بەغداد بڕیارێكی تری لە دژی جوتیارانی هەرێم دەكرد

:: PM:07:11:13/04/2017 ‌
بڕیارەكانی حكوومەتی عێراق لە دژی جوتیارانی هەرێمی كوردستان بەردەوامە و بۆ ئەمساڵیش، بەغداد بڕیاریداوە بڕێكی كەمی گەنمی جوتیارانی هەرێمی كوردستان وەربگرێت لە چاو ساڵانی ڕابردوو، پەرلەمانتارێكیش دەڵێت، جوتیار زەرەرێكی زۆر دەكات.
 
ئەگەرچی پارەی سێ ساڵی ڕابردوو گەنمی جوتیارانی هەرێمی كوردستان لای بەغدادە، لەگەڵ ئەوەش ساڵی ڕابردوو بەغداد بڕیاریدا لە %30 گەنمی جوتیاران وەرنەگرێت و هەر جوتیارێكیش بڕی %17 پارەكەی بدات، بۆ ئەمساڵیش بڕیارێكی نوێ دەركردووە كە لە زەرەی جوتیاراندایە.
 
غەریب مستەفا، بڕیاردەری لیژنەی كشتوكاڵ لە پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ پێنج شەممە تایبەت بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەغداد بەردەوامە لە بڕیارە خراپەكانی بۆ سەر هەرێمی كوردستان و جوتیاران، ئەمجارەش بڕیارێكی نوێی بۆ گەنمی جوتیاران دەركردووە كە لە زەرەری جوتیاراندایە.
 
ئەوەشی گوت، بەغداد بڕی تەنها 500 هەزار تۆن گەنمی جوتیارانی هەرێمی كوردستان وەردەگرێت بۆ هەر سێ پارێزگاكە كە ئەوەش بڕێكی زۆر زۆر كەمە لە چاو ئەو گەنمەی كە لە كوردستان بەرهەم دێت.
 
بڕیاردەری لیژنەی كشتوكاڵ گوتیشی: "لە هەرێمی كوردستان ساڵانە 1 ملیۆن تۆن گەنم بەرهەم دێت، ئەو بڕیارەش كە بەغداد دەریكردووە لە بەرامبەر جوتیارانی هەرێمی كوردستان زۆر خراپە و زەرەری زۆر لە جوتیاران دەدات، چونكە ئەوەش وا دەكات كە گەنمەكەیان لە ناوخۆی هەرێمیش نرخی دابەزێت و بە زەرەر بشكێتەوە بەسەر جوتیاراندا".
 
هەروەها گوتی: "پێویستە لەگەڵ بەغداد و حەیدەر عەبادی بە تایبەت قسەی بكرێت تا گۆڕانكاری بەسەر ئەو بڕیارە بهێنێت و بڕی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران زیاتر بكات، چونكە بڕێكی زۆر كەم لە جوتیاران سودمەند دەبن و ئەوەی دەمێنێتەوە زەرەر مەند دەبێت".
 
سلێمانی: هۆشیار عەلی.


وشە - عه‌لی سدیق