لە چەند رۆژی رابردوودا مندالێك لە نەخۆشخانەی گشتیی ئاكرێ بەناوی (سەنا حوسام رەجەب) كە تەمەنی دوو ساڵ و چوار مانگە، بەهۆی هەڵەی پزیشكییەوە توشی رەشهەڵگەڕانی دەستی بووە و ئێستەش مەترسی بڕینەوەی دەستی هەیە، پەرلەمانتارێكیش دەڵێت كە پێویستە هەرچی زووە وەزیری تەندروستی دەست لەكار بكشێتەوە.
دكتور شیرین حوسنی ئەندامی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی گوت، لە هەرێمی كوردستان هەڵەی پزیشكی لە حاڵەتەوە بووەتە دیاردە، من پێم وایە كە ئەوانە هەڵە نین، بەڵكو لە ئەنجامی ناشارەزایی و پسپۆڕیەتی پزیشكان روو دەدات.
زیاتر گوتی، لە هەموو دنیا ئەگەر هەڵەیەكی تەندروستی روو بدات، بەزووترین كات چارەسەر دەكرێت بۆ ئەوەی خەڵكانێكی بێ تاوان نەبنە قوربانی، بەڵام لێرە هەموو شتێك دەكرێت و هیچ هەڵویستێكیش نییە، ئەوەتا بەهۆی دانانی كانیولەیەك لە دەستی منداڵێكی ساوادا، دەستی منداڵەكە توشی وەرم بووە و مەترسی بڕینەوەی دەكرێت.
حوسنی روونی كردەوە، تاكە شوێن بۆ چارەسەركردنی برین و ئارامكردنی دەروونی نەخۆش نەخۆشخانەكانن، بەڵام هاووڵاتییان لە نەخۆشخانەكان دەترسن، هۆكاری سەرەكی ئەوەش بۆ هەڵەی پزیشكی دەگەرێتەوە كە هۆكارەكەشی ئەوەیە كە ئەو پزیشك و پەرستار و كارمەندانەی كەرتی تەندروستی كە لە نەخۆشخانەكانی حكوومی كار دەكەن، لە كەرتی تایبەتیش كار دەكەن و ئەوەش جێگەی داخە و دەبێت حكوومەت هەردوو كەرتەكان لێك جیا بكرێنەوە.
دكتور شیرین حوسنی فایلی ئەو كچە نەخۆشە دەداتە "وشە" و رای دەگەیەنێ كە تا ئێستە وەزیری تەندروستی بێ هەڵوێستە و پێویستە هەرچی زووە وەزیری تەندروستی دەست لەكاربكشێتەوە.
بەپێی زانیارییەكانی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دهۆك ئەگەر لە ماوەی چەند سەعاتی داهاتوودا دەستی منداڵەكە چارەسەر نەكرێت، ئەوا پێدەچێت دەستی منداڵەكە ببڕدرێتەوە، كە بێجگە لەو حاڵەتە لە سنووری پارێزگای دهۆك بەهۆی هەڵەی پزیشكییەوە چەند كەسانێكی تریش بوون بە قوربانی لەوانە رۆندك تەحسین و بزاڤ نەوزاد.
ئاكرێ/ نەوزاد هلوری