گه‌لی كلدان سریان ئاشوور، نه‌ته‌وه‌یه‌كی دێرینی ناوچه‌كه‌ن و له‌كاتی هاتنی داعشدا ناوچه‌كانیان له ده‌شتی نه‌ینه‌وا ڕووبه‌ڕووی داگیركاری و كاره‌سات بوونه‌وه. ڕۆمیۆ هه‌كاری سكرتێری حزبی دیموكراتی به‌یت نه‌هرێنی ئاشووری له‌م دیداره‌ى "وشه"دا، باس له داهاتووی مه‌سیحییه‌كان ده‌كات و به پێویستى ده‌زانێت گده‌شتی نه‌ینه‌وا بكرێت به پارێزگا".
هه‌كاری باس له سووتاندنی 100 خانوونی مه‌سیحییه‌كان له قه‌ره‌قووش له‌لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبییه‌وه ده‌كات، هاوكات پشتیوانی خۆیشی بۆ ڕیفراندۆم له كوردستان ده‌رده‌بڕێ و و دووپاتی ده‌كاته‌وه "ڤاتیكان پشتیوانی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان ده‌كات".
* داهاتووی گه‌لی كلدان سریان ئاشوور له ناوچه‌كه‌دا چۆن ده‌بینی؟
له كۆتای ساڵی 2016دا، ته‌واوی ناوچه‌كانمان له ده‌ستی تیرۆریستان ڕزگار كران كه حه‌وت هه‌زار ساڵه باوباپیرانمان له‌سه‌ری ده‌ژین، پێشمه‌رگه و سوپا و هێزه‌كانی كلدان سریان ئاشوور وه‌ك هێزه‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا، شكستیان به تیرۆریستان هێنا و ناوچه‌كانیان ئازاد كرده‌وه، دوای ڕزگاركردنه‌وه‌ی مووسڵ، قۆناغێكی نوێ دێته كایه‌وه و داوا ده‌كه‌ین پارێزگای ده‌شتی نه‌ینه‌وا دروست بكرێ، تا خۆمان ناوچه‌كانی خۆمان به‌ڕێوه ببه‌ین و مافه‌كانمان دابین بكرێ، تا چیتر كاره‌ساتی له‌و شێوه‌یه ڕوو نه‌داته‌وه كه داعش به‌سه‌ر پێكهاته‌كانی ناوچه‌كه‌ی هێنا.
* مافه‌كانتان چۆن دابین بكرێ؟
نامانه‌وێ دۆخی مووسڵ وه‌ك پێش هاتنی داعشی لێ بێته‌وه و ناتوانین به‌و شێوه‌یه به‌رده‌وام بین، چونكه ئه‌وانه‌ی گه‌نجانی ئێمه‌یان كوشت و كچ و ژنانیان بردینه بازاڕی سه‌بایه، هه‌ر داعش نه‌بوون، به‌ڵكو دراوسێ عه‌ره‌به سوننه‌كانیشیان له‌گه‌ڵدا بوون، بۆیه ناتوانی چیتر له‌گه‌ڵ جه‌لاده‌كه‌ی خۆت بژیت و ده‌بێ هه‌ریه‌كه و خۆی به‌ڕێوه ببات و ده‌توانین ببین به دراوسێیه‌كی باش، نه‌ك لایه‌نێك حوكمی لایه‌كه‌ی تر بكات، جگه‌له‌وه‌ی دوای دروستبوونی عێراق له 1921، هه‌موو ئه‌وانه‌ی حوكمی عێراقیان كرد، دیكتاتۆر و خراپ بوون، نامانه‌وێ بگه‌ڕێینه‌وه بۆ سه‌رده‌می دیكتاتۆریی.
* داوا ده‌كه‌ن پارێزگا له ده‌شتی نه‌ینه‌وا دروست بكرێ، ده‌تانه‌وێ ئه‌و پارێزگایه سه‌ربه كوردستان بێ یان به‌غدا؟
ده‌بێ خه‌ڵك بگه‌ڕێته‌وه و له كه‌شێكی دیموكراسی ڕیفراندۆم ئه‌نجام بدرێت، به دڵنیایییه‌وه خه‌ڵكی ئێمه‌ش ده‌بێ ئه‌وه‌ی له‌به‌رچاو بێ، كێ خه‌ڵكی ئێمه‌ی ده‌ركرد و ڕفاند و كوشت، كێ خانوو و كه‌نیسه‌ی ئێمه‌ی له ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق ته‌قانده‌وه و ڕووخاندی، له به‌رامبه‌ریشدا كێ بوو باوه‌شی بۆ خه‌ڵكی ئێمه كرده‌وه، ده‌بێ بڕیاری خۆیان له ڕوانگه‌ی ئه‌وه‌وه بده‌ن. باوه‌ڕم وایه هه‌رێمی كوردستان باشتره، به‌حوكمی ئه‌وه‌ی له سه‌رۆكی هه‌رێمه‌وه له‌گه‌ڵ ته‌واوی لایه‌نه سیاسییه‌كانیش تا ئێسته پشتیوانی مافه‌كانیان كردووین، هیچ حزبێكی كوردی دژی مافی ئێمه نه‌بووه، به‌ڵام به‌شی هه‌ره‌زۆری حزبه عه‌ره‌بییه‌كان دژی داخوازییه‌كانی ئێمه‌ن.
