رائید فه‌همی وه‌زیری پێشووی ته‌كنه‌لۆجیا و زانستی عێراق و سه‌رۆكی پێشووی لیژنه‌ی جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140ی ده‌ستووری عێراق، باسی ورده‌كاریی و هۆكانی جێبه‌جێ نه‌كردنی ماده‌ی 140 به تایبه‌تی له كه‌ركووك بۆ "وشه" ده‌كات و ده‌ڵێ, بێجگه له هۆی دارایی، هێزه سیاسییه‌كانیش ویستی جێبه‌جێ نه‌كردنی ماده‌كه‌یان هه‌بوو.
فه‌همی دووپاتی ده‌كاته‌وه كه "دۆخه‌كه وا بڕوات، ناڵێین جه‌نگ، به‌ڵام زیاتر له ئاڵۆزیی له نێوان پێكهاته‌كانی لێ ده‌كه‌وێته‌وه".
*كاره‌كانی ماده‌ی 140 به‌چی گه‌یشتووه و ده‌توانین بڵێین ئه‌و ماده‌یه له رووی ده‌ستوورییه‌وه ماوه‌ی به‌سه‌ر چووه و لیژنه‌كه ئێسته له چ دۆخێكدایه؟
ماده‌كه به‌سه‌ر نه‌چووه، وه‌ك له ده‌ستوور باسی لێوه كراوه ده‌بوو له كۆتای 2007 جێبه‌جێ بكرایه، به‌ڵام ئه‌وه ئه‌گه‌ر جێبه‌جێ بكرێت، به‌ڵام دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه تا ئێسته ئه‌و مه‌به‌ستانه‌ی ماده‌كه‌ی بۆ دانراوه، جێبه‌جێ نه‌بووه. بۆیه تا ئێسته‌ش كاری پێ ده‌كرێت و زیندووه تا گه‌یشتن به ئامانجه‌كانی، هه‌روه‌ها لیژنه‌ی جێبه‌جێكردنیشی له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌دا تا 2014 كاری له‌سه‌ر كردووه و له‌كاركردن به‌رده‌وام بووه، بۆیه ئه‌گه‌ر جێبه‌جێ نه‌كردنی هه‌ر ماده‌یه‌كی ده‌ستوور بكرێته پێوه‌ر بۆ به‌سه‌رچوونی، ئه‌وه چه‌ندان ماده‌ی تریش هه‌ن پێویسته به‌سه‌رچوو بن.
*دوا كار و چالاكییه‌كانی لیژنه‌ی جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 چییه، راسته لیژنه‌كه بودجه‌ی بۆ ته‌رخان نه‌كراوه چالاك نییه؟
من له 2007ه‌وه تا سه‌ره‌تای 2011 سه‌رۆكی لیژنه‌كه بووم و له‌وانه‌یه زانیاریی زۆرم بۆ دوای ئه‌و ماوه‌یه نییه، به‌ڵام گۆڕانكارییه‌كی ئه‌وتۆ رووی نه‌داوه، له‌وه‌ته‌ی لیژنه‌كه‌م جێ هێشتووه، ئێمه له‌وكاته كارمان بۆ جێبه‌جێكردنی هه‌رسێ قۆناغی ماده‌كه كرد، به‌تایبه‌تی قۆناغی ئاساییكردنه‌وه كه بریتییه له یه‌كه‌م نه‌هێشتنی هه‌موو شوێنه‌واره سیاسییه‌كان و گۆڕانكارییه‌كانی سه‌رده‌می رژێمی پێشوو كراون به‌مه‌به‌ستی گۆڕینی دیمۆگرافی له كه‌ركووك، بێجگه له گۆڕینی سنووره‌كانی كارگێڕیی پارێزگاكه، بۆیه مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی قۆناغی ئاساییكردنه‌وه چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و پرسانه بووه، ئه‌وه‌ش له رێگه‌ی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌ی راگواسترابوون، هه‌روه‌ها قه‌ره‌بووش بكرێنه‌وه، هه‌روه‌ها گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی كاتی خۆی هێنرابوونه كه‌ركووك، بۆ ناوچه ره‌سه‌نه‌كانیان له رێگه‌ی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یان له رووی دارایی و گواستنه‌وه‌ی ره‌گه‌زنامه‌كانیان بۆ شوێنی پێشووی خۆیان، هه‌موو ئه‌وانه‌ش پێویسته به‌زۆر نه‌كرێت و ئاره‌زوومه‌ندانه بێت و ئه‌وانه‌شی ناگه‌ڕێنه‌وه، ئه‌وه راپرسی كه سێیه‌م قۆناغه نایانگرێته‌وه. به‌پێی ئه‌و سازانه‌ی كراوه ئه‌وانه‌ی له ریفراندۆم ده‌نگ ده‌ده‌ن، خه‌ڵكی ره‌سه‌نی كه‌ركووكن.
دووه‌میش بریتییه له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك له بڕیاره‌كانی ئه‌نجوومه‌نی به‌ناو شۆڕشی پێشوو كه پێویسته له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه بێته هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه، چونكه ئه‌وه له ده‌سه‌ڵاتی لیژنه‌كه نییه، به‌داخه‌وه له‌كاتی ئێمه و تا ئێسته‌ش هه‌ڵنه‌وه‌شێنراونه‌ته‌وه. سێیه‌م ئه‌و بڕیارانه بوو كه لیژنه‌ی كاروباری باكور ده‌ری كردوون كه لیژنه‌یه‌كی جێبه‌جێكار بووه و ده‌توانرا بڕیاره‌كانی له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه‌وه بێته هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه، به‌ڵام ئه‌وانه‌ش ههڵنهوهشێنرانهوه، بۆیه له ئه‌نجامی ئه‌وانه‌ی باس كران، پێشكه‌وتن نییه.
دواتر تا ئێسته پێناسه‌یه‌كی دیاریكراو بۆ كه‌ركووك نییه كه ماده‌كه باسی لێوه ده‌كات، ئاخۆ مه‌به‌ستی شاری كه‌ركووكه یان پارێزگای كه‌ركووكه، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست پارێزگاكه‌یه ئه‌وه‌یه كه له 2003 هه‌بووه یان ئه‌وه‌ی له 1968، واته به گۆڕانكارییه‌كانه‌وه یان وه‌ك خۆی به‌ر له 1968، پێویسته ئه‌و بابه‌تانه یه‌كلا ببنه‌وه، به‌ڵام یه‌كلا نه‌بوونه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها پێویسته یه‌كلا ببێته‌وه كێن ئه‌وانه‌ی به‌شداری له ریفراندۆم ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها پرسی زه‌وییه‌كان كه رژێمی پێشوو له كه‌سانێكی زه‌وت كردووه و به‌سه‌ر كه‌سانی تری دابه‌ش كردووه، ئه‌وانه‌ش به ته‌واوه‌تی یه‌كلا نه‌كراونه‌ته‌وه، بۆیه نه‌ده‌كرا بچینه ناو قۆناغی دووه‌م و سێیه‌م.
