كۆریای باكور بەتەمای تاقیكردنەوەی مووشەكێكی ناوكییە

:: PM:12:07:13/04/2017 ‌

پەیمانگەی "نۆرس 38"ی تایبەت بە توێژینەوە لەسەر كۆریای باكور، ئاشكرای دەكات كە دوێنێ چوارشەم، چەند وێنەیەكیان لە ڕێگەی مانگی دەستكردنەوە گرتووە و تێیدا دەردەكەوێ ئەو وڵاتە بەتەمای تاقیكردنەوەی مووشەكێكی ناوكی بێت.

توێژەرانی تایبەت بە لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو وڵاتە، ئاماژە بەوە دەكەن كە لە ناوچەی "بۆن گێی ڕی" كە شوێنێكی تایبەتی باكوری كۆریای باكورە بۆ پێشخستنی بەرنامە ئەتۆمییەكەیان، بە تەواوی خۆی بۆ تاقیكردنەوەیەك ئامادە كردووە.

لە وێنەكاندا كە گیراون، چالاكی و كاری بەردەوام دەردەكەوێ، بەتایبەتی لەو شوێنەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی پێ بەڕێوە دەبرێ.

ڕادیۆی دەنگی ئەمەریكاش لێدوانی لە چەند بەرپرسێكی ئەمەریكی وەرگرتووە كە ناوەكانی ئاشكرا نەكردوون، باس لەوە دەكەن كە لە قووڵایی تونێلێكەوە بۆمبی ناوكیی دانراوە.

بەپێی پێشبینی چاودێران كە ترسی بۆ دروست كردوون، ڕۆژی شەمووی داهاتوو، كۆریای باكور شەشەم تاقیكردنەوەی خۆی لەو بوارەدا ئەنجام بدات كە هاوكاتە لەگەڵ 105یەمین ساڵیادی لەدایكبوونی "كیم ئیل سۆنگ" باپیری سەرۆكی ئێستە و دامەزرێنەری سیستەمەكە.

پێشتر "هوانگ كیو ئاهن" سەرۆك وەزیرانی كۆریای باشوور، هۆشداریی مەترسی ئەو بەرنامە ئەتۆمییەی كۆریای باكوری كردبوو، لەوەش ئاگەداری بڵاو كردبووەوە كە بەپێی زانیارییەكانی ئەوان، ئەگەری هەیە بە تەمای تاقیكردنەوەیەكی گەورە بن.

سەرچاوە/ ئەلعەربییە


وشە - وشه‌