* ئایا بۆ مه‌سیحییه‌كان پێش 2003 و دوای 2003 جیاوازی هه‌بوو؟
من باوه‌ڕ ناكه‌م و قبووڵكراویش نییه عێراق ببێته‌وه ئه‌و عێراقه‌ی كه له 1921ه‌وه هه‌یه، چونكه ئه‌وانه‌ی له به‌غدا حوكمیان كردووه، كۆمه‌ڵكوژی پێكهاته‌كانیان كردووه، یه‌كه‌م ئه‌زموونی سوپای عێراق كۆمه‌ڵكوژیی ئاشوورییه‌كان بوو له 1933 له سێمێل كه زیاتر له پێنج هه‌زار خه‌ڵكی سڤیل كوژران، داعش‌یش جارێكی تر هات كۆمه‌ڵكوژیی خه‌ڵكی ئێمه‌ی كرد، ئه‌مه زنجیره‌یه‌ك كاری دوژمنكارانه‌یه دژی مه‌سیحیه‌كان، بۆیه چۆن ناكرێ ده‌شتی نه‌ینه‌وا بخرێته‌وه سه‌ر مووسڵی پێش هاتنی داعش، عێراقیش به‌هه‌مانشێوه ناتوانێ جارێكی تر هه‌موو پێكهاته‌كان كۆ بكاته‌وه، بۆیه باشترین بژارده ئه‌وه‌یه ببین به دراوسێی باش، ده‌سته‌به‌ركردنی مافی نه‌ته‌وه كۆن و دێرینه‌كان وه‌ك گه‌لی ئێمه، پێویسته به مافی خۆیان بگه‌ن.
* كه‌واته ئێوه له‌گه‌ڵ دابه‌شبوونی عێراقدان؟
عێراق به‌شێوه‌یه‌كی كرده‌یی دابه‌ش بووه، ئه‌وه‌ی ئێسته داوای یه‌كپارچه‌یی عێراق ده‌كات، هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره به‌خۆی ده‌كات، خۆی و خه‌ڵكی عێراق چه‌واشه ده‌كات، ئێسته هه‌موومان شه‌ڕی داعش ده‌كه‌ین، به‌ڵام ناوه ناوه هه‌ڕه‌شه‌ی به‌غداش ده‌بیستین، ئه‌گه‌ر عه‌ره‌بیش به عه‌قڵی ئه‌وه كار بكات خۆی حوكمی هه‌موو عێراق بكات، ئه‌وا شكست دێنێت، ئه‌و سنووره‌ی عێراقیش ده‌ستكرده و به‌گوێره‌ی ڕێككه‌وتنی سایكس-پیكۆت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی زلهێزان داڕێژراوه، خه‌ڵكی قبووڵیان نییه چیتر به‌رگه‌ی ئه‌و هه‌موو سته‌مه بگرن، بۆیه من له‌گه‌ڵ عێراقێكی یه‌كگرتوو نیم، چونكه هه‌ڵه‌یه ئه‌وه‌ی بڵێ ده‌توانم عێراقێكی یه‌كگرتوو داده‌مه‌زرێنم.
* بڕیاره ئه‌مساڵ ڕیفراندۆم له كوردستان ئه‌نجام بدرێ، ئێوه تا چه‌ند له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان؟ ده‌تانه‌وێ له ناوچه‌كانی ئێوه‌ش ئه‌نجام بدرێ؟
ئێمه به‌شێكی زیندوویی هه‌رێمی كوردستان و عێراقین له ڕووی خاك و خه‌ڵكیشه‌وه، بۆیه هه‌ر جموجۆڵ و ڕووداوێكی باش و خراپ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئێمه و داهاتوومان و هه‌ر په‌ره‌سه‌ندنێكیش هه‌بێ له مافی برا كورده‌كانمان، ده‌بێ كاریگه‌رییه‌كی ئه‌رێنیی بۆ مافی پێكهاته‌كانی تر هه‌بێ، له ڕه‌شنووسی ده‌ستووری كوردستان ئۆتۆنۆمی بۆ ئێمه و توركمانه‌كان جێگیر كراوه، ئه‌مه له هه‌رێمدا ئه‌گه‌ر سبه‌ی په‌ره‌سه‌ندن دروست ببێ و ببێت به ده‌وڵه‌ت، ئه‌وكات ئێمه‌ش داواكانمان به ئۆتۆنۆمی نامێنێ و ده‌بێ ئه‌ویش په‌ره‌سه‌ندنی تێدا هه‌بێ، ده‌بێ گه‌ره‌نتیش هه‌بێ بۆ پاراستنی داهاتوو و مافه‌كانمان، ئێمه به‌شێكین له خاك و خه‌ڵكی ئێره، بۆیه به‌شداری ڕیفراندۆم ده‌بین، هه‌رچه‌نده ڕیفراندۆم دواخراوه، نه‌ده‌بوو دوا بخرایه و هۆكاره‌كه‌یشی بۆ كێشه‌ی ناوخۆیی حزبه كوردییه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه، بۆیه پێم باشه ئه‌مساڵ به زوویی ئه‌نجام بدرێ و ئێمه‌ش به‌شدار ده‌بین و پشتیوانی ته‌واوی ده‌كه‌ین.
