خه‌ڵكى سلێمانى له‌ ڕۆژێكدا 160 تۆن گۆشت ده‌خۆن

ڕۆژانه‌ سه‌تان سه‌ر ئاژه‌ڵ بۆ پڕكردنه‌وه‌ى پێویستییه‌كانى شارى سلێمانى له‌ گۆشتى سوور، دێنه‌ سه‌ربڕین، لایه‌نه‌ پێوه‌ندیداره‌كانى شاره‌كه‌ روونى ده‌كه‌نه‌وه‌، خه‌ڵكى سلێمانى له‌ رۆژێكدا 160 تۆن گۆشت ده‌خۆن و له‌و رێژه‌یه‌ و له‌ خواردنى گۆشتى سووردا به‌ پێش شاره‌كانى ترى كوردستان كه‌وتوون.

 وه‌ستا ڕه‌نج، خاوه‌نى گۆشتفرۆشى شاره‌كه‌م له‌ سلێمانى، به‌"وشه‌"ى راگه‌یاند، "رۆژانه‌ سه‌رووى 100 كیلۆ گۆشت ده‌فرۆشین و له‌ رۆژانى پێنجشه‌م و هه‌ینیشدا بڕى فرۆشتن دوو هێنده‌ى رۆژه‌كانى تر ده‌بێت و فریاى كڕیاران ناكه‌وین".
سۆران غه‌فوور به‌ڕێوه‌به‌رى چاودێرى بازرگانیى سلێمانى، بۆ "وشه‌"ى روون كرده‌وه‌، مانگانه‌ به‌پێى پێویستییه‌كانى شارى سلێمانى، گۆشتى سوور و سپى هاورده‌ى شاره‌كه‌ ده‌كرێت تا له‌گه‌ڵ بڕى به‌رهه‌مى ناوخۆ پێویستییه‌كان پڕ بكرێنه‌وه‌.
بۆ مانگى نیسان بڕى هه‌زار تۆن گۆشتى مریشكى به‌ستوو هاورده‌ى شاره‌كه‌ كراوه‌ كه‌ به‌راورد به‌ مانگى پێشتر بڕه‌كه‌ كه‌م كراوه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆى هه‌ڵكشانى ئاستى به‌رهه‌مى ناوخۆ بۆ گۆشتى مریشك، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بڕى 550 تۆن گۆشتى ماسى و گۆشتى سوور هاورده‌ى سلێمانى كراون.

غه‌فوور ده‌ڵێ، "خه‌ڵكى شارى سلێمانى زیاتر له‌ خه‌ڵكى ناوچه‌كانى تر گۆشت ده‌خۆن، چونكه‌ ڕۆژانه‌ پێویستى شاره‌كه‌ ته‌نیا بۆ گۆشتى سوور 70 تۆن و پێویستییه‌كان بۆ گۆشتى مریشك و ماسییش 90 تۆنه‌، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ رۆژانه‌ 160 تۆن گۆشت له‌ سلێمانى ده‌خورێت".
به‌پێى داتاكانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى چاودێرى بازرگانیى سلێمانى، ساڵانه‌ له‌ گوشتارگه‌ى قه‌ره‌گوڵى نوێى شارى سلێمانى، زیاتر له‌ 400 هه‌زار ئاژه‌ڵ به‌مه‌به‌ستى خستنه‌ بازاڕى گۆشته‌كانیان سه‌رده‌بڕدێن كه‌ له‌ مه‌ڕ و بزن و ڕه‌شه‌وڵاخ پێك هاتوون و مه‌ڕ له‌ پێشه‌وه‌ى قوربانییه‌كانه‌وه‌یه‌.
به‌ڕێوه‌به‌رى چاودێرى بازرگانى ده‌ڵێ، "به‌كاربردنى ئه‌و ڕێژه‌ گۆشته‌ هاوشێوه‌ى به‌كاربردنى بڕى گۆشت بووه‌ له‌ پێش دروستبوونى ته‌نگژه‌ى داراییدا، به‌و مانایه‌ى ته‌نگژه‌ى دارایى كاریگه‌ریی له‌سه‌ر خواردنى گۆشت نه‌بووه‌ و هاورده‌كردنى  گۆشتى سپى و سووریش له‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ ناوه‌وه‌، هیچ گۆڕانكارییه‌كى به‌سه‌ر نه‌هاتووه‌".
 
ئاری سه‌ڵاحه‌دین به‌ڕێوه‌به‌ری ڤێته‌رنه‌ری سلێمانی، بۆ "وشه‌"ى روون كرده‌وه‌، "ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ی ڕۆژانه‌ له‌ سلێمانی سه‌رده‌بڕدرێن، ته‌نیا ئاژه‌ڵی ناوخۆ نین، به‌ڵكو هی ده‌ره‌وه‌شی تیایه‌ و تێكه‌ڵن".
پێنج رۆژ له‌ هه‌فته‌یه‌كدا ئاژه‌ڵ له‌ كوشتارگه‌ى قه‌ره‌گول له‌ شارى سلێمانى دێنه‌ سه‌ربڕین و ته‌نیا له‌ رۆژانى پێنجشه‌م و شه‌موودا، زیاتر له‌ هه‌زار ئاژه‌ڵ سه‌ر ده‌بڕێن.

سلێمانى- هۆشیار عه‌لى


وشە - تایبه‌ت


AM:09:25:17/04/2017




ئه‌م بابه‌ته 8660 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