عێراق نرخی نەوتی لە بازاڕ دابەزاند

:: PM:02:01:24/10/2016 ‌

ئەمڕۆ دووشەم نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا دابەزی، ئەوەش دوای راگەیاندنی عێراق كە دەیەوێ هەناردن و بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە هەر رێككەوتنێك لەناو ئۆپیك یان لە دەرەوەی بۆ كەمكردنەوەی بەرهەم بەمەبەستی جێگیركردنی نرخی بەدەر بكرێت.

دوێنێ جەبار لعێبی وەزیری نەوتی عێراق بۆ رۆژنامەوانانی راگەیاند كە بەهۆی ئەو دۆخەی عێراق پێیدا دەڕوا لە تەنگژەی دارایی و زۆری خەرجییەكانی جەنگی داعش، پێویست دەكات كە عێراق بەدەر بكرێت لە هەر رێككەوتننێك لەناو ئۆپیك یان لە دەرەوەی بۆ سنوورداركردن و كەمكردنەوەی بەرهەمهێنان.

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا و لە گرێبەستەكانی داهاتوو دابەزی، خاوی برێنت 17 سنت دابەزی و نرخی بەرمیلێكی گەیشتە 51.61 دۆلار و خاوی رۆژئاوای تێكساس 20 سنت و گەیشتە 50.56 دۆلار.

لەبارەی دابەزینی نرخی نەوت بازرگانان رایان گەیاند كە هۆكارەكەی بۆ راگەیاندنەكەی عێراق و لێدوانی وەزیری نەوتی عێراق دەگەڕێتەوە بە بەدەركردنی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق كە رێكخراوی ئۆپیك بەنیازە لە كۆبوونەوەی 30ی نۆڤێمبەری داهاتوو بڕیار لەوبارەوە بدات.

رێكخراوی ئۆپیك بە نیازە بەرهەمهێنان رۆژانەی نەوتی خاو لە 33.39 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە لە سێپتێمبەر بۆ 32.50 تا 33 ملیۆن بەرمیل كەم بكاتەوە، ئەوەش ناكرێت ئەگەر عێراق كە دووەم گەورە بەرهەمهێنەری نەوتی ئۆپێكە لە دوای سعوودیە بەشداری تیادا نەكات. 

دوێنێ فەیاز نیعمە جێگری وەزیری نەوتی عێراق رای گەیاند كە بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە گەیشتووەتە 4.774 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە كە 3.78 ملیۆنی هەناردە كراوە، لەو كاتەی فەلاح عامری سەرۆكی كۆمپانیای سۆمۆ دووپاتی كردەوە كە عێراق بەهیچ شێوەیەك بەرهەمهێنان كەم ناكاتەوە.

سەرچاوە: سكای نیوز


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل