سەرۆكی كۆریای باكور كیم جۆنگ ئۆن، ئامادەیە ئەزموونە ئەتۆمییەكەی بخاتە چالاكی شەڕی ئەتۆمییەوە، ئەمەش دوای گرژییەكانی واشنتن و پیۆنگیانگ دێ، شارەزایان بە سەرەتای جەنگی سێیەمی جیهان ناوی دەبەن، چونكە جەنگی ئەو دوو وڵاتە، جەنگی ئەتۆمی و تەواو وێرانكەر دەبێ، پرسیارەكە ئەوەیە هاوپەیمانەكانی ئەمەریكا لە وڵاتانی دنیا بە تەواوی دیارن، بەڵام كامانەن ئەو وڵاتانەی بوێری ئەوەیان دەبێ بە ڕووی ئەمەریكا بوەستنەوە و پشتیوانی لە كۆریای باكور بكەن؟.
ڕۆژنامەی "دەیلی ئێكسپرێس" ئاشكرای كرد، مانگە دەستكردەكان لە ڕێی وێنە و پەخشە بەردەوامەكانیان، ئەوەیان روون كردووەتەوە كە كۆریای باكور بۆمبە ئەتۆمییەكانی ئامادەن بۆ شەڕ، ئەمەش دوای ئەوەی شەشەم ئەزموونی بۆمبی ئەتۆمی تاقی كردەوە، هاوكات كۆریای باكور هۆشداریی دایە واشنتن، كە وەڵامی سەربازی زۆر بەهێزی دەبێ بۆ ئەمەریكا، ئەمەش دوای بڵاوە پێكردنی كەشتی فڕۆكەهەڵگر و كەشتیگەلی سەربازی ئەمەریكا و ژێر دەریایییەكانی دێت لە ئاوەكانی دەریای ژاپۆن.
ئاژانسی كۆریای باكور لە زاری وەزارەتی دەرەوەی حكوومەتی كۆریای باكورەوە بڵاوی كردەوە، ئەمەریكا بەرپرسیاریەتی تەواوی ئەو كارەساتە دەگرێتە ئەستۆ، بەهۆی ئەو ڕەفتارە هەژموونخوازییانەی دەیەوێ ئەنجامی بدات، كۆماری كۆریای دیموكراتی میلیی بە تەواوی ئامادەیە بە هەموو شێوازێك جەنگ دژی ئەمەریكا بەرپا بكات.
لەبەرامبەردا دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ئاشكرای كرد، كەشتیگەلی دەریایی دەنێرێتە ئاوەكانی دەریای ژاپۆن بۆ پشتیوانی كەشتی فڕۆكەهەڵگری ئەمەریكا، ئەمەش لە وەڵامی هەڕەشەكانی كۆریای باكور دێ كە بەهۆی پێشكەوتنی بەرنامە ئەتۆمییەكەی لەماوەی ڕابردوو بۆمبێكی ئەتۆمی تاقی كردەوە.
ترەمپ بۆ كەناڵی "فۆكس بزنس نێتوۆرك" گوتی، كەشتیگەلێكی زۆر بەهێز و ژێر دەریایی وێرانكەر دەنێرین، دەمەوێ بڵێم ئەوانە زۆر بەهێز و پێشكەوتوون لە كەشتی فڕۆكەهەڵگر مەترسیدارترن.
بەهۆی گرژییەكانی نێوان واشنتن و پیۆنگیانگ، لێرەدا بە وردی باس لەو وڵاتانە دەكەین كە لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی نێوان واشنتن و پیۆنگیان پشتیوانی كۆریای باكور دەكەن، كە هاوپەیمانیانە و سەردەمانێكی زووە پێوەندییان هەیە.
گرنگترین ئەو وڵاتانە بریتین لەمانەی خوارەوە.
