لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی چەند وێنەیەك بڵاوبوونەتەوە كە تێیدا ئافرەتێكی بە تەمەن لە نێو كۆمەڵێك پێشمەرگەی كوردستان دەردەكەوێت.
بەگوێرەی زانیارییەكان، ئەو ئافرەتە دایكی یەكێك لە پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستانە، بۆ بینینی شوێنی كوڕە پێشمەرگەكەی و بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی سەردانی سەنگرەكانی پێشمەرگەی كوردستانی كردووە و چووەتە لای كوڕەكەی.
هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەشدارێكی كارای هاوپەیمانی نێودەوڵەتین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و بەهێزترین هێزن كە توانیویانە تیرۆریستان لە ناوچە كوردستانییەكان بە تەواوی تێك بشكێنن و تا ئێستەش بەسەدان كیلۆمەتریان لە تیرۆریستان پاك كردووەتەوە و دەیان گورزی كەمەرشكێنیان لە تیرۆریستان داوە.
سەردانی كردنی ئەو ئافرەتە بۆ لای كوڕە پێشمەرگەكەی نیشانەی سۆز و وەفای دایكەكەیە بۆ كوڕەكەی و ویستوویەتی شوێنی ئەركی كوڕەكەی ببینێت و لە هەموو شتێك دڵنیا ببێتەوە.
وەك لە وێنەكان دەردەكەوێ، دایكەكە جگەلە كورەكەی لەگەڵ كۆمەڵێك پێشمەرگەی تری هاوڕێی كوڕەكەی وێنەی گرتووە و لەگەڵ خۆیشی كۆمەڵێك كەلوپەل و پێداویستی بۆ كوڕە پێشمەرگەكەی و هاوڕێكانی بردووە.
پێشمەرگە هێزی رەسمی هەرێمی كوردستانن و سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمن، لە ساڵی 1946 لە سەردەمی كۆماری كوردستان لە مەهاباد لەوكاتەی بیر لە دۆزینەوەی ناوێك دەكرایەوە بۆ لەشكری كوردستان، ناوی پێشمەرگە هەڵبژێردراو بە مانی "پێش مەرگ كەوتن" بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنانی نیشتمان.
ئەو وێنانەی دایك و كوڕە پێشمەرگە زۆرێك لە بەشدارانی تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بڵاویان كردووەتەوە و شانازی بە پێشمەرگەكان و خانەوادەكانیان دەكەن.