وەزارەتی داد له‌سه‌ر به‌رپرسه‌ گیراوه‌كانی به‌عس هاته‌ ده‌نگ

:: PM:11:20:16/04/2017 ‌

حکومەتی عێراق ڕەتیکردەوە هیچ بەرپرسێکی ڕژێمی پێشووی بەعس عێراق لەزیندانەکانیدا هەڵاتبێت یاخود بەقاچاخ دەرکرابن.

وەزارەتی دادی حکوومەتی عێراق ئەمڕۆ یەکشەم ۱٦ نیسان/ئەپرێڵ لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: بەهەموو شێوەیەک ئەو هەواڵانە ڕەت دەکاتەوە کە باس لە هەڵاتن یاخود بەقاچاخ دەرکردنی هەندێک بەرپرسی ڕژێمی پێشووی بەعس دەکەن، جەختیشی لەوەکردەوە کە تەواوی بەرپرسە گیراوەکانی بەعس لە زیندانی تۆکمە و لە ژێر چاودێری وردی هێزە ئەمنیەکاندان وهیچ هێزێک ناتوانێت دەستیان بۆ ببات وئەو کەسانە ماوەی حوکمی خۆیان بەسەر دەبەن کە یاسای عێراقی بەسەریدا سەپاندوون.

وەزارەتەکە ئەوەشی دووپاتکردووه‌تەوە کە مافی یاسایی بەرامبەر هەر دەزگایەکی ڕاگەیاندن یاخود لایەنێک دەگرێتە بەر کە هەواڵی لەو جۆرە بڵاودەکەنەوە.

دوای ڕوخانی ڕژێمی حزبی بەعس لە ساڵی ۲۰۰۳ ژمارەیەکی زۆر لەبەرپرسانی یەکەمی ئەو حزبە لەنێویشیاندا سەدام حسێنی سەرۆککۆمارو سەرۆکی ئەو حزبە دەستگیرکران و بەشێکیان لەسێدارە دران وبەشێکی زۆریشیان حوکمی جۆراوجۆریان بەسەردا سەپێنرا.




وشە - سیروان