یەكەم: چین، كۆریای باكور بە درێژایی مێژووی دروستبوونی پێوەندییەكی زۆر بەهێزی لەگەڵ چینی دراوسێی هەبووە، چونكە لە باكور و ڕۆژئاواوە هاوسنوورە لەگەڵ چین و زۆربەی پێویستییەكان و بازرگانییەكانی كۆریای باكوریش لەگەڵ وڵاتی چینە، بەڵام دوای گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن كیم جۆنگ ئۆن لە ساڵی 2011 پێوەندییەكانی پەكین و پیۆنگیانگ ڕوویان لە دابەزین كردووە و كز بوونەتەوە.
سەرۆكی چین شی جین بینگ، هەڵوێستێكی نەرێنی لەسەر كیم جۆنگ ئۆن و بەرنامە ئەتۆمییەكەی هەیە و پەكین چەندان جار داوای لە پیۆنگیانگ كردووە بەرنامە ئەتۆمییەكەی بوەستێنێ و دەست لە هەڵدانی مووشەكی بالیستی بێ سوود بەربدات، بەڵام پیۆنگیانگ لەسەر كردەكانی بەردەوام بوو.
لە مانگی شوبات/فێبرایەری ئەمساڵ میدیاكانی كۆریای باكور حكوومەتی پەكینیان بە كەوتنەسەر ئەژنۆ بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا تۆمەتبار كرد، حكوومەتی كۆریای باكوریشیان بە دەسەڵاتێكی زۆر بەهێز ناو برد، بەو هۆیەوە چین تەواوی هەناردەی خەڵووزی بۆ ئەمساڵ ڕاگرت و چیتر خەڵووز بۆ كۆریای باكور نانێرێت.
ڕاپۆرتەكان ئاماژە بەوە دەكەن، ئەو هەنگاوانەی چین دژ بە كۆریای باكور، لە ڕاستیدا هەنگاوی سەرەتایین بۆ دوژمنایەتیكردنی پیۆنگیانگ و تێكشكاندنی سیستەمی كۆمەڵایەتی و دروستكردنی كەموكورتی لە پێداویستییەكانی كۆریای باكور كە ساڵانی پێشوو لەلایەن چینەوە پڕ دەكرانەوە.
پەكین لەوبارەیەوە ئاشكرای كرد، كە هۆشداریدانەكان و وەستاندنی بازرگانی بە ئامانجی جێبەجێكردنی سزاكانی نەتەوە یەكگرتووەكانە كە خستوویەتییە سەر كیم جۆنگ ئۆن و بەرنامە ئەتۆمییەكەی، سەرەڕای ئەوەی چین خەڵووزی بۆ ئەو وڵاتە ڕاگرتووە، بەڵام لە ناردنی خۆراك و پێداویستییە ژیانییەكان پێوەندیی بازرگانی لەگەڵ كۆریای باكور بەردەوامە.
تیدا گالین كاربنتەر لە پەیمانگەی كاتۆ "پەیمانگەی توێژینەوەی سیاسەتی لیبراڵی ئەمەریكا" كە بارەگای لە واشنتنە دەڵێ، چین بەشێكی گەورە و پێویستی، پێداویستییەكانی كۆریای باكور دابین دەكات و دەتوانێ پەستانێكی زۆر بەهێز بخاتە سەر كۆریای باكور بە وەستاندنی پێوەندییە بازرگانییەكانی، بەڵام سیاسییەكانی چین دوو دڵن لە گرتنەبەری ڕێوشوێنێكی لەو جۆرە، چونكە ڕووبەڕووی مەترسییان دەكاتەوە، هاوكات ئەوان بیریان لە داهاتووش كردووەتەوە، بە ڕووخانی كۆریای باكور، ژمارەیەكی یەكجار زۆری پەنابەر ڕوو لە چین دەكەن، ئەمەش بارگرانی لەسەر چین دروست دەكات.
دووەم: ڕووسیا، وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە ڕۆژانی ڕابردوو ئاشكرای كرد، پێوەندییەكانی مۆسكۆ و واشنتن لە خراپترین دۆخدان لە دوای جەنگی سارد، بۆیە ئەمە كارێكی چاوەڕوانكراوە كە مۆسكۆ بێ دەنگی هەڵدەبژێری و دڵخۆشە بە گرژییەكانی نێوان ئەمەریكا و كۆریای باكور.
هاوكات كۆریای باكور سنووری باكوری ڕۆژهەڵاتی لەگەڵ ڕووسیایە و ئەوان دوو دەوڵەتی هاوپەیمانی یەكتر و تەواو نزیكن لە یەكەوە لە سەردەمی جەنگی سارد و دوای ئەوەش. ساڵی ڕابردوو مۆسكۆ هۆشداریی دایە كۆریای باكور لە هەڕەشەكردن بە چەكی ئەتۆمی و ئاماژەی دا، بەردەوامبوون لەسەر هەڕەشەكان بە چەكی ئەتۆمی، وا دەكات وڵاتانی دنیا بژاردەی سەربازی دژی ڕژێمی دابڕاوی كۆریای باكور بگرنەبەر، لە بەرامبەر ئەوەشدا كۆریای باكور هەڕەشەی كۆمەڵكوژی لە ئەمەریكا و كۆریای باشوور كرد.
مۆسكۆ ئاشكرای كرد، ئێمە لەو باوەڕەداین كە لێدوانە ئاشكراكان و هەڕەشەكان، ئاماژەن كە هێرشی ئەتۆمی لەلایەن پیۆنگیانگەوە دەكرێتە سەر بەرهەڵستكارانی، ئەمەش بە بڕوای ئێمە كارێكی قبووڵكراو نییە، پێویستە پیۆنگیانگ هەست بەوە بكات، كە كۆریای باكور بە گرتنەبەری ئەو ڕێگەیە ڕووبەڕووی تەواوی وڵاتانی دنیا دەوەستێتەوە، چونكە پێشێلی یاسای نێودەوڵەتی دەكات و ئەوانیش دەتوانن بە یاساكانی نێودەوڵەتی هێرشی سەربازی بكەنە سەر، هاوكات بەگوێرەی پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكانیش، مافیانە بەرگری لە خودی خۆیان بكەن لە بەردەمی هەڕەشەكانی كۆریای باكور.
لەلایەكی تریشەوە ساڵی 2015 كۆریای باكور و ڕووسیا ئەو ساڵەیان بە ساڵی "هاوڕێیەتی" ناو برد و پێوەندییە ئابووری و سیاسییەكانی نێوان هەردوولایان بە تەواوی قووڵ كردەوە، هاوكات كیم جۆنگ ئۆن ئاشكرای كرد، سەردانی پوتین دەكات لەساڵڕۆژی كۆتای جەنگی جیهانی دووەم، بەڵام دواتر سەردانەكە ئەنجام نەدرا، بەهۆی كاروباری ناوخۆیی كۆریای باكور، جگەلەوەش 10 ساڵ پێش ئێستە مۆسكۆ بە بڕی 10 ملیار دۆلاری ئەمەریكی لە قەرزەكانی كۆریای باكور خۆش بوو، بۆیە ڕووسیا ئەگەر پشتیوانی كۆریای باكوریش نەكات لەو شەڕەدا، ئەوا بێگومان بێ دەنگی هەڵدەبژێری و خەریكی قایمتركردنی شوێنپێی خۆی دەبێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
سێیەم: بولگاریا، كۆریای باكور هاوپەیمانییەكی بەهێزی لەگەڵ بولگاریا هەیە لەو كاتەی بولگاریا لە ژێر حوكمی شیوعییەكان بوو لە 1948دا، ئەو پێوەندییە بەردەوامی هەبوو و لە ساڵی 1970 ڕێككەوتنی هاوكاری دوو لایەنە لە نێوان هەردوولا واژوو كرا، بولگاریا بە تاكە هاوپەیمانی كیم جۆنگ ئون لە ئەوروپا دادەنرێ، بەڵام لە مانگی ڕابردوو بولگاریاش بەڵێنی دا كە دەست بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست دەكات، بۆ جێبەجێكردنی سزاكانی نەتەوە یەكگرتووەكان دژی كۆریای باكور، بولگاریا كۆتوبەندی خستە سەر هەناردەی ئاسن و خەڵووز لە كۆریای باكور و ژمارەی كارمەندانی باڵوێزخانەی كۆریای باكوریشی كەم كردەوە.
