هۆكاری نەخۆشییەكانی دەروونی چییە؟

:: PM:07:42:16/04/2017 ‌

مامۆستایەكی دەروونناسی میسری باس لە هۆكار و چارەسەری نەخۆشییەكانی دەروونی دەكات كە پێویستە زوو مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت، ئەو باسی نیشانەكانی جیاكردنەوەی كەسانی ئاسایی و نائاسایی دەكات.

دكتۆر عزەت بەكری لەو بارەوە دەڵێت، كاتێك كەسوكاری هەر كەسێك تێبینی نیشانەكانی نەخۆشی دەروونیان لەسەر كەسەكەیان كرد لەوانە شپڕزەیی لە نووستن و خواردن و رەفتار و ئاكاری رۆژانەی، واتە رەفتاری جیاواز لە ئاسایی و خۆدابڕین و تێكچوونی ستایلی كاركردن و خوێندن و قسەكردن و هیتریش وەك خەمباری و تێكچوونی میزاج و خواستەكان، پێویستە ئەو كات پەنا بۆ پزیشك ببرێت، كە بەداخەوە خەڵكی ئەو كارە دوا دەخەن تا پەرەسەندنی دۆخەكە. 

لەبارەی هۆكاری نەخۆشی دەروونی گوتی، 30%ی هۆكارەكەی بۆماوەییە و مەرجیش نییە بۆماوەییەكە لە دایك و باوكییەوە بێت واتە ئەوان یەكێكیان نەخۆشی دەروونیان هەبێت، بەڵكو لەوانەیە ئەوان ئامادەییان هەبێت و بەسەریاندا دەرنەكەوێت، هەروەها 70%ی هۆكارەكەی بۆ دەروبەر دەگەڕێتەوە كە بریتییە لە پاڵەپەستۆی ژیان و كێشەی دەروونی كە بەهۆی بوونی هۆكارەكان لە ژینگەی مرۆڤ، یان ئەوەتا هەردوو هۆكار بەیەكەوە كۆ دەبنەوە و مرۆڤەكە دەكەنە ئامانج.

لەبارەی چۆنیەتی جیاكردنەوەی كەسی ئاسایی و نائاسایی، كەسی نەخۆش ئەوەیە كە بەدەست نیشانەكانی نەخۆشی لە هەست و ئاكار و رەفتار و بیركردنەوەی دەناڵێنێت و ئەوەش كار دەكاتە سەر كار و پیشەكەی لە ژیانیدا و توانای خۆگونجاندنی لەگەڵ دەورووبەریدا بەپێی ئەو پێناسەی رێكخراوی تەندروستی جیهانی كردوویەتی، واتە ئەو نیشانانە كاتی نین كە رەنگە بەسەر مرۆڤی ئاسایی دەربكەون بۆ ماوەیەك بەهۆی شێوانی هۆڕمۆنییەوە، بەڵام ئەوانەن كە ماوەی دوو هەفتە یان زیاتر بەسەر یەكەوە دیار دەكەون.

سەرچاوە: 24 دۆت كۆم






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل