عەدادی زۆرێك لە بەنزینخانەكان فێڵیان تێدا كراوە و زۆر لەو بڕە كەمتر بەنزینت پێ دەدەن كە لە شاشەكانیان پیشانی دەدات. ئەوان كە كەس نییە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بكات، ویژدانیان حكوم دەكات. قایمقامی هەولێر بە وەكالەت ئەوە پشتڕاست دەكاتەوە و داوا لە خەڵك دەكات لە بوونی هەر حاڵەتێكی لەو شێوەیە، ئاگەداریان بكەنەوە.
سەلام محەمەد حەسەن، چوار ساڵە ئۆتۆمبێلێكی پێیە و بەهۆی خراپی جۆری بەنزینی كوردستان، هەر جارە و لە شوێنێك تانكی بەنزینی ئۆتۆمبێلەكەی پڕ كردووە. ئەو زۆربەی بەنزینخانەكانی هەولێری تاقی كردووەتەوە. ئۆتۆمبێلەكەی ئەو بەرزە و هەر جارێك كە گڵۆپی كەمبوونەوەی بەنزینی پێ بووە، پارەی زیاتر لە 110 لیتر بەنزینی بە خاوەن بەنزینخانە داوە. هەڵبەت لە بەنزینخانەیەكەوە بۆ یەكی تر، بڕی ئەو 110 لیتر گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، تەنانەت لە هەندێك شوێن دوای پێ بوونی گڵۆپی كەمی بەنزین، پارەی 125 لیتر بەنزینی داوە.
سەلام سەری لەو گۆڕانكارییانە دەرناچێت، كە بۆ هەر جارەی عەدادی بەنزینخانەكان بڕێك دەخوێننەوە. ئەو گریمانەی ئەوە دەكات تانكی بەنزینی ئۆتۆمبێلەكەی 140 لیتر بەنزین دەگرێت. تا ئەوكاتەی بەو ئۆتۆمبێلەی دەچێتە ئێران. لەوێ بۆی دەردەكەوێت تانكی ئۆتۆمبێلەكەی ئەو، تەنیا 90 لیترە.
ئەو بە"وشە"ی گوت كە لە ئێران تووشی سەرسوڕمان بووە كە گلۆپی بەنزین پێ دەبوو بە 70 لیتر پڕ دەبووەوە، "كەچی لێرە بە 120 لیتر. لە كاتێكدا تانكی ئۆتۆمبێلەكەم خۆی 90 لیترە". واتە لە بەنزینخانەكانی هەولێر لە هەندێك شوێن 20 لیتر و لە چەند شوێنێكی تر پارەی 50 لیتر بەنزینی زیاتر لێ وەرگیراوە. سەلام ئەو ڕاستییەی بۆ دەركەوتووە، بەڵام زۆرن ئەوانەی لە گومان دەژین.
جگەلە خوێندنەوەی زیاتری عەدادەكان، شاهۆ عەبدوڵا /شوفێر/، باس لە دیاردەیەكی تر دەكات. ئەو دەڵێ "زۆربەی جار كە بایی بڕێك پارە بەنزینم تێ كردووە، دوای ئەوەی چەند كیلۆمەترێكی پێ ڕۆیشتووم، گێچی بەنزینم دابەزیوە".
"وشە" بە مەبەستی پێوانەكردن و دڵنیایی لە دروستی عەدادەكان، سەردانی چەند بەنزینخانەیەكی هەولێر كرد، بەڵام ڕێگەی پێ نەدرا. كەچی لە وەڵامی پرسیاری ئایا فێڵكردن لە عەدادی بەنزینخانە ئاسانە، دەیانگوت "بە ئاسانی دەكرێت فێڵ لەو عەدادانە بكرێت و زیاد بخوێننەوە".
بەپێی ئاماری پارێزگای هەولێر، جگە لە چەند بەنزینخانەیەكی بچووك، نزیكەی 145 بەنزینخانەی هاوچەرخ لە سنووری ئەو پارێزگایە هەیە و مۆڵەتیان پێ دراوە و كار دەكەن. سەرپێییەكان زۆرن و ئەوە حكوومەتە دەبێت ڕێگری لەو فرت و فێڵە بكات، بەڵام ئەلەند كە كارمەندی بەنزینخانەیەكی هەولێرە، بە"وشە"ی گوت، "نزیكەی هەشت مانگە لیژنەكانی حكوومی سەردانی نەكردووین".
ئەوە لەكاتێكدایە، پارێزگای هەولێر لیژنەی بەدواداچوونی هەیە بەسەرپەرشتی قایمقامی ناوەندی، بەڵام بەهۆی تەنگژەی دارایییەوە لیژنەكان كارا نین. لەگەڵ ئەوەی نەبەز عەبدلحەمید قایمقایمی هەولێر بە وەكالەت نایشارێتەوە و ددان بەوەدا دەنێت ئەو دیاردەیە لە هەولێر هەیە، بەڵام دەڵێ "خەڵكی ئاگاداریان كردوونەتەوە و رێوشوێنمان لەگەڵ بەنزینخانەكاندا گیراوەتە بەر".
ئەگەرچی حاڵەتەكان زۆرن، بەڵام بەپێی ئاماری قایمقامیەتی هەولێر، لە شەش مانگی ڕابردوودا تەنیا پێنج بەنزیخانە سزا دراون. سزای سەرپێچیكاران پێبژاردنە لە ملیۆنێكەوە تا پێنج ملیۆن و داخستنیشی بەدوادا دێت. خۆ لە ئەگەری دووبارەكردنەوەیش بكاتەوە، دەدرێتە دادگە.
تا ئێستە ئەوان هیچ بەنزینخانەیەكیان نەداوەتە دادگە. لە بەرامبەر كەمیی ژمارەی سزادراوان، نەبەز عەبدلحەمید دەڵێ "لیژنەی بەنزینخانەكان بەپێی زانیاریی و ئاگاداركردنەوەمانە". ئەو داوا لە خەڵك دەكات لەهەر دیاردەیەكی لەو شێوەیە، ئاگاداریان بكەنەوە، تا رێوشوێن بگرنە بەر.
تەنگژەیی دارایی، جیا لە كەمبوونەوەی داهاتی خەڵك، لیژنەكانی چاودێری حكوومەتیشی وەك جاران نەهێشتووە و لە بەرامبەریشدا سەرەڕۆیییەكان گەیشتوونەتە ئەوپەڕی، بەهۆیەوە گیرفانی خەڵك بە فێڵ بەتاڵتر دەكرێت. ئێستە سەلام كە لەوە دڵنیا بووەتەوە عەدادی بەنزینخانەكان گیرفانی دەبڕن و كەسیش گوێ بۆ هاواری ناگرێت، دەستی شل كردووە و بەدوای بەنزینخانەیەكدایە قۆڵی كەمتر ببڕێت.
هەولێر. چواس خالید