چارەسەرێك بۆ ئەو گەشتیارانەی زمان نازانن

:: AM:11:16:24/10/2016 ‌

زۆرن ئەو كەسانەی ئارەزووی گەشتكردن و سەردانكردنی وڵاتانی جیاجیای دنیایان هەیە، بەڵام بە هۆی ئەوەی زمانی ئەو وڵاتانە نازانن ناتوانن سەردانیان بكەن و گەشتەكانیان ئەنجام بدەن، چونكە لەوە دەترسن لە كاتی گەشتكردندا، بە هۆی نەزانینی زمانەوە نەتوانن لەو وڵاتانە كارەكانیان رایی بكەن و پێداویستیی رۆژانەیان دابین بكەن.

بەڵام كۆمپانیایەكی سویسڕایی بە دروستكردنی كراسێكی تایبەت، چارەسەری كێشەی ئەو گەشتیارە زماننەزانانەی كردووە، بە جۆرێك كە كراسەكە 40 نیشانە و هێمای جیاجیای لەسەر نەخشێنراوە، كە بە هۆیەوە گەشتیاران پێویستیان بە زانینی زمانی ئەو وڵاتانە نابێت كە سەردانیان دەكەن، چونكە هێماكانی سەر كراسەكە كارەكانیان بۆ چارەسەر دەكات.

بیرۆكەی دروستكردنی ئەو كراسە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوكاتەی كە لە ساڵی 2013 سێ گەشتیاری سویسڕایی بە ناوەكانی فلۆریان ناست، جۆرج هۆرن و ستیڤن ستریت گەشتێكی هاوینەیان بۆ وڵاتی ڤێتنام ئەنجام دا، كەچی لە یەكێك لە گوندە دوورەدەستەكانی ڤێتنام لە میانەی گەشتەكەیاندا، یەكێك لەو پایسكیلانەی پێیان بوو، تێك چوو و پەكی كەوت، جا بە هۆی ئەوەی هیچ یەكێك لە دانیشتووانی گوندەكە زمانەكانی ئینگلیزی یان فڕەنسایییان نەدەزانی و ئەوانیش خۆیان زمانی ڤێتنامییان نەدەزانی، ناچار بوون بۆ تێگەیاندنی خەڵكی گوندەكە، لەسەر كاغەزێك بە وێنەكێشان هێمایان بۆ بكەن كە پێویستییان بە هاوكارییە بۆ ئەوەی شوێنیك بدۆزنەوە كە پایسكلكەیانی لێ چاك بكەنەوە.

ئەو سێ گەشتیارە دوای چاككردنەوەی پایسكلەكەیان، بە درێژایی گەشتەكەیان لە زۆر شوێنی تریش هەر بە رێگەی ئەو وێنەكێشانە، كارەكانی خۆیان لە ڤێتنام رایی كرد، ئیتر دوای گەڕانەوەیان بیرۆكەكەی ئەوان لەلایەن كۆمپانیای Iconspeakەوە جێبەجێ كرا بە دروستكردنی ئەو كراسە.

كراسە داهێنراوەكە، چەندان نیشانەی وەك هۆتێل، بانك، تێلیفۆن و ... هتدی لەسەر نەخشێنراوە، كە گەشتیاران دەتوانن بە دانانی دەستیان لەسەر نیشانەی سەر كراسەكە، دانیشتووانی خۆجێیی ئەو وڵاتەی گەشتیان بۆ كردووە تێبگەیەنن كە پێویستیان بە چی هەیە.

سەرچاوە: سپوتنیك


وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی