عه‌بدوڵا ئه‌ندامی لێژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له پێگه‌ی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی نووسیویه‌تی، ئه‌و چه‌كدارانه‌ی رێكخراوی تیرۆریستی داعش كه دزه‌یان كرده ناو كه‌ركووك، له باشووری رۆژهه‌ڵاتی كه‌ركووكه‌وه هێنراونه‌ته ناو شاره‌وه.
ئاماژەی داوە، ئەو هێزەی داعش تەواو مەشقپێکراو بوون لەسەر چەکی قەناس و رووبەرووبونەوە، هەموویان ریشیان هەبوو و لە دەرەوەی کەرکووک و بەتایبەتی باشوری رۆژهەڵاتەوە هێنراون و لایەنێکی دەولی هاوکاریان بووە.
له باشووری رۆژهه‌ڵاتی كه‌ركووك ته‌نیا رێگه كه به ده‌ست هێزه‌كانی پێشمه‌رگه نه‌بێ، رێگای گوندی به‌شیر و دواتریش گوندی ساری ته‌په‌یه كه له‌لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبییه‌وه ئه‌و گوندانه ده‌پارێزرێن و هه‌موو به‌ڵگه و راستییه‌كان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه تیرۆریستان له‌و رێگه‌یه‌وه هێنراونه‌ته كه‌ركووك و زۆریش په‌نجه‌ی گومان بۆ ده‌ست هه‌بوونی ئێران له‌و پیلانه مه‌ترسیداره ده‌بردرێ، بۆ ئه‌وه‌ی میلیشیاكان بگه‌یه‌نێته ناو كه‌ركووك به بیانووی رزگاركردنه‌وه‌ی له ده‌ستی تیرۆریستان ئه‌مری واقیعێك له كه‌ركووك دروست بكات و میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی بچنه ناو شاره‌كه‌وه.
ئه‌وه‌ی گومانه‌كانیشی زیاتر كردووه، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 23 تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ر رۆژێك دوای نه‌هێشتنی تیرۆریستان له كه‌ركووك و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئارامی بۆ شاره‌كه و سه‌رنه‌كه‌وتنی پیلانی تیرۆریستان، قاسم سوله‌یمانی فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسداران له شاری سلێمانی ده‌ركه‌وت و سه‌ردانی ماڵی شه‌هیدی فه‌رمانده لیوا حوسێن مه‌نسووری كردووه له گه‌ڕه‌كی سه‌رچناری شاری سلێمانی.
چاودێرانی سیاسی عێراق دەرکەوتنی فەرماندەی سوپای قودس لە دوای رووداوەکەی کەرکووک بەبێ هۆکار نازانن و پێیان وایە هێنانی هێزێکی تۆکمەی داعش بۆ شاری کەرکووک لە سنووری ژێر دەسەڵاتی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، پلانێک بووە بۆ شەرعییەت وەرگرتنی ئەو میلیشیایە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە ناو شاری کەرکووک و سیناریۆیەکی هاوشێوەی خورماتوو دووبارە بکرێتەوە.
حەشدی شەعبی و بەشێک لە سوپای عێراق و وەزارەتی ناوخۆ و دەزگەکانی هەواڵگری عیراق بەتەواوەتی کەوتوونەتە ژێر فەرمانی بەرپرسی هێزی قودسی سوپای پاسداران. کۆنتڕۆڵکردن و بەڕێوەبردنی پارێزگای کەرکووک لەلایەن هێزی پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان، واتای پەکخستنی پڕۆژەی "هیلالی شیعی" کۆماری ئیسلامی ئێران کە بە "قوڵایی ستراتیژی" سیاسیی خۆی وەسفی دەکات.
وەک لە بەدواداچوونەکەی شاخەوان عەبدوڵا دەرکەوتووە، لایەنێکی نێودەوڵەتی هاوکاری هاتنە ناوەوەی داعشی کردووە بۆ ئەوەی لە سنوورەکانی ژێر ده‌ستی حەشدی شەعبییەوە دزە بکەنە ناو شاری کەرکووک و بەدەر لە هێزی قودسی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ وڵات و لایەنیک نییە بتوانیت فەرمانێکی لەو شێوەیە بە حەشدی شەعبی بدات.
دەرکەوتنی قاسم سولەیمانی لە عێراق، بەتایبەت لە گەرمەی شەڕی حەلەب کە تیایدا رۆژانە دەیان ئەندام و فەرماندەی سوپای قودس دەکوژرێن تەنیا بە نیازی سەردانیکردن لە بنەماڵەی شەهیدێکی کوردستان ئەستەمە و بەشێک لە شرۆڤەکارانی سیاسیی عێراق پێیان وایە، کۆماری ئیسلامی ئێران بە هاوکاری حەشدی شەعبی و هەندێک لایەنی سیاسیی عێراقی، هەوڵیان داوە لەکاتی سەرقاڵبوونی جیهان بە شەڕی رزگارکردنەوەی مووسڵ، داعش بخزێننە ناو که‌رکووکەوە و لەو رێگەیەوە پاساوێک بدۆزنەوە بۆ هێنانەوەی میلیشیاکانی شیعە بۆناو شاری کەرکووک.