بۆ پرسی سه‌ربه‌خۆییش ئه‌وكات ئێمه قسه‌ی خۆمان و هه‌نگاوی خۆمان ده‌بێ و له‌گه‌ڵیشیداین، چونكه داهاتووی ئێمه ته‌واو وابه‌سته‌یه به‌و سه‌ربه‌خۆیییه‌ی له كوردستان باس ده‌كرێت.
* مه‌رجیه‌عیه‌تی مه‌سیحی چۆن ده‌ڕوانێته كوردستان و له لۆبیكردن بۆ گره‌نتیكردنی داهاتووی كوردستان، چیتان كردووه؟
پیاوانی ئاینی وڵاتپارێزن و هه‌میشه داوای ئاشتی و برایه‌تی ده‌كه‌ن، بێگومان ئه‌وان له هه‌موو یاداشته‌كاندا باس له مافی گه‌له‌كه‌مان و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه له كوردستان ده‌كه‌ن، هاوكات ئێمه له ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپا و ئوسترالیا لۆبیمان هه‌یه و زۆربه‌ی جار له دنیا پشتیوانی كاره باشه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌مان كردووه و به‌رده‌وامیش ده‌بین له پشتیوانیكردنی هه‌ر كارێكی باش.
* ئایا میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی لیوا و هێزیان بۆ مه‌سیحییه‌كان دروست كردووه؟
بۆ هه‌ندێ حزبی ئاشووری له‌لایه‌ن به‌غداوه هێز دروست كراون و سه‌ربه حه‌شدی شه‌عبین، دوو گرووپن و ژماره‌یان كه‌مه و چه‌ند سه‌د كه‌سێكن، ئێسته له قه‌ره‌قووش و به‌رتله بوونیان هه‌یه، ئێمه دژی ئه‌وه‌ین، حه‌شدی شه‌عبی دواتر كێشه دروست ده‌كه‌ن، ئه‌وان له به‌رتله و قه‌ره‌قووش، تا ئێسته نزیكه‌ی 100 خانوو سووتێنراوه له‌لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبی و میلیشیاكانه‌وه ئه‌نجام دراون، بۆیه مه‌ترسیدارن بۆ ناوچه‌كانی مه‌سیحی. ئه‌مه دابه‌شبوونی دروست كردووه و به‌شێك له‌گه‌ڵ كوردستانن و به‌شێك له‌گه‌ڵ به‌غدا، ئه‌مه‌ش به‌شێكه له‌و پێوه‌ندییه ناته‌ندروسته‌ی له نێوان هه‌ولێر و به‌غدادا هه‌یه، ئه‌مانه كاریگه‌ریی خراپیان بۆ سه‌ر داهاتووی ئێمه ده‌بێ، نامانه‌وێ دابه‌ش بین به‌سه‌ر هه‌رێم و ناوه‌نددا.
* تا چه‌ند ڤاتیكان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانه و پشتیوانی ده‌كات؟
تا ئێسته هه‌ڵوێستی ڤاتیكان بۆ خه‌ڵكی كوردستان ئه‌رێنی بووه و هه‌رواش ده‌بێ، ئه‌مه‌ش پێوه‌سته به كه‌نیسه له كوردستان تا بتوانێ ڕۆڵێكی ئه‌رێنی بگێڕێ و پشتیوانی ڤاتیكان له‌هه‌ر ڕووداوێك ده‌سته‌به‌ر بكات، بڕوام وایه ڤاتیكان پشتیوانی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌كات، چونكه ڤاتیكان ئاشتی و مافی گه‌لان به‌لایه‌وه گرنگه و پشتگیری ده‌كات.
هه‌ولێر- باز ئه‌حمه‌د و به‌رهه‌م عه‌بدوڵا