چوارەم: سووریا، پێوەندییەكی پتەو و كۆن لە نێوان سووریا و كۆریای باكور هەیە، چونكە كۆریا لە سەردەمی زوو مەشق و ڕاهێنانی سەربازی پێشكەشی سووریا كردووە، بە ئامانجی فرەوانكردنی پێوەندییەكانی چەكیشی پێ فرۆشتووە، لە نێویاندا مووشەكی بالیستی و گازی كۆمەڵكوژیشی بە سووریا داوە، لەمیانەی جەنگی ساڵی 1967 تا 1973 لەگەڵ ئیسرائیل، ژمارەیەكی زۆری ڕاوێژكاری سەربازیی كۆریای باكور گەیشتنە سووریا و لە ڕیزی هێزی ئاسمانی سووریا ڕاوێژیان پێشكەش دەكرد، هاوكات پیۆنگیان دۆسیەی ئەتۆمی و تەكنەلۆجیای بەرهەمهێنانی دایە سووریا بۆ دروستكردنی گەورەترین كوورەی ئەتۆمی نهێنی لە سووریا، بەڵام لە 2007 ئیسرائیل لە ڕێی بۆردمانی فڕۆكە جەنگییەكانەوە وێرانی كرد، بەشار ئەسەد لە ساڵیادی لەدایكبوونی باپیری كیم جۆنگ ئۆن، پێشتر نامەی پیرۆزبایی بۆ ناردووە و ئاماژەی داوە، گەلی سووریا و كۆریای دیموكرات، هەوڵ دەدەن بۆ بەدیهێنانی مافەكانیان و چارەی خۆنووسینیان و سەروەری نیشتمانی و ئاسایش و گەشەسەندنی وڵاتەكانیان.
پێنجەم: بنێن، بنین وڵاتێكی شیوعی بووە پێشتر، بۆیە پێوەندیی لەگەڵ كۆریای باكور زۆر باشە، لە 2013 میدیاكانی كۆریای باكور لە زاری تۆماس بونی یایی سەرۆكی پێشووی بنین بڵاویان كردەوە، كە پێوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات زۆر باشە و هاوڕێیەتی و بەرژەوەندی هاوبەشی زۆر لە نێوانیاندا هەیە، هاوكات كۆریا پێوەندییەكانی لەگەڵ كۆنگۆی دیموكراتیش زۆر باش كردووە، بەڵام پێوەندییەكانی لەگەڵ ئەو وڵاتە ناتوانن كاریگەری لەسەر كۆنگۆ دابنێن بە ئاراستەی پشتیوانی لە كۆریای باكور، ساڵی ڕابردوو ڕاپۆرتێكی نهێنی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان بڵاو كرایەوە و تێیدا ئەوە خراوەتە ڕوو، پیۆنگیانگ هێزەكان و پۆلیسی كۆنگۆ پڕچەك دەكات و مەشق و ڕاهێنانیان پێ دەكات.
شەشەم: مەدغشقەر، لە نێوان كۆریای باكور و مەدغشقەر هاوپەیمانییەتێكی مێژووی بوونی هەیە كە بۆ ساڵی حەفتاكان دەگەڕێتەوە، چونكە كۆریا یارمەتی ئەو وڵاتەی دا بۆ بنیادنانی كۆشكی سەرۆكایەتی "لافولۆها"ی مەدغشقەر، هاوكات ڕێڕەوی ئاو و زێرابی نوێی بێ بەرامبەر پێشكەش بەو وڵاتە كرد.