*هۆی تێپه‌ڕ نه‌كردنی قۆناغی ئاساییكردنه‌وه و جێبه‌جێكردنی ته‌واوی ماده‌ی 140، چییه؟
ده‌مانتوانی قۆناغه‌كان ببڕین و ماده‌كه جێبه‌جێ بكه‌ین، بۆیه هۆكاره‌كانی گه‌یشتن به‌و ئه‌نجامه بۆ نه‌بوونی ویستی سیاسی ده‌گه‌ڕێنینه‌وه، واته هێزه سیاسییه‌كان ویستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان نه‌بوو، هه‌روه‌ها ده‌وڵه‌ت ده‌یتوانی بۆ لایه‌نه دارایییه‌كه پشت به سه‌نه‌دی دارایی ببه‌ستێت، بۆیه ئه‌گه‌ر ویستێكی رژد هه‌بووایه جێبه‌جێكردنیش ده‌كرا كه پێویستی به وتوێژ هه‌یه، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر راپرسی بكرێت و به‌شێك له پێكهاته‌كانی كه‌ركووك رازی نه‌بن، ئاڵۆزی و كێشه دروست ده‌بێت و چه‌ند لایه‌نێكیش هه‌له‌كه ده‌قۆزنه‌وه بۆ تێكدانی دۆخی شاره‌كه، هه‌روه‌ها پێویست به گره‌نتی ده‌كات بۆ هه‌موو خه‌ڵكی كه‌ركووك له هه‌موو پێكهاته‌كان به‌وه‌ی ئه‌نجامی راپرسییه‌كه هه‌رچییه‌ك بێت به چوونه سه‌ر كوردستان یان نا، مافی ئه‌وان پارێزراوه.
*كه‌واته هۆی جێبه‌جێ نه‌كردنی ماده‌كه بۆ ماده‌كه خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه یان خراپی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ماده‌كه، یا كێشه‌كه له لیژنه‌ی جێبه‌جێكاری مادهكهدایه؟.
كاری لیژنه‌كه جێبه‌جێكردنی ماده‌یه‌كی ده‌ستووره، ئێمه ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تی هه‌مووانمان بۆ جێبه‌جێكردنی ماده‌كه دیاری كرد له سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆك وه‌زیران و په‌رله‌مان و هه‌رێمی كوردستانیش، بۆیه له سنووری ده‌سه‌ڵاتماندا كه‌مته‌رخه‌م نه‌بووین و بڕیاری لیژنه‌كه‌ش به كۆی ده‌نگ وه‌رده‌گیرا كه ئه‌ندامانی له هه‌موو پێكهاته‌كان بوون، هه‌رچی ماده‌كه‌یه، پێشتر به‌سازان دانراوه و راسته بێ كه‌موكوڕی نییه، به‌ڵام بڕگه‌كانی له سه‌رده‌می ئۆپۆزسیۆنه‌وه هه‌بووه و نوێ نه‌بووه، هه‌روه‌ها ماده‌كه هه‌وڵی داوه سیاسه‌ته‌كانی پێشتر راست بكاته‌وه، بۆیه دووباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه كه ئه‌گه‌ر ویستی سیاسی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كه‌ركووك هه‌بێت، هیچ كێشه‌یه‌كی تر بوونی نابێت، چونكه هه‌موو لایه‌نه‌كان له چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كه‌ركووك رژد نین و ئه‌وان ده‌یانه‌وێ كێشه‌كه ببێته كارتێكی سیاسی و واشی لێ هاتووه.
*ئاخۆ چاره‌نووسی ماده‌ی 140 چییه و چیتر بواری جێبه‌جێكردنی ماوه؟
من ناڵێم 140 باشترین چاره‌سه‌رییه، به‌ڵام تاكه ماده‌ی ده‌ستوورییه بۆ چاره‌سه‌ری و ئه‌گه‌ر هه‌ڵمان وه‌شانده‌وه و به‌سه‌ریدا تێپه‌ڕ بووین، ئیتر له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌كی تر كێشه‌ی كه‌ركووك چاره‌سه‌ر بكه‌ین؟، ئه‌گه‌ریش ویستی لایه‌نه كوردییه‌كان زاڵ بێت، پێكهاته‌كانی تر چی؟، بۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌وه مافی لایه‌نی جێبه‌جێكاریش بێت (كورد) هه‌ر كێشه‌ی تێده‌كه‌وێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ماده‌كه به جوانی ئیداره بدرێت و دۆخی گونجاوی بۆ بڕه‌خسێندرێت و هه‌مووان ئه‌نجامه‌كه‌ی قبووڵ بكه‌ن كێشه‌كه چاره‌سه‌ر ده‌بێت.
*ئه‌گه‌ر قۆناغی ئاساییكردنه‌وه فه‌شه‌لی هێناوه و ئه‌وه‌ش هۆی جێبه‌جێ نه‌كردنی ماده‌كه‌یه، كێن ئه‌وانه‌ی فه‌شه‌لیان پێ هێناوه؟.
راستییه‌كه‌ی خواستی جێبه‌جێكردنی ماده‌كه له‌لایه‌ن هه‌موو لایه‌نه‌كانه‌وه نه‌بووه، له‌وانه‌ش حكوومه‌تی عێراق كه بڕیاره‌كانی لیژنه‌ی كاروباری باكوری هه‌ڵنه‌وه‌شانده‌وه، هه‌روه‌ها هیچ پێشنیازێك نه‌درایه په‌رله‌مان بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیاره‌كانی ئه‌نجوومه‌نی پێشووی شۆڕش، بێجگه له‌وه‌ش داوای زیادكردنی بودجه‌ی جێبه‌جێكردنی ماده‌كه به‌هۆی فره‌وانكردنی سنووری ماده‌كه كه ئه‌و پاره‌یه‌ی بۆی ته‌رخان ده‌كرا، ساڵانه 150 ملیۆن دۆلاری ئه‌مه‌ریكایی تێپه‌ڕی نه‌ده‌كرد، بۆیه كێشه له ماده‌كه نییه و له جێبه‌جێكردنیه‌تی.
* تۆ باسی هۆكاره‌كانی جێبه‌جێ نه‌كردنی ماده‌كه ده‌كه‌ی، به‌ڵام هۆكاره سیاسییه‌كان چین؟
به‌ڵێ چه‌ند لایه‌نێك هه‌ن ده‌یانه‌وێ چاره‌سه‌ر نه‌كردنی ماده‌ی 140 و ئاڵۆزییه‌كانی به‌و هۆیه‌وه دروست ده‌بن بۆ زیادكردنی ده‌سه‌ڵاتیان یان بۆ به‌ده‌ستهێنانی پاڵپشتی چه‌ند پێكهاته و هێزێكی تر به‌كار بێنن، بۆیه خواستێكی رژدیان نییه بۆ چاره‌سه‌ركردن، له راستیدا ماده‌كه ره‌هه‌ندی زیاتری له سیاسی هه‌یه، ئه‌و ره‌هه‌ندی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ستراتیجی و رۆشنبیریی هه‌یه كه له‌وانه‌یه وڵاتانی ناوچه‌كه و دنیا ده‌ست له جێبه‌جێكردنی وه‌ربده‌ن.
* حه‌نان فه‌تلاوی په‌رله‌مانتاری ده‌وڵه‌تی یاسا رای گه‌یاندبوو كه ماوه‌ی چوار ساڵ كاری بۆ جێبه‌جێ نه‌كردنی ئه‌و ماده كردووه، ئێوه چی ده‌ڵێن؟.
ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌یه‌كی تره له‌سه‌ر ده‌ستوه‌ردان و خواستی نه‌رێنیی لایه‌نه سیاسییه‌كان بۆ جێبه‌جێ نه‌كردنی ماده‌كه، ئه‌و بۆچوونی وا بوو كه جێبه‌جێكردنی ماده‌كه له به‌رژه‌وه‌ندیی كورده و ئه‌وكات من به‌وه تاوانبار كرام كه بۆ لای كورد لام داوه، كه‌چی وه‌ك گوتم هه‌موو بڕیاره‌كانی لیژنه‌كه به كۆی ده‌نگ ده‌درا.
*له كاتی جێبه‌جێ نه‌كردنی ماده‌كه، چاره‌نووسی ئه‌و ناوچانه‌ی چاره‌سه‌ریان ده‌كات و خودی ماده‌كه چی ده‌بێت؟.
