پلانی ئەمەریكا بۆ داعش و ئەسەد لە سووریا چییە؟

وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا رای گەیاند كە فەرمانڕەوایی خێزانی ئەسەد لە سووریا خەریكە لە كۆتاییەكەی نزیك دەبێتەوە و رووسیاش لە نێوان دوو بژارەوە سەرپشكە، یان هاتنە ریزی ئەمەریكا وەیا چوونە ریزەكانی ئێران و حزبوڵاوە، هاوكات ئەمەریكا و سعوودیە و توركیا و قەتەڕ و ئیمارات و ئوردن ئەگەرەكانی چارەنووسی ئەسەد و داعش لە سووریا تاوتوێ دەكەن و پلانی ئەمەریكا بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ داعش و ئەسەد دەخرێتە روو.

رێكس تیلەرسن وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ئەمڕۆ سێشەم لە ئیتاڵیا لە سەروبەندی كۆبوونەوەكانی گرووپی حەوت گەورە وڵاتی پیشەسازی دنیا رای گەیاند كە شتێكی روونە بۆ هەمووان كە فەرمانڕەوایی خێزانی ئەسەد لە كۆتاییەكەی نزیك بووەتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دووپاتی لەوە كردەوە كە پێویستە رووسیا لە نێوان هاتنە ریزی ئەمەریكا و وڵاتانی هاوئاراستەی یان چوونە ریزەكانی ئێران و حزبوڵای لبنانی خۆی یەكلایی بكاتەوە.

لای خۆیەوە وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا "پنتاگۆن" رای گەیاند كە ئەو هێرشە مووشەكییەی رۆژی هەینی كرایە سەر فڕۆكەخانەی سەربازیی شوعێرات لە پارێزگەی حمس لە ناوەڕاستی سووریا، 20%ی توانا سەربازی فڕۆكەیی سووریای لەناوبرد و توانای بەكارهێنانی چەكی كیمیایی رژێمی ئەو وڵاتەشی لاواز كرد، وەك جیم ماتیس وەزیری بەرگری ئەمەریكا دوێنێ رای گەیاند.

لای خۆیەوە تۆڕی هەواڵی "ئای بی سی" ئەمەریكایی رای گەیاند كە وەزیرانی دەرەوەی چوار وڵاتی عەرەبی بێجگە لە ئەمەریكا و توركیا ئەمڕۆ سێشەم وردەكاری سەرەتایی پلانێكی ئەمەریكا لەبارەی سووریاوە تاوتوێ دەكەن، كە لە رۆژانی دوایی لە دوای هێرشەكەی ئەمەریكا بۆسەر سوپای سووریا گەڵاڵە بووە.    

بەپێی ئاژانسەكە ئەمڕۆ لە ئیتاڵیا وەزیرانی دەرەوەی ئەمەریكا و توركیا و هەریەك لە سعوودیە و ئیمارات و قەتەر و ئوردن لە كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە سووریا كۆ دەبنەوە، چاوەڕوانیش دەكرێت لەو كۆبوونەوانە وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا پلانی وڵاتەكەی لە سووریا بخاتە روو.
بەپێی ئاژانسەكە پلانەكەی ئەمەریكا پڕۆگرامێكی هاوبەش لە دوو قۆناغ لەخۆ دەگرێت كە ماوەی نێوانیان دیار نییە، یەكەمیان سەربازییە بەمەبەستی نەهێشتنی داعش لە مۆڵگەكانی لە باكوری سووریا و باكوری عێراق و پەرتكردنی هێزەكانی بۆ هێزی بچووك كە بتوانرێت دواتر مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت بەپێی دۆخی هەر وڵاتێك كە داعشی تیادابێت.

دووەم قۆناغیش لە پلانەكەی ئەمەریكا دووبارە دەستكردنەوە بە پڕۆسەی سیاسییە بۆ سووریا بە پێشمەرجی وەدەرنانی بەشار ئەسەدی سەرۆكی سووریایە لە گۆڕەپانەكە لە رێگەی رێككەوتننێكی سیاسییەوە كە هەمووان تیایدا بەشدار بن لەوانەش رووسیا، نەوەك لە رێگەی پرۆسەیەكی سەربازی بە هاوشێوەی لیبیا بۆ رێگرتن لەوەی لەوێ رووی دا لە دوای رووخاندنی موعەمەر قەزافییەوە. 

چاودێران باس لە بوونی پێوەندییەك لە نێوان خێرابوونی جموجۆڵە سەربازییەكانی دوایی لە سووریا و پلانەكەی ئەمەریكا دەكەن وەك هەوڵێكی پێشوەختە بۆ لەباربردنی هەوڵەكانی داعش بۆ گواستنەوەی مۆڵگە و بارەگەكانی لە رەقە و مووسڵەوە بەرەو ناوچەكانی سێگۆشەی سنووری لە نێوان سووریا و ئوردن و عێراق.

هەر لەو ناوەشدا ئەوان باسی بوونی پڕۆژەیەك دەكەن كە شای ئوردن لە كاتی سەردانیكردنی بۆ واشنتن و لەندەن باسی لێوە كردووە بۆ پێكهێنانی هێزێكی كاردانەوەی خێرای ئوردن بە پاڵپشتی وڵاتانی ناوچەكە بۆ لەباربردنی پلانەكەی داعش بۆ گواستنەوەی مۆڵگەكانی بۆ باشووری سووریا.

بەپێی سەرچاوەكان دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و خاتوو تیریزا مای سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا ستایشی رۆڵی سوپای ئوردنیان كردووە و تاوتوێی پڕۆگرامێكیان كردووە بۆ مەشق پێكردنی ئەو سوپایە بۆ زیادكردنی تواناكانی بۆ ئەنجامدانی ئەو ئەركانەی پێی دەسپێردرێت لەو ناوەدا. 

هەروەها بڕیارە لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لەگەڵ هاوتاكانی لە توركیا و سعوودیە و قەتەر و ئیمارات و ئوردن لە ئیتاڵیا باسی پرسی ناوچە ئارامەكان بكرێت كە ترەمپ دەیەوێ بە پاڵپشتی دارایی وڵاتانی كەنداو لە سووریا دروستیان بكات.

ئەمڕۆ جان مارك ئیرۆلت وەزیری دەرەوەی فڕەنسا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ئاشكرای كرد، هەموو بەشدارانی گرووپی حەوت و هەریەك لە وڵاتانی قەتەر و ئوردن و ئیمارات و سعوودیە و توركیا سوورن لەسەر ئەوەی، هیچ داهاتوویەكی ڕوون بۆ سووریا نابێ ئەگەر ئەسەد لە دەسەڵات بمێنێتەوە، ئەمەش هەڵوێستێكی دوژمنكارانە نییە دژ بە ڕووسیا، بەڵكو دەست درێژكردنە بۆ شەفافیەت و ئیتر بەسە، دەبێت دووڕوویی بوەستێ و بەشێوەیەكی ڕاست و ڕوون پرۆسە سیاسییەكە هەڵوێستی لەسەر وەربگیرێت.

دوێنێ دووشەم و ئەمڕۆ سێشەم وەزیرانی دەرەوەی حەوت وڵاتە پیشەسازییەكە لە شاری تۆسكانای ئیتاڵیا كۆ بوونەوە، بە ئامانجی هەوڵدان بۆ چارەسەری ململانێكانی سووریا.

سەرچاوە: مەیادین


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل


PM:06:56:11/04/2017




ئه‌م بابه‌ته 641 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