به‌رپرسی میحوه‌ری باشیكی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ئاشكرای كرد، كه ئه‌مڕۆ دووشه‌م هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ده‌چنه ناو شاری باشیك و ڕزگار ده‌كرێ و ئێسته‌ش تیمه‌كانی پشكنین ئاماده‌كاری بۆ پێشڕه‌وی پێشمه‌رگه ده‌كه‌ن.
حه‌مید ئه‌فه‌ندی فه‌رمانده‌ی پێشمه‌رگه و به‌رپرسی میحوه‌ری باشیك، به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، ته‌واوی گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری ئه‌و شارۆكه‌یه ئازاد كراوه و له دوێنێوه گه‌مارۆ توندیان خراوه‌ته سه‌ر، هه‌ر دوێنێ ده‌مانتوانی بچینه ناو شاره‌دێی باشیك، به‌ڵام له‌به‌ر پاراستنی گیانی پێشمه‌رگه، به‌هۆی ئه‌گه‌ری بۆمبڕێژكردنی ناوچه‌كه، ئازادكردنه‌وه‌ی باشیك بۆ ئه‌مڕۆ دواكه‌وت.
هه‌روه‌ها گوتی، ئه‌مڕۆ دووشه‌م هێرش بۆ سه‌نته‌ری باشیك ده‌ست پێ ده‌كات و ئه‌گه‌ر ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ به ته‌واوی ڕزگار نه‌كرێ، ئه‌وا سبه‌ی تیرۆریستان له باشیك نامێنن و به‌پێی پلانه‌كان هه‌نگاو ده‌نێین و پێشڕه‌وییه‌كان به‌رده‌وامن.
ئاماژه‌ی دا، ئێسته تیمه‌كانی پشكنین كاری خۆیان ده‌كه‌ن تا هیچ زیانێك به پێشمه‌رگه نه‌گات، ئه‌مه‌ش بۆ خۆپاراستنه له بۆمبی چێنراو، ئه‌وه‌شی نه‌شارده‌وه كه له هه‌ڵمه‌تی ئازادكردنه‌وه‌ی باشیك، زیانێكی زۆریان به داعش گه‌یاندووه.
دوێنێ، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه بڵاویان كرده‌وه، كه به ته‌واوی چوارده‌وری باشیك كه ته‌نیا 12 كیلۆمه‌تر له مووسڵه‌وه دووره، گه‌مارۆ داوه و چه‌كدارانی داعش له‌و شاره‌دێیه، هیچ ڕێگه‌یه‌كی چوونه‌ده‌ره‌وه‌یان نه‌ماوه، پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ته‌نیا له چاوه‌ڕوانی فه‌رمان و سه‌عاتی سفره تا ئازادی بكاته‌وه.
بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە" 70 تا 90 تیرۆریست لەمیانەی هێرشی دوێنێی پێشمەرگەی كوردستان كوژراون و لە رووی سەربازییەوەش چەكداران بەتەواوی ورەیان رووخاوە و بەرەو مووسڵ ڕا دەكەن، تا ئێستەش پێشمەرگە توانیویەتی هه‌شت ئۆتۆمبێڵی بۆمبڕێژكراوی تیرۆریستان بتەقێنێتەوە.
شارەدێی باشیك دەكەوێتە 12 كیلۆمەتر باكوری رۆژهەڵاتی مووسڵ و ناوچەیەكی كشتوكاڵی بەپیتە و زیاتر بە چاندنی زەیتوون بەناوبانگە و زۆرینەی دانیشتووانی ئێزدی و مەسیحین و هەریەك لە عەرەب و توركمانیش تێیدا نیشتەجێن، 24 گوندی بەسەرەوەیە و ژمارەی دانیشتووانی 70 هەزار كەس دەبێ و سەر بە شارۆكەی حەمدانییە و یەكێكە لە ناوچە گرنگەكانی دەشتی نەینەوا.
رۆژی 10ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 دوای ڕاكردنی نزیكەی 60 هەزار چەكدار لە چوار فیرقەی سەربازی سوپای عێراق و پۆلیسی ناوخۆیی شارەكە، تەواوی شاری مووسڵ كەوتە دەستی تیرۆریستانی داعش و پاش ئەوەی شارەكە داگیر كرا، ئەبوبەكر بەغدادی سەرۆكی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە مزگەوتێكی مووسڵ پەیامی بڵاو كردەوە و پاشان تیرۆریستان بەرەو ناوەڕاست و باشووری عێراق پێشڕەوییان كرد.
رۆژی دووشەم 17 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر لە درەنگانی شەودا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستپێكی هەڵمەتی رزگاری شاری مووسڵی ڕاگەیاند و بۆ بەیانییەكەی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری خازر دەستیان بە پێشڕەوی كرد و توانیان تا نیوەڕۆ نۆ گوند لە تیرۆریستان پاك بكەنەوە ، هاوكات لە میحوەری گوێڕ-مەخموور و میحوەری گەیارەش هێزەكانی عێراق پێشڕەوییان كرد و هەڵمەتەكان لایەن هێزەكانەوە رۆژ دوای رۆژ بەردەوام دەبن و بازنەی گەمارۆدانی تیرۆریستان لە مووسڵ سات دوای سات بچووكتر دەبێتەوە.
مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراقە و یەكێكە لە شارە مێژوویییە بەناوبانگەكانی ناوچەكە و بەگوێرەی ئاماری 2013 ژمارەی دانیشتووانی، زیاتر لە دوو ملیۆن كەس دەبێت و هەریەك لە پێكهاتەكانی عەرەبی سونە و كورد و توركمان و مەسیحی و كوردانی ئێزیدی و شەبەك تێیدا نیشتەجێن، زێی دیجلە بەنێو شارەكە تێپەڕ دەبێت و كردوویەتی بە دوو بەشەوە و بە بەشی ڕاست و چەپی شارەكە ناوزەد كراوە.