بڕیار بوو ئه‌مڕۆ كوشتارگه‌ى شاره‌دێى خه‌له‌كان بكرێته‌وه، به‌ڵام به‌هۆى نه‌بوونى مه‌رجى ته‌ندروستى ئه‌و كوشتارگه‌یه نه‌كرایه‌وه و بۆ كاتێكى تر دوا خرا. وه‌زیرى كشتوكاڵیش ئاشكراى ده‌كات دواى ته‌واوكردنى ڕێنوێنییه‌كان كوشتارگه‌كه ده‌كرێته‌وه.
ئه‌مڕۆ سێشه‌م عه‌بدولستار مه‌جید وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو كه ئاماده‌ى كردنه‌وه‌ى كوشتارگه‌ى خه‌له‌كان بوو، له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا له شاره‌دێى خه‌له‌كان ڕای گه‌یاند، هه‌رچه‌نده بڕیار بوو ئه‌مڕۆ كوشتارگه‌یه‌كی سه‌ربڕینی ئاژه‌ڵ بكرێته‌وه، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی چه‌ند مه‌رجێكی ته‌ندروستییه‌وه نه‌كرایه‌وه.
دواى ته‌واوبوونى كۆنگره‌كه وه‌زیرى كشتوكاڵ به "وشه"ى ڕاگه‌یاند، لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تمان بۆ پێك هێناوه، دوای جێبه‌جێكردنی مه‌رجه‌كان ئه‌وكات بڕیار ده‌ده‌ین كه ئاخۆ ڕێگه‌ی بدرێت ئاژه‌ڵ سه‌رببڕێت یان نا.
عه‌بدولستار گوتى، ژماره‌یه‌ك چێشخانه له‌سه‌ر ڕێگه‌كه هه‌یه، پێویستی به‌گۆشتێكی ته‌ندروست هه‌یه، وه‌ك ئه‌وه‌ی پێشتریش چه‌ندان جار هۆشداریمان به‌هاووڵاتییان داوه به‌وه‌ی گۆشتی سه‌ر شه‌قامه‌كان نه‌كڕن، كردنه‌وه‌ی كوشتارگه‌كه‌ش كارێكی باشه، به‌ڵام ده‌بێت مه‌رجه ته‌ندروستییه‌كانیش ڕه‌چاو بكات ئینجا بكرێته‌وه.
شاره‌دێى خه‌له‌كان ده‌كه‌وێته سه‌ر شه‌قامى سه‌ره‌كى هه‌ولێر – سلێمانى، ناوچه‌یه‌كى گه‌شتیارییه و چه‌ندان چێشتخانه له‌سه‌ر ئه‌و شه‌قامه و كراونه‌ته‌وه به‌شێك له دانیشتوانه‌كه‌ى ئه‌و شاره‌دێیه كارى سه‌ربڕینى ئاژه‌ڵ ده‌كه‌ن و ده‌یفرۆشن.