زانایانی سوید له داهێنانی نوێ‌دا توانیان ڕێگه‌یه‌ك بدۆزینه‌وه بۆ هه‌ڵگرتنی وزه‌ی تیشكی خۆر به‌شێوه‌یه‌ك ده‌توانن بیكه‌ن به شله و به‌كاری بهێنن له‌هه‌ر كاتێك كه پێویست بوو.
گۆڤاری "ئنێرژی ئه‌ند ئنڤایرنۆمینتال ساینس"ی زانستی بڵاوی كرده‌وه، كه زانایانی زانكۆی تشالمه‌رز بۆ ته‌كنه‌لۆجیا له شاری گۆته‌نبێرگی سوید، ڕێگه‌یه‌كی نوێیان دۆزییه‌وه و گه‌شه‌یان پێ دا، كه ده‌توانرێ له ڕێی ئه‌و داهێنانه‌وه وزه‌ی تیشكی خۆر بكرێته شله‌یه‌كی كیمیایی و بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێك هه‌ڵبگیرێ و له هه‌ر كاتێك پێویست بوو سوودی لێ وه‌ربگیرێت.
گۆڤاره‌كه نووسیویه‌تی، ئه‌و ڕێگه‌یه‌ی زانایانی سوید دۆزیویانه‌ته‌وه ده‌توانرێ ڕێژه‌ی 80% تیشكی خۆر وه‌ربگیرێ و بكرێ به وزه‌ی پاك و بۆ ڕووناككردنه‌وه به‌كاربهێنرێت.
پێشبینی ده‌كرێ، ئه‌و داهێنانه پێشوازییه‌كی گه‌رمی لێ بكرێ، چونكه زۆرێك له وڵاتانی ئه‌وروپا به سه‌رچاوه‌ی وزه‌ی سروشتی وه‌ك نه‌وت و گاز ده‌وڵه‌مه‌ند نین و پێویسته ساڵانه به ملیاران دۆلار خه‌رج بكه‌ن بۆ كڕینی سه‌رچاوه‌ی وزه، هاوكات بۆ سوودبینین له وزه‌ی خۆریش وڵاتانی باكوری ئه‌وروپا زۆربه‌ی كاته‌كانی ڕۆژیان شه‌وه و تیشكی خۆر هێنده به ده‌ره‌وه نابێت، بۆیه هه‌ڵگرتنی وزه‌ی تیشكی خۆر داهێنانێكی زۆر ناوازه و پێویست ده‌بێ، تا بتوانن به ته‌واوی تێچوونه‌كانیان له كڕینی نه‌وت و گاز كه‌م بكه‌نه‌وه.