ده‌بینن كه تا ئێسته هیچ نه‌كراوه و وا خه‌ریكه دۆخی كه‌ركووك ئاڵۆز ده‌بێت، بۆیه ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له رێگرتن له جێبه‌جێكردنی ماده‌كه به‌رپاكردنی دادوه‌ری و راستكردنه‌وه بێت، ئه‌وه ئه‌نجامه‌كه‌ی پێچه‌وانه ده‌رچوو، ئه‌گه‌ریش چاره‌سه‌رێكی به‌شێوه‌ی سازان بۆ ئه‌و ناوچانه نه‌دۆزرێته‌وه، ئه‌وه پارسه‌نگی هێز و ئه‌مری واقیع دۆخه‌كه یه‌كلا ده‌كاته‌وه، به‌ڵام لێره گومان له سه‌پاندنی سه‌قامگیربوونی له‌و ناوچانه ده‌كرێت، راسته له‌وانه‌یه ئیداره‌یه‌كی نوێ دروست ببێت، به‌ڵام ئاخۆ ده‌توانێت پاڵپشتی هه‌مووان به‌ده‌ست بێنێت.
هه‌رچی گۆڕینی ماده‌كه‌یه، ئه‌وه پرۆسه‌یه‌كی دوور و درێژه و له په‌رله‌مان ده‌كرێت، بۆیه وا باشتره رێككه‌وتن بۆ باشتركردنی ماده‌كه بكرێت، یان لایه‌نی باڵاده‌ست پێشنیازی هه‌بێت و سه‌رپه‌رشتی پرۆسه‌كه بكات، بۆ نموونه كوردستان هه‌وڵ بدات مه‌ترسی لایه‌نه‌كانی تر بڕه‌وێنێته‌وه.
*بڕیاره‌كه‌ی كه‌ركووك به هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان، كاردانه‌وه‌یه‌ك نییه بۆ جێبه‌جێ نه‌كردنی ماده‌ی 140؟.
ئه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتن یان فه‌شه‌لی پرۆسه‌كه پێشان ده‌دات، به‌ڕێوه‌بردنیه‌تی و ئه‌وه‌ی كه له كه‌ركووك رووی دا له‌سه‌ر بنه‌مای لێكدانه‌وه‌ی ماده‌كه كراوه، واته لێكدانه‌وه‌یه‌كی تاكلایه‌نه، به‌بێ ره‌چاوكردنی راست و ناڕاستی لێكدانهوهكهش، لایه‌نه‌كانی تر پێی رازی نین و بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووكیش عه‌ره‌ب و توركمان پێی رازی نه‌بوون و ماده‌كه‌ش وا پێشان درا كه ته‌نیا بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی كورده، له‌وكاته‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای دادوه‌ری و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ماف بنیات نراوه، واته ماده‌كه بۆ هه‌موو پێكهاته‌كان و هه‌موو ناوچه‌كانی كێشه له‌سه‌ره نه‌ك ته‌نیا كورد و كه‌ركووك، بۆیه مانا و مه‌به‌سته‌كه‌ی ته‌سك كرایه‌وه.
*پێشبینی دروستبوونی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چه‌كداری و ئاڵۆزیی نێوان پێكهاته‌كان ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر ماده‌كه له‌لایه‌ن كورده‌وه وه‌ك ئه‌مری واقیع یه‌كلا بكرێته‌وه؟.
ره‌نگه دۆخه‌كه نه‌گاته رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چه‌كداری، به‌ڵام مسۆگه‌ر نییه كه له سایه‌ی بوونی رێكخراوه‌كانی تیرۆریستی له ناوچه‌كه و وڵاتانێك كه به‌رژه‌وه‌ندییان له عێراقدا هه‌یه، ئه‌وانه ده‌ست بكه‌ن به خۆشكردنی ناكۆكییه‌كان و پاڵنان به‌ره‌و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چه‌كداری، بۆیه ره‌نگه نه‌گاته ئاستی جه‌نگی ناوه‌خۆیی، به‌ڵام بگاته ئاستێكی باڵاتر له توندوتیژی.