تایبەتمەندییەكانی ئۆتۆمبێلی فڕیو ببینە.. ساڵی داهاتوو دەفرۆشرێ

:: PM:03:22:13/04/2017 ‌

زۆربەی ئەو كاتانەی دەكەونە ناو جەنجاڵیی شەقامەكان، خەڵك بیر لەوە دەكەنەوە ئەگەر ئۆتۆمبێلەكەیان توانای فڕینیان هەبووایە، چەند بە ئاسانی و خێرایی دەیانتوانی خۆیان لەو جەنجاڵییە رزگار بكەن، بەڵام ئیتر ئەوە خەیاڵ نییە و دەبێتە راستی.

كۆمپانیایەكی سلۆڤاكی هەستا بە دروستكردنی ئۆتۆمبێلێك بە ناوی ئایرۆمۆبیل، كە توانای رێكردنی لە زەوی و ئاسماندا هەیە، بڕیارە ساڵی 2018 بخرێتە بازاڕەوە و ئامادە ببێت بۆ ئەوەی كڕیاران بەكاری بهێنن.

جۆراج ڤاكۆڵیك، خاوەنی كۆمپانیا سلۆڤاكییەكە رای گەیاند، بەكارهێنانی ئۆتۆمبێلەكە بۆ فڕین پێویستی بە فڕۆكەخانە نییە و بە جۆرێكی وا دروست كراوە كە بتوانرێت بە شێوەیەكی ئاسان بەكار بهێنرێت.

تایبەتمەندییەكانی ئەو ئۆتۆمبێلە فڕیوە بریتین لەوەی كە خێرایییەكەی لەسەر زەویدا بریتییە لە 100 میل لە سەعاتێكدا، هاوكات لە ئاسمانیشدا 124 میل لە سەعاتێكدا، هەروەها ئۆتۆمبێلەكە پێویستی بە مەودای بۆشایی تەنیا 750 پێ هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت دەست بكات بە هەڵفڕین، بۆ نیشتنەوەش رووبەرێكی 150 پێیی پێویستە.

دەتوانرێت بەو ئۆتۆمبێلەوە مەودای 430 میل لە ئاسماندا رێگە ببڕرێت، تاكە كێشەی بەردەم ئەم داهێنانە بریتییە لە مۆڵەتوەرگرتن لە حكوومەت، چونكە بە گوێرەی یاسا هەر كەس ناتوانێت بە ئارەزووی خۆی بە ئاسماندا بفڕێت.


  


وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی